کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژێمی ئیسلامی ئێران و کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری

هەستیاری بارودۆخی سیاسی ئێران ڕژیمی لە بەڕێوەبردنی شانۆی دەورەی دەوازدەهەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا لەگەڵ کێشە و گرفت بەرەو روو کردۆتەوە. ڕژیمی ئیسلامی روو بە رووی کۆمەڵێک قەیرانی چەند لایەنە بۆتەوە کە هەمویان ئاستی کارەسات باریان بە خۆیانەوە گرتوە. دوای بەرجام، لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ١٦ هەزار بونگای بەرهەمهێنان و پیشەسازی داخراون، بەشێوەیەکی کە تەنانەت بەپێی ئاماری سەرچاوە دەوڵەتیەکان ڕێژەی بێکاران گەیشتۆتە ٧ ملیۆن کەس.
نرخی کالا و خزمەتگوزاریەکانی وەک مەسکەن، ئاو، بەرق و گاز و باقی سوتەمەنیەکان، بێهداشت و دەرمان و گواستنەوە و گەیاندن و مەوادی خۆراکی روویان لە بەرز بوونەوە بووە و بە لەبەرچاو گرتنی بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی ئەرزشی دراوی نێوخۆیی و گرانتر بوونی هاوردە کردن و هەزینەی بەرهەمهێنان، ئەم ڕەوتە دەرێژەی دەبێت و توانایی کڕینی زۆربەی خەڵکی ئێران دیسانیش زیاتر دادەبەزێ. حاشیە نشینی بە بەراورد بە سەرەتای دەیەی ٦٠ حەفدە بەرابەر زیادی کردوە و ئامارە حکومەتیەکان باس لە ١١ ملیۆن حاشیە نشین دەکەن لە ئێراندا. گەندەڵی ماڵی بۆتە کێشەیەکی ساختاری لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا. لە ئێستادا نزیکەی ١٠ ملیۆن ئێرانی دەرگیری گرفتی ئیعتیادن و ٤٥ لەسەدی زیندانیەکان بە هۆکاری جورم و تاوانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە کەوتونەتە زیندان. لە بواری ئاستی مەرگ و میردا بەهۆی رووداوی شوێنی کار و نا ئەمن بوونی جادەکان ئێران لە ئاستی جیهانیدا خاوەنی ڕێکۆردە. پیسی هەوا لە تاران و هێندێک لە شارەگەورەکانی ئێران گەیشتۆتە سنوری قەیران. لەم بارودۆخەدا ڕژیم نیگەرانە کە هەر چەشنە رووداوێکی پێش بینی نەکراو ئەگەری هەیە و کرانەوەی دەربیجەیەک بۆ خۆپیشاندانی خەڵک ڕەنگە ببێتە پڕیشکەیەک بۆ تەقینەی قین و توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک لەدژی ئەم بارودۆخە کارەسات بارە.31 3

ئەم ڕژیمە هەر ئەو جۆرەی کە لە گوشار خستنەسەر زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی و لە ئێعدام کردن و کوشتاری زیندانیانی ئاسایی و نمایشی ئەم ئێعدامانە بە بەرچاوی خەڵکەوە وەک شگردێک بۆ دروست کردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا کەڵک وەردەگرێت، هەر ئەو جۆرەی کە لە بەدوادا چوون و گرتن و زیندانی کردنی ڕێبەرانی بزوتنەوەی کرێکار و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بۆ چاوترسێن کردنی هەڵسوراوانی ئەم بزوتنەوانە کەڵک وەردەگرێت، و هەر ئەو جۆرەی کە بە مانۆڕە نیزامیەکانی و پێشادانی توانای تەسلیحانی و وەڕێ خستنی هەموو چەشنە ناوەندێکی ئەمنیەتی قودرەتی خۆی پیشانی کۆمەڵگا ئەدات، لە درێژەی ئەم سیاسەتانەدا لە ” هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریشدا” بۆ بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی سیاسی و شانۆیەکی فریوکارانەی ” قودرەت” لە بەرانبەر خەڵکدا کەڵک وەردەگرێت. بۆ ڕژیمێکی کە پەیڕەو کردنی توندوتیژی و سەرکوت بۆتە بژاردەی سەرەکی بۆ درێژەی حاکمیەت و کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵگا، گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی دەورەی ١٢ ی سەرۆک کۆماری ناتوانێ جێگایەکی بانتر لە ڕابردوی هەبێت. هەڵبەت کە سەرانی ڕژیم بە فریوکاری و بە بانگهێشتی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان دەیانەوێ ئەم شانۆ موهەندیسی کراوەی هەڵبژاردن، وەک بەشداری خەڵک لە کاروباری حاکمیەتی میللیدا لەقەڵەم بدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕژیمە لەم هەڵبژاردنە ئامانجی دیاریکراو تری هەیە. ڕاگەیاندنی تەعەهودی بەردەوامی عەلی خامنەیی بە ” شەفا سازی” لە ڕەوتی ئەم هەڵبژاردنەدا و باسەکانی سەبارەت بەو دەرخەری ئەویە کە موهەندیسی کردنی ئەم هەڵبژاردنە و ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان گرنگ ترین دڵەڕاوکەی باڵە جۆراو جۆرەکانی ڕژیمە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە بە ئیعتیڕافی کارگوزارانی خودی ڕژیم لە هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی مەجلیسدا لە تاران و هێندێک لە شارەکانی ئێران کەمتر لە ٥٠ لەسەدی واجدانی شەرایەت لە هەڵبژاردندا بەشدار بوون و هەروەها بە سەرنجدان بە بارودۆخی قەیراناوی وڵاتانی خاوەرمیانە بۆ سەرانی ڕژیم گەلێک گرنگە کە بەهەر فروفێڵیک بووە بتوانن مەشروعیەتی هەڵبژاردنی خۆیان پێشان بدەن. لەم روەوە سەرەڕای بوونی ناکۆکی ئیستراتیژیک سەبارەت بە چلۆنایەتی زەمانەت کردنی مانەوەی ڕژیم لە نێوان دوو باڵی سەرەکی حکومەتیدا هەردوو باڵەکە لەسەر ناوەرۆکی ئەم شەڕ و کێشانە لە هەوڵدان کە بە هەر جۆرێک بێت خەماوەرێکی زیاتر لە خەڵک بکێشنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. ئامانجی سەرەکی خامنەیی و سپای پاسدارانی ڕژیم لە موهەندیسی کردنی هەڵبژاردن ئەوەیە.

