کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی توندوتیژیی خستووەتە ناو تانوپۆی ئەم کۆمەڵگایەوە

17485688 303

بەهادۆر ئەسەدی لە کارگێڕانی دەزگای قەزایی ڕژیم لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی “تەسنیم” لە شاری سنە دانی بەوە دانا کە لە ئێستادا ١٩ ملیۆن پەروەندەی توندوتیژی و شەڕ و کێشە لەناو دەزگای قەزاییدا بوونی هەیە و دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت. هەر لەم پێوەندەدا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران، لە ماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا، ٥٠١ هەزار و ٢٤٦ برینداربووی شەڕ و کێشەکان، سەردانی ناوەندەکانی پزیشکی قانوونیان کردووە. لەم ژمارەیە ٣٤٣ هەزار و ٣٧٢ پیاو و ١٥٧ هەزار و ٨٩٢ کەس ژن بوون. ئەمە تەنیا ئاماری ئەو شەڕە جنێو و دەم بە دەمانەیە کە برینداری لێکەوتووەتەوە و کار کێشراوەتە پێکهێنانی پەروەندە لە پزیشکی قانوونی. چوونەسەرەوەی شەڕ و کێشە تا ئەم ئاستە هۆکارەکەی نەبوونی تەحەمۆل، دڵ فراوانی، لێبوردن و فەرهەنگی گفتوگۆیە. ئەم شەڕ و کێشانە هێندێک جار تا خوێن ڕشتن و قەتڵ درێژەیان دەبێت. زۆرێک لە شەڕەکان لەڕاستیدا دەم بە دەمەیەیک  سادەن و لەسەر هیچ ڕوو دەدەن. بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان کە لە ناو چاپەمەنییەکانی تاراندا بڵاوکراونەوە، ئەمساڵ لەچاو ساڵی ڕابردوو لێدان و بریندار کردنی بەئانقەست ١١ لەسەد، تێکدانی کەسایەتیی ١٣ لەسەد، ڕووبەڕوو بوونەوە ٢٠ لەسەد، تۆمەت و بوختان و جوێن ١٨ لەسەد و هەڕەشەی کوشتن ٢٢ لەسەد زیادی کردووە. ئەم باروودۆخە نیشانی دەدات کە ئاستی تەحەمولی خەڵک لە بەرامبەر ناخوشییەکان و فەرهەنگی لێبوردنخوازی لە کۆمەڵگادا یەکجار لاواز بووە. سەرکوتی دەوڵەت، هەژاریی ئابووری و کێشەی بژێو و بەربەستەکانی کۆرۆنا هەر هەموویان بەستێنی پەرەسەندنی فەرهەنگی چینی دەسەڵاتداریان لەناو جەماوەردا زیاتر پەرەپێداوە.

دەسەڵاتی ئیسلامی بە توندوتیژییەکی کەم وێنە لە مێژووی ئێراندا دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا سەپاند و لە ماوەی ئەم چل و چەند ساڵەدا توندوتیژیی خستە ناو هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، بنەماڵەیی، ئیداری، فێرکاری، کلتووری، میدیایی و تەنانەت دەرەوەی سنوورەکانیشەوە.

توندوتیژی لە زیندانەکان و قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسی و ئەشکەنجەی بەندکراوان، توندوتیژی لەسەر شەقامەکان و یاسای قەساس، شەللاق لێدان، ئێعدام لەبەرچاوی خەڵک، توندوتیژیی نیزامی لە کوردستان، توندوتیژیی میدیایی و کەلامی و تەنانەت پەرەپێدانی توندوتژی لە ناو کتێبە دەرسییەکانی منداڵان، توندوتیژیی کەلامیی سەران و ئاخوندە دەم شڕەکان لە نوێژی جومعە و میدیاکان  و هەڵیت و پڵیت وتنیان دژبە نەیارانی ناوخۆیی و دەرەکی، دیاردەی توندوتیژیی لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا پەرەپێداوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران ئەرازێل و ئەوباش و لات و لۆمپەنەکانیان لەژێرناوی بەسیج و بە حوکمی “ئاتەش بە ئیختیار” لە گیانی خەڵک بەرداوە. ئەوان لە ڕێگەی ئەسید پژاندن بە ڕوخساری ژنانی بێ حیجاب، لێدان و کوتەک کاریی لاوان بە بیانووی پەیڕەو نەکردنی پێوەرە شەرعییەکان، تەقەکردن بەرەوڕووی ناڕازیانی سەرشەقام، تیرۆری نەیاران لە ئێران و جیهان، هێرش بۆسەر کوردستان و گەلێک کردەوەی هاوشێوە، توندوتیژییان لە ناو کۆمەڵگادا تا ئاستێکی کارەساتبار پەرەپێداوە.

ئەم ڕژیمە بە پەرەپێدانی هەژاری، بێکاری، هەڵاواردن، گرانی، ئێعتیاد، بێ لیاقەتی لە کۆنتڕۆڵ کردنی نەخۆشیی کۆرۆنا، گەندەڵیی سیستماتیک، یاسای بەتەواو مانا کۆنەپەرستانە لە هەڵسووکەوت لەگەڵ ژنان و کاروباری پێوەندیدار بە بنەماڵە، بەستێنێکی گونجاوی بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی خوڵقاندووە، تا ئەو جێگایەی کە تەنانەت لەگەڵ چوونەسەرەوەی شەڕ و کێشەی سەر شەقام لە نێوان ژنان، کە دیاردەیەکی دەگمەن بووە، بەرەوڕووین.

دەسەڵاتی ئیسلامی توندوتیژیی دینی و توندوتیژیی نهێنیی ناو فێقهی شیعە و ئیسلامیی بەردەوام پیرۆز کردووە و دەشیکات. ئەشکەنجە، حەدی شەرعیی پێ دەوترێت و لەگەڵ ئێعدام، بە ئامانجی تێکدانی دەروونی خەڵک و بەتایبەت منداڵانیان، لەبەرچاوی خەڵک بەکردەوە دەردێنێت. ئەم ڕژیمە کە توندوتیژی بە تەنیا ڕێگای مانەوەی دەسەڵاتەکەی دەزانێت، زەربەی قورس و قەرەبوونەکراوەی لە بواری دەروونییەوە لە خەڵک و کۆمەڵگای ئێران داوە. هەربۆیە هەر ڕۆژێک زیاتر مانەوەی ئەم ڕژیمە بە مانای زیاتر لەناوچوونی جەستە و دەروونی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەیە.