کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و بەرەیەکی نوێ کە خەریکە شکڵ دەگرێت

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی دیسامبر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٣ی مانگی به‌فرانبار، ترامپ فەرمانی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی سەربازەکانی لە سوورییە ده‌رکرد. هەرچەند کە بە تێپەڕبوونی یەک حه‌فته‌ هێشتا ئەوان خاکی سوورییه‌یان بەجێنەهێشتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێ گومانت هەبێ کە سوورییه‌ چۆتە نێو قۆناغێکی تازە لە کێشمە کێشەکانەوە، ئەو کێشمەکێشانەی کە لەگەڵ کشانەوەی خەڵکی ناڕازی لە سەر شەقامەکان و بە شوێنیدا بە دخاڵەتی هێزە ئیمپڕیالیستی و هێزە ناوچەییەکان بوو بە شەڕێکی بەتەواو مانا. لەم شەڕەدا لە لایەکەوە دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی ڕۆژئاوایی، دەوڵەتانی تورکییە، عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی بە پڕ چەک کردنی گروپ و دەستەو تاقەمە تیرۆریستیەکان وەک بە ناو ئۆپۆزسیۆن لە هەوڵی ڕووخاندنی ڕژیمی ئەسەد دا بوون و لە بەرانبەردا، رووسییە، ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان کە دیفاعیان لە مەوجودیەت و مانەوەی ئەسەد دەکرد. ئێستا دوای تێپەڕبوونی ٧ ساڵ لەمشەڕە نیابەتیە خوێناوییە، لانیکەم ده‌کرێ بڵێین کە ڕووخانی ئەسەد لە دیمەنگایەکی نزیکدا لە دەستوری کار دەرهاوێژراوە و وڵاتانی ناوچەکە یەک لەدوای یەک خەریکی کردنەوەی سفارەتخانەکانیانن. ئەمە هەڵبەت شکستێکە بۆ یەکێک لە لایەنەکانی شەڕە نیابەتیەکە و سەرکەوتنی لایەنەکەی تر. چ ئەو شکستە و چ ئەم سەرکەوتنە بەرهەمێکیان بۆ خەڵکی سوورییه‌، بێجگە لە ئاوارەیی زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس و قوربانی بوونی دەیان هەزار کەس لەم خەڵکە نەبووە.

لە هەموو ئەم ماوەیەدا هێچکام لەو کۆبوونەوانەی کە بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە نیابەتیە بەڕێوەچوون، لە ئیجلاسی وییه‌ن لە ساڵی ٢٠١٥ کە تێیدا ١٧ وڵات بەشدار بوون تا ئەم ئیجلاسەی دوایی کە لە پێکهاتەیەکی وەک ئێران، تورکییە و رووسییە و یان ڕووسییە، تورکییە، ئاڵمان و فەڕانسە بەهرەیەکی ئەوتۆیان نەبووە. ڕەوتی بارودۆخەکە نیشانی ئەدات کە تەکلیفی هەموو دەورەکان لەم نەبەردەدا دەبێ لە مەیدانی واقعی شەڕ واتە لە شارەکان و شه‌قامه‌کانی سوورییه‌دا بە قوربانی بوونی بە ملیۆن ئینسان و لێک هەڵوەشانی هەرچی زیاتری شیرازەی کۆمەڵگا دیاری بکرێت. لە هەموو ئەم ساڵانەدا خەڵکێک کە قوربانی ئەم کێشمەکێشانە بوون، ناباوەرانە بینیان هەر ئەوانەی کە گروپە تیرۆریستییەکانیان چەکدار کردووە و بەرەو پێشیان بردبوون وەک قارەمانانی خەبات لەدژی هێزە تیرۆریستیەکان دەرکەوتن. کاتێک کە ئەم هێزە ئیمپڕیالیستی و ناوچەییانە لەگەڵ هەوسار پچڕاوی داعش کە ببووە کۆسپێک لەبەردەم ستڕاتێژییە جیاوازەکانیاندا بەرەوڕوو بوونەوە، هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێیان پیکهێنا و هاوکات هەرکامەیان لەبیری بەرەو پێش بردنی ستڕاتێژی خۆیاندا بوون. ئەمەش ئێمە لە هەموو قۆناغەکانی ئاڵوگۆڕ لە هاوسەنگی هێزی لایەنەکاندا بینیمان. کاتێک کە داعش لە لایەکەوە لە ئاکامی هێرشەکانی هاوپه‌یمانێتی ڕووسییه‌، ئێران و ئەسەد دا و لە لایەکی دیکەوە هاوپه‌یمانێتی دژی داعش بە ڕێبەریی ئەمریکا شکستی خواردووە و ئاخرین سەنگەرەکانی لەدەست داوە و دەورانی دوای داعش دەستی پێکرد، دیار بوو کە بەرەیەکی تازە لە سوورییه‌دا دەکرێتەوە. دەورانی دوای داعش بە هێرشی وەحشیانەی ئەڕتەشی کۆنەپەرستی تورکییە دەستی پێکردوە و ژنان و پیاوانی قارەمانی ڕۆژئاوا کە سه‌ره‌كی ترین هێز لە شکست پێهێنانی داعشدا بوون لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوورییه‌، ئەمجار بە ڕەزایەتی خاتر و چرا سەوزی سەرجەم یاریکەرانی گۆڕەپانی سوورییه‌ کەوتونەتە بەر هێرش و کوشتاری بە کۆمەڵ.

ئێستا لە کاتێکدا کە” هێزەکانی دێمۆکراتیکی سوورییه‌” لەژێر ڕێبەریی” یەکینەکانی پاراستنی گەڵ” لە شەڕێکی توند دان لەگەڵ ئاخرین پێگەکانی داعش، ئەمریکا کشانەوەی سەربازەکانی لە سوورییه‌ ڕاگەیاند. بە خێرایی دوای ئەوەی ئەردوغان بە دەربڕینی ئەوەی کە لە رۆژانی داهاتوودا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا، بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە دەورەی دوای کشانەوەی ئەمریکا دەستی پێکردووە. توركییه‌ دەیەوێ کە دەورێکی ئەساسی لە شکڵدان بە سه‌رده‌می نوێی هەبێت. موافقەتی ئەمریکا لەگەڵ بڕیارەکەی ئەردوغان هیچ گومانێکی نەهێشتەوە کە لە داهاتووی سوورییه‌دا زیاتر لەهەموان ڕووسییه‌ و تورکییەن یاریکەرانی سەرەکین. دیداری وەزیرانی دەرەوەی تورکییە و ڕووسییه‌ ڕۆژی شەممە لە مۆسکۆ دەربڕی بە ئاشکرای ئەم بابەتەیە. تورکیە لەنێوان حەوتوی ڕابردوودا تانکەکانی بردۆتە نزیک شاری منبج. هەمان ئەو شارەی کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا دوای نەبەردێکی خوێناوی و قارەمانانە لەدژی داعش لە لایەن” هێزەکانی دێمۆکراتیكی سوورییه‌وە” ئازاد کرا، ئێستا جارێکی تر دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەڕتەشی سوورییه‌ و تورکیە. ئەردوغان قەت نەیشاردۆتەوە کە ئیزن نادات کە رۆژئاوا وەک ناوچەیەکی خۆ بەڕێوەبەر ببێتە ئۆلگویەکی پێشکەوتو بۆ کوردەکانی دانیشتوی تورکیە و هیچ لەوەش ناپرینگێتەوە کە بۆ بەرەو پێش بردنی ئەو سیاسەتە دژی ئینسانیەی دەست بداتە جەنایەتکارانەترین شێوازی کوشتاری بەکۆمەڵی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە. لەم بەستێنەدا رۆژئاوا بە هەموو قارەمانیەکانیەوە و دروست بوونی هاوپشتی جیهانی لەگەڵیدا، بوو بە قوربانی گومانێک کە لە نەبەرد لەدژی داعشدا چووە نێو ئیئتیلافێکەوە کە لە ئیستراتیژی بەشداران لەم ئیئتیلافەدا جێگایەک بۆ خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا بوونی نەبوو. بێ گومان داخوازی” هێزەکانی دیموکراتیکی سوورییه‌” لە دەوڵەتی سەرکوتگەری بەشار ئەسەد بۆ دیفاع لە سنورەکانی سوورییه‌ لەبەرانبەر هێرشی ئەڕتەشی تورکیەدا سەرەتای دەستپێکی دەورەیەکی نوێ لە مناسباتی نێوان کانتۆنە خۆبەڕێوەبەرەکانی رۆژئاوا لەگەڵ ڕژیمی ئەسەد دەبێت.

