کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی ئیسلامی بە ئاژاوه‌گێڕییه‌ نیزامییه‌كانی، ئاو دەکاتە ئاشی ترامپەوە

ڕۆژی شەممە ١٦ی مانگی ڕێبەندان، پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی سپای پاسداران دەستپێكی مانۆڕێکی بەناوی “حەریمی ویلایەت” ڕاگەیاند. ئەم مانۆڕە ڕۆژێک دوای سه‌پاندنی تەحریمی زیاتر لە لایەن ئامریکاوە لەدژی کردارەکانی کۆماری ئیسلامیی بەڕێوە دەچێت. لەم مانۆڕەدا سپای پاسداران کۆمەڵێک مووشەکی دیكه‌ی كورت مه‌ودای وەک “سێی خورداد”، “تەبەس” و “سەییاد” و هه‌روه‌ها چه‌ندین سامانەی ڕاداریی، تاقی کردەوە.

بەڵام ئەمە تاكه‌ کرداری هانده‌رانه‌ی کۆماری ئیسلامی نییە. ڕژیم لە ماوه‌ی چەند مانگی ڕابردوودا کرداری هانده‌رانه‌ی دیكه‌شی لە ناوچەی “کەنداو” ئەنجام داوە. ئەم کردارانە بەتایبەت لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا، بواری درووستکردنی قەیرانی دیكه‌ بۆ ڕژیم ده‌ڕه‌خسێنێت، هه‌تا کەڵکی لێوەربگرێت. لەوانە ئەم کرادارانە، ڕۆژی شەممە ١٠ی مانگی ڕێبەندان کۆماری ئیسلامی دەستیدایە هاویشتنی موشەکێکی بالێستیک بە مه‌ودابڕینی مامناوەند کە کاردانەوەی ئامریکا و باقی زلهێزە ئۆرووپاییەکانی بە شوێنەوە بوو. كۆشكی سپی ئامریکا، لەبەر ئەم کردارە هۆشداریی تووندی دایە ڕژیم. وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیش نیگەرانیی خۆی بۆ ئه‌وه‌ دەربڕی کە کۆماری ئیسلامیی هەر هه‌مان ڕۆژ مووشەکێکی دیکەی “کرووز”یشی هاویشت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیی هەبووە. یه‌كێتیی ئۆرووپاش داوای له‌ كۆماری ئیسلامیی كرد كه‌ له‌ قووڵتركردنه‌وه‌ی بێ متمانه‌یی ده‌ست هه‌ڵبگرێت. ده‌وڵه‌تانی ئینگلستان و فه‌ڕانسه‌ش هه‌ر كام به‌ش به‌ حاڵی خۆیان هوشدارییان داوه‌ته‌ كۆماری ئیسلامیی. له‌م پێوه‌نده‌دا شوورای ئاسایش ده‌ستبه‌جێ له‌سه‌ر داوای ئامریكا له‌ پشتی ده‌رگای داخراودا كۆبوونه‌وه‌ی به‌ست. له‌ هه‌مان حاڵدا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ١٢ی ڕێبه‌ندان، هێزی ده‌ریایی ئامریكا له‌گه‌ڵ ئینگلستان، فه‌ڕانسه‌ و ئوستڕالیا، مانۆڕێكی نیزامیی هاوبه‌شی سێ ڕۆژه‌یان له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداو ده‌ستپێكرد.

به‌ڵام ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی ڕژیمی ئیسلامیی، هه‌ر به‌م مووشه‌ك هاویشتنانه‌وه‌ به‌رته‌سك نابێته‌وه‌. بۆ نموونه ‌ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانیش بە هۆی هێرشێکی خۆکووژانەی ٣ بەلەم بۆ سەر “ناوچه‌”یه‌كی جەنگیی عەرەبستانی سعودیی لە بەندەری حەدیدەی یەمەن، بەشێک لەم “ناوچە”یه‌ ئاگری گرت. لە ئه‌نجامی ئەم هێرشەدا ٢ کەس لە کەسانی چەکداری سعوودیی گیانیان له‌ده‌ستدا و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون. وەزیرانی دیفاعی ئامریکا و عەرەبستان، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم هێرشە ڕژیمی كۆماری ئیسلامییان بە تاوانباری دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە و ئەو هێرشە خۆکووژییە ناوبرد. ڕۆژی ٢٠ ی بەفرانباری ڕابردووش چەند به‌له‌می جەنگیی كۆماری ئیسلامیی، لە کردەوەیەکی هانده‌رانه‌دا بەخێراییه‌كی زۆره‌وه‌ بەلای کەشتییەکی نیزامیی ئامریکادا ده‌ده‌ن کە بە تەقەی وشیارکەرەوەی کەشتیەکە ئاڕاستەکەیان گۆڕی. لە مانگی ڕەزبەری ڕابردوشدا ناوێکی جەنگیی ئامریکایی لە ناوچەی “بابۆلمه‌نده‌ب” لە لایەن حووسییەکانەوە كرایه‌ ئامانج، کە کۆماری ئیسلامی پشتگیرییان دەکات.38

ئەمانە و عەمەلیاتە هاوشێوەكانی دیكه‌، کۆمەڵێک کرداری هانده‌رانه‌ن کە کۆماری ئیسلامیی به‌ئانقه‌ست و وشیارانه‌ و بە ئامانجی درووستکردنی قەیرانێکی دیکە بۆ درێژەدان بە حاکمییەتەکەی، دەستیان بۆ دەبات. ئەم کردارانە لە لایەن کاربەدەستان و ناوەندەکانی ڕژیمەوە تەئید و تەشویق ده‌كرێن. “ویلایەتیی” ڕاوێژکاری باڵای خامه‌نەیی، هۆشداریی ئامریکای بە “وڕێنەی بێ بنەما” ناو ده‌بات و ڕایده‌گەیه‌نێت کە “کۆماری ئیسلامیی درێژە بە بەرنامە مووشەکییەکانی دەدات. “سپای پاسدارانیش ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە بەوپه‌ڕی تواناوه‌ درێژە بە چالاکییە مووشەکییەکان دەدەن. “حوسێن دێهقان” وەزیری دیفاعی کۆماری ئیسلامیش تاقیکردنەوەی ئەم دواییەی مووشەکیی كۆماری ئیسلامیی، به‌ ئاراسته‌ی بەرنامە نیزامییەکانی ڕژیم وەسف کرد و وتی “کۆماری ئیسلامیی ڕێگه‌ بە هیچ بێگانەیەک نادات كه‌ دەست لە کاروباری بەرگریی وڵاتەکەی وەربدات”. هاوکات وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ئیسلامیش پشتیوانیی لەم کردارە کرد و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی بە هەموو تواناوە به‌ ئاراسته‌ی بەهێزکردنی بەرنامە موشەکییەکانیدا هه‌نگاو ده‌نێت.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەم کردارانەی ڕژیم لە لایەن گەلێک لە دەوڵەتان و ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە مەحکووم کراون و هۆشداریی دراوەتە ڕژیمی ئیسلامیی. سەرانی دەوڵەتی نوێی ئامریکا کە تەمایۆلی زۆریان بە پشتبەستن بە زه‌بر و زه‌نگ و تووندوتیژیی هەیە و لە شەڕ و ئاژاوەنانەوە ناپرینگێنەوە، ڕۆژی چوارشەممە بە لەحنێکی توونده‌وه،‌ له‌سه‌ر تاقیکردنەوەی مووشەکیی و باقی سیاسەتە ناوچەییەکانی، هۆشدارییاندا. ترامپ وێڕای هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامیی، وتی ” هیچ بژاردەیەکی سه‌ر مێز، ده‌رباره‌ی ئێرانەوە لانەبراوە. ئێران یاریی بە ئاگر دەکات”. بە شوێن ئەوه‌دا ڕۆژی هەینیی ١٥ی ڕێبەندان، ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ١٢ شێرکەت و ١٣ که‌سایەتیی لە کاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی خستەبه‌ر تەحریمە تازەکانەوە کە زۆربەیان لە ناوخۆ یان لە دەرەوەی ئێراندا پێوه‌ندیی نزیكیان لەگەڵ سپای پاسداراندا هه‌یه‌.

ڕەوتی ئەم ڕووداوانە نیشانی دەدات کە کرداری ئاژاوه‌گێڕانه‌ و هانده‌رانه‌ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە بارودۆخێکدا کە ترامپ وەک نوێنەری ڕاستی تووندڕۆ لە سەرووی دەوڵەتی ئامریکاوه‌ بەشوێن بیانوویه‌كدا دەگەڕێ هه‌تا میلیتاریزم و قەدەرقودرەتیی نیزامیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵیدا پیشان بدات، دەتوانێ هه‌تا چ ڕادەیەک بۆ خەڵکی ئێران و ناوچەکە مه‌ترسیدار بێت. بەڵام هەر به‌وجۆرەیکە دەوڵەتی ترامپ بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیی جەماوەریی، پێویستیی بە جه‌مسه‌ربه‌ندیكردنی فەزای کۆمەڵگه‌ له‌ ژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی دەرەکیی هەیە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی لەسەر قەیرانە کارەساتبارە ناوخۆییەکان و لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییەکانیان، پەنای بردۆتە بەر ئەم قەیران خوڵقاندنه‌ و ئاژاوه‌گێڕییه‌ گه‌مژانه‌یه‌ی دەرەوەی سنوورەکان.

ئه‌م ئاژاوه‌گێڕییانه‌ی‌ ڕژیمی ئیسلامیی له‌ هه‌لومه‌رجێكدا ئه‌نجام ده‌درێن كه‌ قەیرانی ئابووریی لە ئێران زیاتر لە ڕابردوو قووڵ بۆتەوە. دزیی و ئەو ئیختیلاسە نجوومییانەی کاربەدەستانی ڕژیم دەیکەن و هەزینەی زۆری دەستێوەردانە نیزامییەکانی لە ناوچەکەدا و خۆتێوه‌گلان له‌ شەڕی سوورییە و یەمەن و عێراق، بوودجەی نیزامیی ساڵی ٩٦ی ڕژیمی بۆ ١١ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن دۆڵاڵ بەرز کردۆتەوە و قەیرانی ئابووریی ڕژیمی زیاتر لە پێشوو قووڵتر و بەرینتر کردۆتەوە. بێکاریی، گرانیی، هەژاریی و برسێتیی، ژیانی بەمیلیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانی خستۆتەبەر مەترسیی جیددیی. ناهەنجارییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرچاوەگرتوو لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابوورییە، بۆ نموونه‌ کارتۆن خەویی، گۆڕخەویی، ئێعتیاد و لەشفرۆشیی و … ئه‌مانه‌ی لە ئێران گەیاندۆتە ئاستێکی کارەساتبار و ماهییەتی دژه‌ مرۆیی ڕژیم زیاتر پیشان دەدات. قەیرانی حکوومەتی سەرچاوەگرتوو لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابوورییە، سەرانی ڕژیم لە باڵە جۆراوجۆرەکان زیاتر لە ڕابردوو نیگەرانی حاکمییەتەکەیان کردووە و به‌ری داونه‌ته‌ گیانی یەکتر. کۆماری ئیسلامیی بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابووریی و کۆمەڵایەتییانە، هیچ ڕێگه‌چارەیەک شک نابات.

لە ماوه‌ی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە قەیران ژیاوە. لە هەر دەورەیەکدا بە تێپەڕبوون لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی دیکە، درێژەی بە حاکمییەتەکەی داوە. کرداری هانده‌رانه‌ی ئەم دواییانه‌ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە تایبەت لە بارودۆخێکدا کە دەزگای حاکمییەتی نوێی ئامریکا به‌ ئاراسته‌ی گەیشتن بە بەرژەوەندی و مەسڵەحەتە ئابوورییەکان و گێرانەوەی پێگە و هێژمونیی جیهانی ڕوو لە کزبوونی، لە ئەنجامدانی هیچ کردارێک ناپرینگێتەوە و سڵ ناکات، بواری درووستکردنی قەیرانێکی ناوچەیی دیکە خۆش دەکات و ئه‌مه‌ جێی نیگەرانییە. ئەم پێكدادانه‌ نیزامییانە تەنانەت ئەگەر لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا، نه‌شبێته‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی شەڕ، به‌ڵام دەبێتە هۆی گەڕانەوەی تەحریم و گەمارۆ ئابوورییەکان. بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامیی درووستبوونی وەها قەیرانێک دەبێتە بیانوویەک بۆ سەرکوتی زیاتری هەر ناڕەزایەتیی و داوخوازییەک كه‌ لە لایەن کرێکاران و جەماوەری خەڵکەوە بۆ باشتربوونی بارودۆخی ژیانیان ڕێكبخرێت. پێده‌چێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ درووستکردنی کێشەیەکی نیزامیی و پێكهێنانی قەیرانێکی دیكه‌ لە ناوچەکەدا، بێ مەیل نه‌بێت.

خەڵکی ئێران هێشتا لە ئاكام و ده‌ره‌نجامی ئاژاوه‌گێڕییه‌ ئەتۆمییەکان و تەحریمی ئابووریی ئەم ساڵانەی دوایی پشتیان ڕاست نەکردۆتەوە. دووکەڵی ئەم ئاژاوه‌گێڕییانه‌ و سه‌پێدرانی گەمارۆکان دەچێتە ناو چاوی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران و سفرەی بەتاڵیان هێنده‌ی دیكه‌ بێ ڕەونقتر دەکات. بەڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بەشیک لە سەرمایەداران و تاجێره‌كان و دەڵاڵە حکومەتیی و ناحکومەتییەکان، به‌هۆیه‌وه‌ دەوڵەمەندتر دەبن.