کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە مەترسی پەرەسەندنی بزوتنەوەی نان و ئازادیدا

رۆژی سێ شەممە ١١ ی مانگی بەفرانبار لەسەر بانگەوازی شوڕای خانەنشین کراوانی ئێران و تەئمینی کۆمەڵایەتی جەمعیەتێکی زۆر لە خانەنشین کراوانی تاران و چەند شاری دیکە بۆ بەدوادا چوونی داخوازیەکانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. خانەنشین کراوانی تاران کە لە بەردەم بینای مەجلیسی ئیسلامی کۆببوونەوە لەدژی بێ تەوەجوهی دەوڵەت سەبارەت بە دابین کردنی بەڕێچوون و ژیان و سڵامەتی خانەنشینان لە گەڵاڵەی بوجەی ساڵی ١٣٩٨ دا ناڕەزایەتیان ده‌ربڕی. خانەنشینان و وتەبێژەکانیان لە جەریانی کۆبوونەوەیاندا لە تاران و مەشهەد و شارەکانی تر لەسەر داخوازی زیاد کردنی حقوقەکان بە ڕێژەی بانتر لە هێڵی هەژاری کارناسی کراو، هاو تا کرانی حقوقی خانەنشینان لەگەڵ شاغڵین، وەستاندنی هێرش بۆسەر بەرژەوەندی و ئیمکاناتی سندوقەکانی خانەنشینی، ڕاگرتنی سیاسەت و بەرنامەی خوسوسی سازی لە بوارەکانی بەرهەمهێنان، ئاموزش، بێهداشت و دەرمان و خزموتگوزاری، ڕاگرتنی ڕەوتی پەروەندە سازی و پەیگیرییە قەزایی و ئەمنیەتیەکان بۆ هەڵسوڕوانی سینفی و کۆمەڵایەتی و ئازادی هەرچی زوتر و بێ شەرت و مەرجی سەرجەم هەڵسوڕاوانی سینفی و کۆمەڵایەتی، بەڕەسمی ناسینی مافی دروست کردنی تەشەکولە سەربەخۆکانی خانەنشینان جەختیان کردەوە. بەشداران لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەدا بە دانی دروشمەکانی” زوڵم و ستەم بەسە، سفرەمان به‌تاڵه‌”، ” خانەنشین ڕاپەڕە لەدژی زوڵم و تەبعیز”، ” بۆ لابردنی هەڵاواردن ئێمە هەموو پێکەوەین”، ” تەوەڕوم، گرانی، وڵامدەرەوە روحانی”، ” حقوقی نجومی فەلاکەتی عومومی”، ” حکومەتی هەژاری و دزی و تاڵانمان ناوێ نا ناوێ”، قین و توڕەیی خۆیان لە حکومەتی گەندەڵی و هەژاری و فەلاکەت دەربڕی. خانەنشینان هەروەها بە دانی دروشمی ” خوێندکار، موعەلیم، کرێکار، یەکگرتن یەکگرتن” لەسەر پێوەندی و هاوپشتی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان جەختیان کردوە و بە درووشمی” تا مافی خۆمان وەرنەگرین، دەست هەڵناگرین”، عەزم و ئیرادەی خۆیان بۆ بەدوادا چوونی داخوازیەکانیان ڕاگەیاند.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان بۆ بەداواد چوونی داخوازیەکانیان لە حاڵێکدا بەڕێوەدەچێت کە تەنانەت بەپێی ئیعتیڕافی سەرۆکی شوڕای باڵای خانەنشین کراوانی تەئمینی کۆمەڵایەتی” حقوقێک کە زیاتر لە دوو ملیۆن لە خانەنشینانی تەئمینی کۆمەڵایەتی وەک مانگانە وەریدەگرن، تەنیا بەشی ٣٠ لەسەدی هەزینەکانی ژیانیان دەکات و لانی زۆر هەزینەکانی ١٠ رۆژی مانگێک دابین دەکات”. بەڵام سەرەڕای ئەم ئیعتیڕافاتە و لە بارودۆخێکدا کە لە هەمان لایەحەی بوجەی خانشین کراوانی ٣ تا ٤ جار لەژێر هێڵی هەژاریدا بە پێی وتەی سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بوجەی ڕژیمی ئیسلامی لە لایەحەی بوجەی ساڵی ٩٨ دا تەنیا نزیکەی ٢٠ لە سەد زیاد بوونی حقوق بۆ خانەنشینان لەبەرچاو گیراوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە هەمان لایەحەی ساڵی ٩٨ دا زیاتر لە ٥ ترلیۆن تەمەن بۆ دامەزراوە و ناوەندە مەزهەبیەکان و تەبلیغاتی حکومەتی و سازمانی سەدا و سیمای ئێران بۆ تەبلیغ و پەرەپێدانی ئەفکاری کۆنەپەرستانەی مەزهەبی تەرخان کراوە. ئەم مەبلەغە ١٣ بەرابەری بودجەی تەرخان کراوە بۆ کاروباری ژینگەیی ئێران. بەپێی هەڵسەنگاندنێکی کارناسانە تەرخان کرانی ئەم بڕە پارەیە لە بوجەی وڵات بۆ ناوەندە مەزهەبیەکان بە واتای ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەر هەر کەسێکدا ٦٦ هەزار تمەنی بۆ درێژەدان بە فەعالیەتی ناوەندە مەزهەبیەکان هەزینە دەکات. بەشێک لەم بوجەیە سەرفی دابین کردنی حەقی بمەی بێکاری و دەورانی خانە نشینی تەڵەبە و روحانیەکان دەکرێت. لە هەمان حاڵدا بوجەی ئەو بەشە لە ناوەندەکانی سەرکوت وەک ستادی هاوبەشی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات کە لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و ئاخێزە شاریەکاندان بە تەرتیب ٢٦ تا ٣١ لەسەد زیاد کراون. لە ڕاستیدا بوجەی ساڵی داهاتوش وەک بوجەی ساڵەکانی ڕابردو لەسەر سێ کۆڵەکەی ڕیازەت، ئەمنیەت و پەرەدان بە تەبلیغی جەهل و خورافە بنیاد نراوە. بە سەرنجدان لە ناوەرۆکی بوجەی ساڵی نەوەد و هەشتە کە بەنگەوازکەرانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشین کراوان لە ڕاگەیاندنە کەیاندا وتویانە:” ئەم بوجەیە بۆ سەروساماندان بە کاروباری حکومەتەکەیان و سەهم بەری دەزگا و ناوەندەکانی نێو بازنەی دەسەڵات ئامادە کراوە نەک بۆ ڕیفاهی گشتی خەڵک.”

