غوڵامحسێن موحسنی ئیژەیی، سەرۆکی قوەی قەزاییەی گەندەڵی ئێران ڕۆژی ٥ پوشپەر( ٢٦ ی ژوئێن) لە کۆبوونەوەیەکی سەرتاسەری ئەم ناوەندەدا وتی کە قوەی قەزائییەی ژێر دەسەڵاتی لە رۆژی دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە، واتە لە ڕۆژی ٢٦ ی مانگی خرمانانی ١٤٠١ وە تا ئێستا ٢٠ هەزار دۆسیەی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتیەکانی یەکلایی کردۆتەوە. لە درێژەدا وتی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردودا لێخۆشبوون بۆ ٩٨ هەزار کەس دەرکراوە. ئەو وتی ئەو کەسانەی بەر لێخۆشبوون کەوتون” لە زینداندا مابوونەوە و دوژمن بە شوێن سوژەسازیەوە بوو بۆیان.” پێشتر لە رۆژەکانی کۆتایی مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١ دا وترابوو ٢٢ هەزار کەس لە نارازیان بەر لێخۆشبوون کەوتون. چالاکانی مافی مرۆڤ دەپرسن، ئەگەر ژمارەی ئەو زیندانیانەی تەنیا بەر لێخۆشبوون کەوتون ٩٨ هەزار بێت، کەوایە ژمارەی ڕاستەقینەی سەرجەم زیندانیەکان دەبێ چەند بێت؟
ئەم ئیتلاعات و زانیاری و ئامارانە دەرخەری بەرینایی و هێزی شۆڕشگێڕانی” ژن، ژیان، ئازادی” لە لایەکەوە و ئاستی سەرکوتگەری و قوڵایی دیکاتاتۆڕی حکومەتی ئیسلامی لە لایەکی دیکەوەیە. لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە تا ئێستا سەرانی ڕژیم هەموو توانایی خۆیان لە پەنجە خوێناویەکانیاندا کۆکردۆتەوە و هەوڵیانداوە و هەر وەها وایان نیشان داوە کە شۆڕشی خەڵکی ئێرانیان بەرەڕووی شکست کردۆتەوە. بەڵام ڕاستیەکان و ڕووداوە ئاشکراکان نیشانی ئەدەن کە ئەم داوەرییە بۆ فریودانی هێزەکانی خۆیانە و هیچی تر. شکستی سیاسەتە سەرکوتگەرانەکانی ڕژیم بە ڕادەیەک ئاشکرایە کە خۆیان لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەمنیەتی رۆژی ٢٥ ی مانگی جۆزەردان دا لە مەشهەد بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دانیان نا بە شکستی سەرجەم هەوڵە وەحشیانەکانی سەرکوتگەری و سەرفی دەیان میلیارد دۆلار لەم بوارەدا. شکستی سەرکوتگەریەکانی ڕژیم لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ شۆڕشی ژینا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەڕوونی دەرکەوتوە.
درێژەی مانگرتن و خەباتی کرێکاری بە دروشمی زیاد کرانی حەقدەست، ئەمنیەتی پیشەیی، لابردنی پەیمانکاران و بەستنی قەراردادی دائیمی لەگەڵ خاوەنکارانی سەرەکی بۆتە خەباتێکی ڕۆتین و هیچ چەشنە سەرکوتێک بەری بە بەرەوپێش چوونی بزوتنەوەی کرێکاری نەگرتوە. درێژەی هەینیەکانی ناڕەزایەتی لە بەلوچستان یەکێک لە بەرچاو ترینی ئەو نمونانەیە کە نیشانی ئەدات ئەم حکومەتە سەرەڕای بەکا هێنانی سەرجەم هێزە سەکوتگەرەکانی، گرتنی بەرین، ئێعدام بە بیانوی جۆراوجۆر، ئەشکەنجەی وەحشیانە، فریو و تەبلیغ نەیتوانیوە خەڵکی تێکۆشەر لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە شەقامەکان دوور بخاتەوە. سەرجەم ڕاپۆرتەکان باسی ئەوە دەکەن کە ئەولەویەتی هەموو کاربەدەستانی ئەمنیەتی، نیزامی و سیاسی لە هەینیە خوێنایەکانی زاهیدان بەم لاوە ئەوە بووە کە نەهێڵن خەڵک زار بۆ دەربڕین و تێکرار کردنەوەی دروشمی” مردن بۆ خامنەیی” بکەنەوە. بەڵام نەک هەر نەیانتوانیوە بەڵکو تێکۆشەران بە دانی دروشمی” مردن بۆ کوللیەتی ڕژیم” لە دروشمی پێشویان تێپەڕبوون. بە هێنانەگۆڕی دروشمەکانی” کاتی یەکێتی، کاتی شۆڕش“،” ئێرانی! یەکێتی، شۆڕش ئازادی“، ڕێگا چارەی جەماوەری و سەربەخۆ و گەیەشتن بەو ئامانجەشیان ڕۆشن کردۆتەوە. ئەوان بە دروشمی” مردن بۆ ستمەگەر– چ شابێت و چ ڕێبەر” تا ڕادەیەک حکومەتی جێی سەرنجی خۆیان بە کۆمەڵگا ناساندوە. تێکۆشەرانی بەلوچ بە دانی دروشمی” کورد و بەلوچ و ئازەری– ئازادی و بەرابەری” کە لە هەینیەکانی ناڕەزایەتی ٣٨ حەفتەییاندا تێکراریان کردەوە تێگەیشتوویی بەرزی سیاسی خۆشیان نیشانداوە.
شکستی سیاسەتەکانی ڕژیم لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی خوێندکاری و بە تایبەت خەباتی یەکگرتوانەی لاوانی ژن و پیاو لەدژی حیجابی ئیجباری ئاشکرایە. مانگرتن و خەباتی خوێندکاران لە زانکۆکان و لە سەرویانەوە خەبات و مانگرتنی زانکۆی هونەر دژبە حیجابی زۆرەملێ قوڵایی ناکامی سەرکوتگەریەکانی ڕژیمی لەقاودا. بەرینایی پشتیوانی یەکێتیە کرێکاریەکان، ژنان، خانەنشینان و فەرهەنگیان لە خەباتی خوێندکارانی زانکۆی هونەر یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی شکستی سیاسەتی ترساندن و گۆڕانی هاوسەنگی بە قازانجی بەرەی خەڵکە.
جۆڵە و حەرەکەتی بزوتنەوەی دادخوازان، بە تایبەت لە کوردستان، هۆکارێکی دیکەیە لە بێ ئاکام مانەوەی سیاسەتی سەرکوت. یەکێک لە ئاخرین هەنگاوەکانی سەرکوتگەرانەی ڕژیم گرتنی ٤٠ کەس لە ئەندامانی بزوتنەوەی داخوازانی سنە، دیواندەرە، و دێگولان لە ڕۆژی ١٩ ی مانگی جۆزەردانە. ئاکامی ئەم دەستبەسەر کردنانە ڕیسوایی زیاتر بۆ ڕژیم، و ناسرانی زیاتری بزوتنەوەی دادخوازان لە کوردستان بوو. گرتنی ئەندامانی بزوتنەوەی داخوازانی سنە نەیتوانی بەر بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی زیاتر لەسەر گڵکۆی گیانبەخت کردوانی شۆڕش و بە تایبەت هێمای ئەو شۆڕشە” ژینا ئەمنی” بگرێت.
بەڵام گورزەکانی شۆڕشی ژینا بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیشەوە دیارە. بە چۆکدا هاتن لەبەرانبەر ئیمپڕیالیزمی ئامریکا و چۆڵ کردنی پشتی حوسیەکان لە یەمەن و دامەزراندنی مناسباتی سیاسی داماوانە لەگەڵ عەرەبستان و چەند شێخ نشینی کەنداو لە زومڕەی نیشانە و بەڵگەکانی ئەم ئیدیعایەن. ڕژیم دەیەوێ لەم بەناو تەسلیم تەڵەبییانە بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت. یەکێک لەوانە گێڕانەوەی بەشێک لە پارە بلوک کراوەکانی خەڵکی ئێرانە کە ڕژیم دەیەوێ ئەو بابەتە وەک هۆکاری گەشە پێدان جێبخات.