ئاه‌ش سادقی، سەرەڕای ئەو وەعدانەی كه بۆ ئازادكرانی پێیدرابوو، لە ٧٠هه‌مین ڕۆژەی مانگرتن لە خواردنەکەیدا به‌سه‌ر ده‌بات. دانرانی وەسیقە و ئازادکرانی هاوسەرەکەی، گوڵڕوخ ئێرانی، لە “بێنەوبەرەی ئێداری” دادستانیدا ماوەتەوە بۆ ڕۆژانی داهاتوو. ئازادنەکرانی ئاره‌ش سادقی لەحاڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە دادستانیی ڕژیم لە پێوەندیەکدا لەگەڵ بنەماڵەی خۆی و بنه‌ماڵه‌ی هاوسەرەکەی، داوای هێنانی وه‌سیقه‌ی لێکردبوون بۆ ئه‌وه‌ی کارەکانی پێدانی مەرەخەسیی بۆ بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی مانگی بەفرانبار ته‌واو بكرێت. هاوکات مانگرتن لەخواردنی “عەلی شەریعەتیی” زیندانییەکی سیاسیی دیكه، چۆتە نێو ٦٢هه‌مین ڕۆژه‌وه. ناوبراو لە ناڕەزایەتیی بە حوکمی ٥ ساڵ زیندان له‌به‌ر بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی هێمنانە لەدژی ئەسیدپاشیی، دەستیداوەتە مانگرتن لە خواردن. سەعید شیرزاد “ئەندامی جەمعییەتی دیفاع لە منداڵانی کار و سه‌رشه‌قام”یش، زیندانی ڕەجایی شه‌هری کەرەج، لە ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی نەگونجاوی زیندانیانی ڕەجایی شه‌هر و ئەو گوشارانەی كه دەخرێنەسەر به‌ندكراوانی سیاسیی و ئەندامانی بنەماڵەکانیان، لە ٢٧ ڕۆژ لەمه‌وبه‌ره‌وه لێوی دوریوەته‌وه و مانی لەخواردن گرتووە. “حەسەن ڕەستگارمەجد”، هاوڵاتیی به‌ڕه‌گه‌ز تورکی _ ئێرانیی، لە به‌رواری ١٣ی مانگی سەرماوەزەوە مانی له خواردن گرتووه. ناوبراو دوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانیی لە کۆبانێ، بە ١٧ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم به‌ندكراوانه تەنها له‌به‌ر عەقیدە و بیر و بۆچوونیانه‌وه لە سووچی زیندانەکانی ڕژیمدان و بەرەوڕووی مەترسیی مەرگ بوونەتەوە. ئێستا سەدان کەسی دیكه لە تێکۆشەرانی سیاسیی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، تەنها له‌به‌ر دیفاع لە مافی ڕه‌وای کرێکاران و ئینسانە بێبەش و ستەملێکراوەکان، ڕاپێچی زیندان كراون و پەروەندەی ئەمنیەتییان بۆ ساز كراوه. ڕژیمی ئیسلامیی بە هەڵوێستێکی شێتانە و سەرسەختانە کە له ئاست داخوازیی ڕەوای زیندانییانی مانگرتوودا گرتوویه، نەك هه‌ر دوژمنایەتیی لەئاشتی نەهاتووی خۆی لەگەڵ ئازادیی ڕاده‌ربڕین و عەقیدە پیشان دەدات، بەڵکوو به‌نیازه فەزای ترس و تۆقاندن بخاتە نێو کۆمەڵگه‌وە. ڕژیم ئاگاهانە دەیهەوێ زیندانییانی مانگرتوو بەرەو مردن پاڵ پێوەبنێت. ئەگەر ئازادیی ئاره‌ش سادقی و گوڵڕوخ ئێرایی بەستراوەتەوە بە دانانی وەسیقە و تێپەڕبوون به‌ناو بۆڕۆكڕاسییه‌كی ده‌ست و پێگر، بەڵام هه‌تا ئێستا هیچ خەبەرێک لە ئازادكرانی باقی زیندانییانی مانگرتوو لەگۆڕێدا نییە. ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ڕاستەوخۆ بەرپرسه له‌ئاست گیانی زیندانیانی مانگرتوو. نابێ ڕێگه‌ی ئه‌وه بەم ڕژیمە جەنایەتکارە بدرێت، كه له‌ڕێگه‌ی خۆدزینه‌وه لە جێبەجێکردنی داخوازیی ڕەوای زیندانییان، فه‌زایه‌ك بخوڵقێنێ كه ئەوان لەڕێگه‌ی مانگرتن لە خواردنەوە مەحکوم بە مەرگی بەشێنەیی بکات و دواخریش نەچێتە ژێر باری بەرپرسایەتیی ئەم جەنایەتە. ئێستا کە هاواری ناڕەزایەتیی زیندانییان گەیشتۆتە دەرەوەی زیندانیش و ویست و داخوازیی ئازادكرانی زیندانییان بۆتە داخوازیی جەماوەرێکی بەرین لە خەڵک، پێویستە کە زیندانییانی سیاسیی مانگرتوو، کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن، ڕازی بە مەرگی بەشێنەیی نەبن، باشتروایه كه بەزیندوویی بمێننەوە و لەدژی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە درێژە بە خەبات بده‌ن.
تەنها له‌ڕێگه‌ی ناڕەزایەتییه‌كی بەرینەوه‌یه كه دەکرێ ڕژیم لە ئیجرای پیلانه دژه ئینسانییەکانی ناکام بکرێت. خەبات بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسیی و هەڵوەشانه‌وه‌ی ئەحکامی دژه مرۆیی ئێعدام، هه‌ر به‌تەنها كێشه‌ی مەحکومكراوان بە مه‌رگی به‌شێنه‌یی ناو زیندان و بنەماڵەکانیان نییە، بەڵکوو هەر ئینسانێکی شەریف و تێکۆشەر دەبێ لەم حەرەکەت و تێکۆشانەدا چالاکانە ئامادە بێت و به‌شداریی بكات. لەم هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا تەنها بە خەباتی یەکگرتووانە و ناڕەزایەتیی بەرین و به‌ربڵاوه كه دەکرێ ڕژیم بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسیی بخرێتە ژێر گوشار. ئەگەر ڕژیم بەمه‌به‌ستی چاوترسێن كردنی خەڵکی دەرەوەی زیندان گوشار دەخاتە سەر زیندانییان، پێویستە دیفاع لە زیندانییانی سیاسیی و هه‌روه‌ها گوشاره‌كانی سه‌ر ڕژیم بۆ پاشه‌كشه‌كردن لەم مەیدانەش، دوو هێندە زیاد بکرێت. لەم ڕوەوە پێویسته دروشمی “زیندانیی سیاسیی دەبێ ئازاد بکرێت” لە هەموو جێگایەک بەرز بکرێتەوە و لەسەر دیوارەکان بنووسرێت. نابێ ڕێگه به‌وه بدرێت كه ئەو ئینسانه شه‌ریفانه‌ی کە بۆ دیفاع لە عەقیدە و باوەڕیان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی به‌رامبه‌ر به ستەم و سەرکوت، چەوسانه‌وه و نایەکسانیی و هەڵاواردن، بۆ دژایەتیکردنی دیکتاتۆڕیی حاکم ڕاپێچی زیندانه‌كان كراون، خۆیان بەتەنیا ببینن. به‌دڵنیاییه‌وه دەنگدانەوەی بانگی ناڕەزایەتیی خەڵک لە دەرەوەی زیندان، هێزی خۆڕاگریی و ئیرادەی زیندانییان لە پشت میلەکانی زیندان بەهێزتر دەکات.
هیچکەس نابێ له‌به‌ر خەبات له‌پێناو مافەکانی، له‌به‌ر ده‌ربڕینی ناڕەزایەتیی به‌رامبه‌ر به فەلاکەت و ستەمگەرییەک كه له‌ناو كۆمه‌ڵگه لەئارادیە، له‌به‌ر بیر و بۆچوونی جیاواز و چالاکیی سیاسیی ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕاپێچی زیندان بکرێت. ئازادیی بێ شه‌رت و مه‌رجی ئەندێشە دەبێ بوونی هەبێت. ئەگەر بڕیاره کەسێک لە سووچی زیندانه‌كاندا بێت، ئەوە ده‌ستوپێوه‌نده‌كان و سەبەبکارانی ئەم بارودۆخەی ئێستان، واتە ئه‌و كه‌سانه‌ی کە منداڵانی خەڵک دەبەنە ژێر ئەشکەنجەوە، هەمان ئەو کەسانەی کە جگەرگۆشەکانی خەڵک دەکوژن و لە گۆڕی بێ ناو و نیشاندا دەیانشارنەوە، هه‌ر ئەوانەیکە سەروەتی کۆمەڵگه تاڵان دەکەن، هه‌ر ئه‌و کەسانه‌ی کە بێکاریی و هەژاریی و فەلاکەتی ئابووریی و گۆڕخەوییان بۆ خەڵک بە دیاریی هێناوە و ئەم کۆڵەبارە گەورەی ڕەنج و ئازار و بێبەشی و بێمافییان بەسەریاندا سەپاندووە. ڕژیمی دیکتاتۆڕیی كۆماری ئیسلامیی ئێستا کە گوشاری هێزی خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵک بەسەر سەریانەوە هەست پێدەکەن، کاتێک كه دەبینن هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خەریکن بەرد لەسەر بەرد دادەنێن، کۆدەبنەوە، دەبنە هاوپەیمان و به‌نیازن کۆتایی بە پڕژوبڵاوی ڕیزەکانیان بێنن، وەک گورگ هێرش دێنێ و له‌ڕێگه‌ی گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامه‌وه دەیهەوێ خەڵک چاوترسێن بکات و هەوڵی تێکۆشەران و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کۆتایی پێبێنێ. دەبێ وشیار بین، حکومەتێک کە ناتوانێ وڵامی سەرەتاییترین داخوازییەکانی جەماوەری خەڵک بداتەوە، حکومەتێک کە هەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا بەسەر کرێکاراندا سەپاندووە و ناتوانێ هەقدەستی کرێکاران لە کاتی خۆیدا بدات، حکومەتێک کە بەمشیوەیە داماوە، نابێ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێ بدرێت كه بۆ جارێکی دیكه و بە چەکی زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام، ڕیزەکانمان چاوترسێن بكات و پاشەکشەمان پێ بکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەرپرسی ڕاستەوخۆی گیانی زیندانییانی مانگرتووە. زیندانییانی مانگرتوو دەبێ بەبێ شەرت و مەرج ئازاد بکرێن. هیچکەس نابێ له‌به‌ر خەبات بۆ دەربڕینی بیر و بۆچونیه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانیی بکرێت.