کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیم پەرێشان و خەڵک ئومێدەوارن

سخن روز 14

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیناسراو بە بزووتنەوەی ژینا، دوو بەرەی دژ بەیەکی لە بەرامبەر یەکتردا ڕاگرتووە. بەرەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و شوێنکەوتووان و لایەنگرانی و هەروەها بەرەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، مافخواز، ناڕەزای، دژبە ستەم و چەوسانەوە و دژ بە سەرەڕۆیی. نەبەردی نێوان ئەم دوو بەرەیە لەم ڕۆژانەدا پێی ناوەتە قۆناغێکی گرینگ و هەستیارەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو هێزی سەرکوت و سەرچاوە داراییەکان و لایەنگرانی خۆی بەکار هێناوە بۆ ئەوەی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی هیچ حەرەکەت و بزووتنەوەیەکی خەباتکارانەی جەماوەری ڕوونەدات. دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە

ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووان، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەرکردن و هەڵپەساردنی خوێندکاران و مامۆستایان، توندکردنەوەی گوشارەکان بۆسەر زیندانیانی سیاسی، هەڕەشەکردن لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان، پەرەسەندنی ئێعدامەکان، خەرجکردنی هەزینەیەکی لەڕادەبەدەر بۆ ڕێوڕەسمەکانی موحەڕەم و بە تایبەتی ئەربەعین و ڕێوڕەسمی تازە درووستکراویڕزگاربووانی ئەربەعینو تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر و زەوەندە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخەرانی ئەو ڕێوڕەسمانە، بەرتیل پێدان و لە هەمان کاتدا هەڕەشەکردن لە بەدەنەی هێزە سەرکوتکەرەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری هەر چەشنە سەرپێچییەک لە داهاتوودا، پێدانی ڕانت و ئیمتیازاتی جۆراوجۆر بە لایەنگران و کەسانی سەر بە دەسەڵات، لەو ڕێوشوێنانەن کە ڕژێم لەپێناو مانەوەی خۆیدا دەیانگرێتەبەر.

لە بەرامبەر ئەم بەرەی ستەم و چەوساندنەوە و  دز و جەردە و کۆنەپەرستانەدا، بەریەک لە هاووڵاتیان بوونی هەیە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیئەنجامی دەیان ساڵ خەباتی پڕ لە شانازی و فیداکارییانە. ئەم بزووتنەوەیە هەتا ئێستا گەلێک دەستکەوتی بەنرخی هەبووە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بزووتنەوەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەرتاسەری و بە ناوەڕۆک چەپە و کۆمەڵێک ئامانجی ڕوون و ئاشکرای هەیە. بەدەستهێنانی مافی جەل و بەرگی ئیختیاریی، بەدەستهێنانی مافە دێموکراتیک و ئازادییە مەدەنییەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە، و  ئازاد و بەختەوەرانە بۆ هەموو هاووڵاتیان لە ڕێگەی ڕووخاندن و  لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامییەوە.  بێگومان ئەمانە تەنیا بەشێکن لە داواکارییەکانی خەڵک. ئەم بزووتنەوەیە بەمەبەستی ئامادەکردنی زەمینەی بەدەستهێنانی ئەو مافانە، بەشێک لە هێزی لاوی خۆی بۆ ماوەی چەند مانگێک ڕەوانەی مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکان کرد. ئەم لاوانە زۆر بوێرانە و بەشێوەیەکی کەم وێنە دوژمنیان هێنایە مەیدانی نەبەردێکی قارەمانانە و چارەنووسسازەوە، بەدەنەی هێزە سەرکوتگەرانیان تەنانەت لە ئاستی سەرەوەشدا تووشی دوودڵی و ڕاڕایی کرد، هاوسەنگی هێزیان بە قازانجی خەڵک گۆڕی، کۆمەڵگایان سیاسیی تر کرد و هاوپشتی و یەکگرتووییەکی نموونەیییان درووستکرد.

هەرچەند ئەم هێزە لاوە تێچوویەکی زۆری دا لەپێناو ئەو دەستکەوتانەدا، بەڵام دەستکەوتەکانیشی گەورە و پڕ بایەخ بوون.ئەو خەباتە پڕ لە فیداکاری و  گیانبازییە توانی بە نیشاندانی زیانەکانی پرشوبڵاوی لەناو ڕیزی هێزە خەباتکارەکان، زیانەکانی ئایین لە کۆمەڵگادا و هەروەها زیانی پیاوسالاریی و چەوساندنەوە و سەرەڕۆیی، ئەو شۆڕشەک بباتە ناو قووڵایی کۆمەڵگاوە و گەشە بکات. دەستکەوتەکانی هەتا ئێستای ئەم شۆڕشە، ئیرادەی بزووتنەوەکانی کرێکاران و خانەنشینان و مامۆستایان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، ژنان، دادخوازان و چالاکانی مافی مرۆڤی، بۆ بەردەوامبوون لەسەر درێژەی خەبات لە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، پتەوتر و سەبارەت بە دواڕۆژی ئەو خەباتە گەشبین تر  بکات.

بێ گومان ئەم دەستکەوتانە دەبنە هەوێنی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکوومەتێکی شۆڕایی پێشکەوتنخواز لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پاراستنی ژینگە. لەو ڕووەوە کە ئەم بزووتنەوەیە لە بنەڕەتدا لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزە سەرمایەدارییەکاندا ناتەبایە، ئیمپریالیزمی ئەمریکاش هاوشێوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەرئەنجامە پێشبینینەکراوەکانی ئەم بزووتنەوەیە نیگەران. هەر بۆیە دەوڵەتی ئەمریکا بە ئاشکرا و بە نهێنی هەوڵی پێشگرتن لە ڕووخانی ڕژیم دەدات. تەسلیمبوون بە بارمتە گرتنەکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی ئاڵوگۆڕی زیندانییان، ئازادکردنی پووڵە بلۆککراوەکانی کۆماری ئیسلامی، لە کاتێکدا بە ڕوونی دەزانێت کە ئەو پووڵانە بۆ هێزە سەرکوتکراوەکان خەرج دەکرێن، لە زومرەی ئەو هەوڵانەن کە ئەم ڕۆژانە لەم پێناوەدا بەڕێوەدەچن. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا سەرەڕای هەر چەشنە  ئاڵەنگاری و هەوراز و نشێوێک، بەردەوام بەرەوپێشەوە هەنگاو دەنێت و لە قووڵایی کۆمەڵگادا گەشە دەکات. وەڵامدانەوە بە بانگەوازی مانگرتنی گشتی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان و حزووری بەرچاوی جەماوەر لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووانی ئەم شۆڕشە، نیشانەی ئیرادەی پتەوی کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکار و ئازاریخوازە بۆ درێژەپێدان بەم شۆڕشە و پێویستە بە هەموو تواناتەوە هەوڵبدەیت بۆ بە سەمەرگەیاندنی.