خانەنشینانی ئێران ئێستا لە بارودۆخێکدا عەزمی لێبڕاوانەی خۆیان بۆ بەدوادا چوونی داخوازەکانیان ڕاگەیاندوە کە سەران و کاربەدەستانی ڕژیم تا ئێستا گەلێک جار نیگەرانی خۆیان لە پەرەسەندن و سەرتاسەری بوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان دەربڕیوە. عەلی ڕەبیعی، سیمای ئەمنیەتی و وەزیری پێشوی کاری حکومەتی ئیسلامی، نزیکەی دوو مانگ لەوەپێش لە جەلەسەی ناساندنی وەزیری کاری نوێدا، سندوقەکانی خانەنشینی ئێرانی بە وەرشکستە و مەترسیەک بۆسەر حکومەتی ئیسلامی ناو برد. ئەم ئیعتیڕافە لە زمان عەلی ڕەبیعیەوە نە تەنیا دەرخەری توند بوونەوەی قەیران و مەترسی لێک هەڵوەشانی ئابوورییە، بەڵکو پیلانێکیشە بۆ تاڵان کردنی بەناو زەخیرەی سندوقەکانی خانەنشینی کە لەو ساڵە دورودرێژەانەدا پاشەکەوت کراوە و دزینی بە میلیارد تەمەن سەهم و قەرزی دەوڵەت بە سندوقەکانی خانەنشینی.

محەممەد شەریعەتمەداری وەزیری نوێی کاریش دوای ئیعتیڕافی عەلی ڕەبیعی، دانی پێدا نا کە:” سندوقەکانی خانەنشینی سازمانی تەئمینی کۆمەڵایەتی وڵاتیش بەرەو رووی کەسری زۆری سەرچاوە بۆتەوە و بەشێکی گرنگ لەم کەسریە لە قەرزەکانی دەوڵەت بە سازمانی تەئمینی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی گرتوە” کە ڕێژەکەشی بە زیاتر لە ١٥٠ هەزار میلیارد تەمەن ڕاگەیاند. ئەو لە درێژەدا وتی:” دەوڵەت ئیمکانی دانەوەی بە شێوەی نەغدی قەرزەکانی بە سازمانی تەئمینی کۆمەڵایەتی نییە”. محەممەد شەریعەتمەداری بۆ پاساوی ئەم دزییە وتی:” ئێمە ناتوانین سەرچاوەی بیمە کراوان لە چوارچێوەی ئەو بونگایانەدا کە لەژێر پێنج لەسەد لە ئابوریدا بازدەهیان هەیە سەرمایە گوزاری بکەین. ئەم کارە خیانەت لە ئامانەتە.”

وەزیری کاری تازە لە نەخشی دەڵاڵ و نوێنەری ئیمپڕاتۆڕی بەیتی ڕێبەریدا، وەزیفەیەتی کە” خیانەت لە ئامانەت”دا بە ئاکام بگەیەنێت، شیرکەت و بونگا زەرەر دەرەکان بە خۆڕایی لەژێر ناوی” کەرتی تایبەت”دا بدات بە باندەکانی حکومەتی، دەوڵەت لە دانەوەی قەرزی لانیکەم ١٥٠ هەزار میلیارد تەمەنی بە سازمانی تەئمینی کۆمەڵایەتی معاف بکات و سەرجەم ئەوەی کە تا ئێستا لە حەقدەستی کرێکاران وکارمەندان لەو سندوقانەدا پاشەکەوت کراوە و هەروەها سەهمی پەرداخت کراوی خاوەنکاران بە سندوقەکان بە تاڵان بەرن. بەڵام ئەم دزیە و ڕاگەیاندنی وەرشکست بوونی سندوقەکان، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و ئاخێزی قین و توڕەیی بە ملیۆن کرێکار و کارمەندی خانەنشین و لەسەرکاری بەشوێنەوە دەبێت و هەر ئەو جۆرەی کە کاربەدەستی ئەمنیەتی ڕژیم، عەلی ڕەبیعی پێش بینی کردوە دەبێتە مەترسی لەدژی نیزام. ئەوەندە بەسە کە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە ناوەندە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا ئاوێتەی یەکتر ببنەوە، تا لەگەڵ خەباتی مۆعه‌لیمان و خانەنشینان و خوێندکاران و هەژارانی شار و ئاواییەکان بە دروشمی نان، کار، ئازادی ببنە لافاوێکی بناغە هەڵتەکێن بۆ روخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-