کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی ئیسلامی و کێشەی تەنوری ساردی هەڵبژاردن

لە حاڵێکدا کە زیاتر لە دوو حەفتەی نەماوە بۆ بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و شوڕا ئیسلامیەکانی شار و دێ لە ئێران، رۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەتی بەگشتی، خەریکی بازار گەرمین بۆ ئەم گاڵتەجاڕیانە. لەم کارزارەی شانۆی هەڵبژاردندا، ئیفشاگەری سەبارەت بە بەرنامە و کارکردی ئابووری کاندیدەکانی ڕەقیب، وەک شگردێک بۆ گەرم کردنی تەنوری هەڵبژاردن و ڕاکێشانی دەنگی ئەو بەشە لە خەڵک کە هێشتا لەم گوومانەدان، کە لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، دەتوانن دەورێکی سیاسیان هەبێت، بەکار دێنن.

“حوسێن شەریعەتمەداری” نوێنەری وەلی فەقیە لە رۆژنامەی کەیهان، لە ڕەخنەگرتن لە “حەسەن رۆحانی” نووسیویەتی: چرخی نزیک بە ٢٠ هەزار سانتریفیووژ دەگەڕا، بەڵام دەوڵەتەکەی تۆ زیاتر لە ١٢ هەزار سانتریفیووژی لە کارخست و چەرخی ئابووریش ماجەرایەکی تری هەیە. نوێنەری وەلی فەقیە لە درێژەدا دەنووسێ: ئاغای سەرۆك کۆمار دەفەرمێ”لە ڕکود دوور کەوتوینەتەوە”، کە دەبێ پرسیار بکرێت “لە کام گۆڕەپانی ئابووریدا لەم ڕکود و سیستمە دوور کەوتوینەتەوە؟ داخرانی نزیکەی لە سەدا ٦٠ی کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، بێکار بوونی گەلێک لە کرێکاران، یان ڕکودی کارەساتبار لە بەشی مەسکەندا”؟

ئەو بەشە لە رۆژنامەکانی سەر بە باڵی ئیسلاح خوازان و میانەڕەوە حکومەتیەکانیش کە قاڵیباف وەک ڕەقیبی سەرەکی رۆحانی دەبینن، ئیفشاگەریان لە بارەی ئەوەوە کردۆتە ناوەندی تەبلیغاتیی خۆیان. “سەعید شیرک وه‌ند” لە وتارێک لە رۆژنامەی “ئێران”دا وێڕای ئاماژە بە دروشمە عەوامفریوەکان لە کارزاری هەڵبژاردندا، بەبێ ناو هێنانی “باقر قاڵیباف” نووسیویەتی، کاندیدێک ئیدیعا دەکات کە بە هۆی مودیرییه‌تی نیزامی کۆماری ئیسلامیەوە، لەمرۆدا وڵات خاوەنی ٤ لەسەد جەمعیەتی ڕانت خۆر، زەرو سفەت، دەوڵەمەند و بەهرەمەند لە هەموو ئیمکاناتێکە و لە بەرانبەردا، ٩٦ لەسەدی کۆمەڵگاش لە مەحرومیەت، هەژاری و رۆژڕەشیدا دەژین. رۆژنامەی ئیبتیکار لە سەروتارەکەیدا نووسیویەتی: “قاڵیباف” وەک کەسێک کە ساڵانێکە شارەداری تاران بوو، سەبارەت بە دانی ئیجازەی بیناسازی بەو سەرمایەداران و بساز و بفرۆشانەی کە ئەو بە ٤ لەسەدیان ناودەبات، خۆی کەوتۆتە ژێر گومانەوە. و “قاڵی بافی” لە به‌كارهێنانی کۆمەڵیک وشەی توند بە “ترامپ” شوبهاندووە. سەبارەت بە “ڕەئیسی”ش دەوترێت کە وەک توتی، قسەکانی خامنەیی سەبارەت بە ئابووری خۆڕاگرانە” دووپات دەکاتەوە.110

لەم نێوانەدا ئەوەی کە ئاشکرایە، ئاسەوارەکانی قەیرانی هەمە لایەنەی ئابووری و هەژاری و فەلاکەتێکە کە بەسەر زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێراندا سەپاوە و داماوی باڵە حکومەتیەکان لە کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە کارەساتبارە، بۆتە هۆکارێک تا ڕاگەیەنەرە حکومەتیەکان، لەژێر سێبەریدا بەشێک لە کارنامەی پڕ لە جەنایەتی کاندیدەکان، بشارنەوە. ئیسلاح خوازان و ئیعتیدال گەرایانی حکومەتی کە خۆیان بەشێک لە هەموو جەنایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوون، کارنامەی “ئیبڕاهیم ڕەئیسی” کە لە جەریانی ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧دا ئەندامی “هەیئەتی مەرگ” بوووە، دەور و نەخشێکی ڕاستەوخۆی لە ئێعدام کردنی بەهەزاران زیندانی سیاسی، لەم دەورەیەدا لە ئەستۆ بوو، بە بەشێک لە کارنامەی خۆی و ڕژیم دەزانێت. کارنامەی دەوڵەتی “رۆحانی” لە بواری زیاد بوونی ٣٠ لەسەدی ئاماری ئێعدامەکان و توندبوونەوەی گرتن و زیندانی کرانی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، وێبلاگ نووسان و هەڵسوڕاوانی مەدەنی و شه‌لاق لێدانی چالاکانی بزوتنەوەی کرێکاری، لە ڕاستای دابین بوونی ئەمنیەتدا، لێک ئەدرێتەوە. قاڵیباف کە یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزی ئینتیزامی بووە و لە کاتێکدا کە وەزیری ئێرشاد بوو، وەک جەلادی کتێب و رۆژنامە ناوی دەرکرد بوو، گشت ئەمانە لەوێوە کە بەشێک لە کارنامەی هاوبەشی باڵە حکومەتیەکانن، بایەگانی کراون. ڕاگەیەنەرەکانی سەربە هەردوو باڵە حکومەتیەکە بە پشت بەستن بەم ئەفکارە گەنیو و کۆنەپەرستانەی کە، نیزامی ئیسلامی وەک هێمای وەحدەتی ئەخلاقی و سیاسی و مەزهەر و سەرچاوەی ئیرادەی خەڵک بە حیساب دێنن، گشت جەنایەتەکانی ڕژیم پاساو ئەكەن.

لە نێو ئەم هەراو هوریا تەبلیغاتیەدا بۆ شانۆێ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و لە بارودۆخێکدا کە گەندەڵی نیهادینە کراو لە شوڕا ئیسلامیەکانی شار و دێدا، ئەم ناوەندانەی زیاتر لەهەر کاتێکی تر، بێ ئیعتیبار کردوە و بێجگە لە کەسانی سەربە ڕژیم و کەسانی قازانج پەرست کە لە فیلتێری حکومەت دەرچوون، کەسانێکی تر لەو ڕقابەتانەدا ئامادە نین، دڵ خۆش کردن بە گێڕانی نەخش و دەورێک لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، تەنیا خۆش باوەڕی و گومانە و هیچیتر.

کرێکاران و خەڵکی ئازادی خوازی ئێران دەزانن كه‌ لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، لە بارودۆخێکدا کە خەبەرێک لە ئازادی عەقیدە و قسە کردن و مەتبوعات نییە، لە باردۆخێکدا کە ئازادی دروست کردنی تەشەکول و فەعالیەتی ئەحزابی سیاسی بوونی نییە، لە بارودۆخێکدا کە هەموو جۆرە دەنگێکی ماف خوازانە بە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام وڵام ئەدرێتەوە، لەم بارودۆخەدا میکانیزمی “هەڵبژاردن”، هیچ پێوەندیەکی بە دخاڵەتی ئازادانەی خەڵکەوە نییە لە دیاری کردنی چارەنووسی کۆمەڵگادا. لەم کارزارە تەبلیغاتیەدا، باڵە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم ئەیانەوێ بە ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، مۆری مەشروعیەتی هەڵبژاردن لە درێژەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بدەن. لەم شانۆگەری هەڵبژاردنەدا ئەوەی کە کامیەک لەو کاندیدانەی لە فیلتێری شوڕای نیگابان دەرچوون بۆ ٤ ساڵی تر دەبنە دەسەڵاتدا،ر بۆ کرێکاران و خەڵکی وەگیان هاتوو، جیاوازی نییە. هەرکام لەم کاندیدانە، کارنامەیەکی پڕ لە جەنایەت لەدژی خەڵک هەیە. ئەگەر هەڵبژاردنی ئازادانە و واقعی بە خەڵک بوایە، خەڵک ئەوانیان دادگایی دەکرد.

بەشداری کردن لەم شانۆی هەڵبژاردنەدا واتە مەشروعیەتدان بە ڕژیمێک کە بەرهەمی سەرکوتی خوێناوی شۆڕشی جەماوەری خەڵکە، واتە مەشروعیەتدان بە ڕژیمێکه‌ کە حەقدەستی ٤ جار لەژێر هێڵی هەژاریدا، بەسەر زۆربەی کرێکاراندا سەپاندوە، یانی ڕەوایەتیدان بە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان، واتە ڕەوایەتیدان بە سیاسەتی ڕەچاوکردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و سوکایەتی هەموو رۆژە لەدژی ژنان، واتە مەشروعیەتدان بە گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوراوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، واتە ڕەوایەتیدان بە درێژەی ستەمگەری نەتەوایەتی، یانی مەشروعیەتدان بە حاکمیەتی ئەفکاری کۆن وگەنیوی مەزهەبی، یانی بەند کردنی مافە فەردی و کۆمەڵایەتیەکانی لاوان، واتە ڕەوایەتیدان بە هەزار و یەک بێبەشی تر.

خەڵکی ئازادی خوازی ئێران، ئەگەر خوازیاری کۆتایی هێنان بەم موسیبەت و بێ مافیانەن، ئەگەر خوازیاری ئازادی و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئاسودەن، ئەگەر خوازیاری باشتر بوون و ئیسلاحی ژیانی خۆتانن، تەنانەت لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا، بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، عەزم و ئیرادەی خۆتان بۆ روخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، پێشان بدەن