” هەڵبژاردن”ی دەورەی ده‌یه‌می مەجلیسی شوڕای ئیسلامی خاوەنی وەها ڕەونەقێک نەبوو کە ڕژیم بتوانێ بیکاتە دەستمایەی تەبلیغاتی بۆ شاردنەوەی قەیرانی مەشروعیەتی. لە ئێستادا ڕژیم لە هەمانحاڵدا لەگەڵ ئەمنەیتی کردنی فەزای کۆمەڵگا لە هەوڵدایە کە هەموو دەریچەکانی دەربڕینی قین و ناڕەزایەتی خەڵک بگرێت، بە پەنا بردنەبەر هەموو فێڵ و شگردێک هەوڵ ئەدات کە لە ئاستێکی قابلی قەبوڵدا خەڵک بکێشێتە بەردەم سندوقەکان و ” مەشروعیەتی خۆی پیشان بدات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی قەیراناوی خاوەرمیانە زیاتر لە ڕابردو پێویستی بە شانۆگەری مەشروعیەتی خۆی هەیە. ڕژیم بە بەڕێوەبردنی ئەم گاڵتە چاڕەی هەڵبژاردن دەیەوێ مۆری مەشروعیەتی هەڵبژاردن بدات لە درێژەی حاکمیەتەکەی و لەم شگردە بۆ دانی ئینسیجام و باوەڕ بەخۆیی بە هێزە سەرکوتگەرەکانی کەڵک وەربگرێت.

” هەڵبژاردن” لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا لە هەمانحاڵدا میکانیزم و ڕێگایەکی یاساییە بۆ گۆڕینی ئاڕایشی سیاسی جەناح بەندیەکانی نێو خۆی ڕژیم. لە ئێستادا بەهۆی بیتوانایی ڕژیم لە چارەسەر کردنی ئەو قەیرانانەی کە بەرەو روویان بۆتەوە، کێشمەکێشی باڵەکانی نێوخۆی حکومەتی و بەریەک کەوتن و ناکۆکی رۆژانەی نێوان دەوڵەت و قوەی قەزاییە گەیشتۆتە ئاستێک کە درێژەی بارودۆخی ئێستا، ڕژیمی بەرەو رووی کێشە و گرفت کردۆتەوە. هەڵبژاردن وەک ئازار شکێنێک کێشمەکێشەکان لە سەرەوەی حکومەتدا بە شێوەی کاتی و تا سەرهەڵدانی کەلێنێکی نوێ هێور دەکاتەوە.

بەڵام ڕژیم هەر ئامانجێکی کە لە بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری هەبێت و هەر سیناریۆیەکی کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئامادەی کردبێت، کرێکاران و خەڵکی ئازادی خوازی ئێران دەتوانن بە وشیاری و ئیرادەی یەکگرتوانەی خۆیان و بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان ئەم گاڵتەجاڕەی هەڵبژاردن بکەنە مەیدانی ڕیسوایی و شکستی ڕژیم. کرێکاران و خەڵکی ئێران دەبێ بزانن کە شەڕی باڵە حکومەتیەکان لەسەر چلۆنایەتی دابین کردنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران و زەمانەت کردنی مانەوەی ڕژیم، هیچ پێوەندیەکی بە قازانج و بەرژەوەندی ئەوانەوە نییە. هیچ یەک لە داخوازیە ئابووری و سیاسیەکانی چینی کرێکار و خەڵکی ستەم دیتوی ئێران لە ئاکامی شانۆگەریەکانی هەڵبژاردنی ڕژیم و کرداری باڵەکانی حکومەتدا دەستەبەر نابێت.

کرێکاران بۆ دەستەبەر کردنی داواکاریەکانیان و بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ بارودۆخێکی نەکبەت بار کە سەرمایەداران و حکومەتەکەیان بەسەریاندا سەپاندون ڕێگایەکیان بێجگە لە درێژەدان بە خەبات و ڕێکخراو بوون لە ئاستێکی جەماوەریدا لە بەردەمدا نییە.