هەموو دیاردەکان نیشانی ئەدەن کە قۆناغی نوێ تەنیا لە چوارچێوەی سوورییه‌دا نامینێتەوە و بە شیوازێک سەرجەم ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەمریکا هاوکات لەگەڵ کشانەوەی سەربازەکانی لە سوورییه‌ ڕایگەیاند کە نیوەی هێزەکانی لە ئەفغانستانیش دەباتە دەرەوە. ئەمەش بەشوێن وتووێژەکانی” ئاشتی ئەفغانستان”دایە کە لە ١٣ تا ١٩ ی مانگی دیسامبر لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوو. لەم وتووێژانەدا ئەمریکا، پاکستان، ئیمارات، عەرەبستان و نوێنەرانی تالیبان ئامادە بوون. ئەم وتووێژانە لە مانگی ژانویەدا لە عەرەبستان بەردەوام دەبن. عەرەبستان کە یەکێک لە دۆڕاوەکانی شەڕی نیابه‌تی لە سوورییه‌یە، ئێستا هەوڵ ئەدات لە جەریانی وتووێژەکانی ئاشتی لە یەمەن و ئەفغانستان قورسایی خۆی لە کێشەکانی ناوچەکەدا زیاتر بکات. لەم نێوانەدا کۆماری ئیسلامی کە وێڕای ئەو هه‌موو هەزینە زۆرەی لە سوورییه‌دا کردی بۆتە مۆرەیەکی دەستی سێهەم و لە جەریانی وتووێژەکانی ئاشتیدا بەشداری پینەکراوە، هەوڵ ئەدات لە شكڵ گرتنی بارودۆخی نوێدا لە ئەفغانستان دوانەکەوێ. بەم هۆیەوە حەفتەیەک دوای وتووێژەکانی ئەمریکا لەگەڵ تالیبان لە ئەبوزەبی، شەمخانی دەبیری شورای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی و نوێنەری خامنەیی بە سەرپەرستی هەیئەتێک چوو بۆ ئەفغانستان و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای سیاسی، نیزامی و ئەمنیەتی دەوڵەتی ئەفغانستاندا دیداری کرد. خۆی پێکهاتەی ئەم هەیئەتە نیشانی ئەدات کە گەلێک بابەت لەم چاوپێكەوتنەدا قسەیان لەبارەوە کراوە. شەمخانی لەم دیدارەدا ڕایگەیاند کە پێشتر لەگەڵ نوێنەرانی تالیبان بە ڕەزامەندی دەوڵەتی ئەفغانستان وتووێژی کردوە و ئەم وتووێژانە درێژەیان دەبێت.

گشت ئەم فاکتۆڕانە نیشانی ئەدەن کە هەوسەنگی هێزی تازە لە ناوچەکەدا بەدی ده‌كرێن و به‌ره‌ی تازه‌ پێك دێن. به‌ره‌ گه‌لێكی به‌ غایت کۆنەپەرستانەی کە خەڵکی ناوچەکە لە پێکهاتنیاندا هیچ دەورێکیان نەبووە و تەنیا دەبنە قوربانی کێشمەکێشەکانی نێوان ئەو بەرانە. لەم نێوانەدا ئەگەر ئالوگۆڕێک کە دوای ئاخێزی مانگی بەفرانبار لە ئێران بەدی هاتوە بتوانێ لەگەڵ بەرەوپێش چوونیدا و لە ڕێگای شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیەوە خاڵی کۆتایی لەسەر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی دابنێت، ئەگەری هەیە بکرێت بە هاسانی پێتوابێ کە وەرزێکی نوێ لە چارەنووسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەست پێبکات. وە ئەوەش ڕەنگە گرنگ ترین یارمەتیەک بێت کە بە تێکۆشەرانی رۆژئاوا بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-