ڕۆژنامەی باختەر چاپی کرماشان، مانشێتی لاپەڕەی یەکەمی ژمارەی ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری خۆی تەرخانکردووە بۆ ڕاپۆرتێک کە نموونەیەکە لە دەیان و سەدان جۆر هەژاری ئەمڕۆکە لە ئێران. بە ناونیشانی: “گورچیلەیەک بۆ بژێوی ژیان دەفرۆشین“. پەیامنێری ڕۆژنامەکە دەنووسێت: پیاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە ناوەندێکی کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە هەندێک بەڵگەنامەی بەدەستەوەیە وچاوەڕێ دەکات. دانیشتم لەگەڵیدا کەوتمە گفتوگۆ. گەنج بوو، کەسێکی ئیشکەر بوو، نە یاخی بوو و نە گیرۆدە بە مادەی هۆشبەر، باوکی بە کۆڵێک قەرزدارییەوە لەدەستدابوو، دایکی نەخۆش بوو. خۆی پێی وابوو “چەرخی ڕۆژگار بە دڵی ئەو ناسووڕێ“. ئەو کاری دەکرد، بەڵام حەقدەستەکەی بەشی ئەوە نەبوو کە بتوانێت بژێوی ژیانی بنەماڵەیەکی دوو کەسیی پێ دابین بکات. دەڵێت: “رۆژانە ١٢ سەعات بەسەرپێوە ڕادەوەستم و کار دەکەم، بەڵام ئەو حەقدەستەی خاوەنکارەکەم سەری مانگ پێم دەدات ، تەنانەت بەشی کرێی خانوو و تێچووی دەرمان و چارەسەری دایکم ناکات“، ئەو ئاواتی ئەوە بوو کە بۆخۆی خاوەنکاری خۆی بێت. دەیویست بە فرۆشتنی گورچیلەکەی ئۆتۆمبێلێک بکڕێت و مسافیرکەشی پێبکات. تەنانەت بەو حاڵەشەوە خەمی ئەوەی بوو کە چۆن شەوانە دایکە نەخۆشەکەی بە تەنیا جێبهێڵێت. دەردی دڵەکانی هێندە دەڵتەزێن بوون، نەمتوانی لەوە تێبگەم کە ئایا کارەکەی دروست بوو یان هەڵە، نەمدەزانی حەقی پێ بدەم یان بێهودە هەوڵ بدەم پاشگەزی بکەمەوە. هەژاری و دەستکورتی، نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێک کێشەی بنەماڵەیی سەرچاوەگرتوو لە کێشەی دارایی و کۆمەڵایەتی، بەداخەوە بەشێک لە خەڵکی ئێرانی ناچار کردووە کە ئەندامەکانی جەستەیان بفرۆشن. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لەو بەدەگمەن وڵاتانەی جیهان کە تیایدا بەشێک لە بێبەشان لە پێناو مانەوەی خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەکەیاندا ناچارن ئەندامەکانی جەستەیان بفرۆشن. شەبەکەی دەڵاڵەکان، هەندێک کەسی ناوەندە دەرمانییەکان و بەشێک لە کۆمەڵگەی پزیشکی کە جگە لە پووڵ و سەروەت بیر لە هیچی تر ناکەنەوە، تێوەگلاون لە بازرگانی نامرۆڤانەی فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە.
بەزۆری ئەو کەسانەی کە ئەرکی دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەیان لەئەستۆیە، لە هەموو دەرگایەک دەدەن بۆ دۆزینەوەی کار، هەزینەی چارەسەرکردن، دابینکردنی خواردن و کرێی خانوو. هەرچی هەیانە، هەر لە فەڕش و یەخچاڵەوە بگرە تا تەلەویزیۆن و زێڕ و جەواهێراتی زەماوەندەکەیان و تا دەگاتە دووچەرخە و هتد… دەفرۆشن. هەرلە بەقاڵ و سوپێرمارکێتی سەری کوچەکەیانەوە بگرە تا هاوڕێ و ناسیاوەکانیان قەرز دەکەن. کاتێک هیچ شتێک نامێنێ بۆ فرۆشتن و ئیمکانی قەرز وەرگرتنیش نامێنێت، بە ناچاری بیر لە هەر ڕێگایەکی نەخوازراوی دیکە دەکەنەوە. ئەو ئامار و زانیاریانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو دەکرێتەوە بە هیچ شێوەیەک ڕووی ڕاستەقینەی هەژاری لە ئێران نیشان نادەن. لە هەلومەرجێکدا کە کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی تەنانەت ئامارەکانی قوربانیانی کارەساتی سروشتیش دەستکاری دەکەن، نابێ چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە ئاماری واقیعی لەسەر ئەم بابەتە بخەنەڕوو.
هەژاری لە ئێران هەم لە سیاسەت و هەم لە ئابووری کۆماری ئیسلامیدا ڕیشەی هەیە. لەباری سیاسەتەوە: کۆماری ئیسلامی بە پێداگری لەسەر درێژەدان بە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، دەستوەردان لە قەیرانەکانی ناوچەکە، کەڵەوەکێشی لە بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی و خەرجکردنی ملیارەها دۆلار بۆ پەرەپێدان بە دامەزراوە ئایینییەکان و هیتر… هەمووی ئەمانە لە چوارچێوەی گەندەڵییەکی دارایی جێگیردا، بە تریلیۆن دۆلار لە سامان و بەرهەمی ڕەنج و کاری خەڵکی ئەم وڵاتەی بەفیڕۆ داوە. لە بواری ئابووریدا: بە پەیڕەویکردن لە ئابووریی نئولیبرالیستی، واتە بە تایبەتکردن، بڕینی یارانەکان، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، کەمکردنەوەی هێزی کار و بیکارسازی بەربڵاوی کرێکاران بەبێ پێدانی بیمەی بێکاری، نەهێشتنی کۆمەک هەزینەی کرێکاران وەک مافی نیشتەجێبوون و بیمەی تەندروستی، هەمووی ئەمانە لە چوارچێوەی قەیرانێکی درێژخایەنی ئابووریدا، یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکیەکانی پەرەسەندنی هەژاریی لە ڕادەبەدەر لە ئێران. ئەمڕۆ زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران ٤ هێندە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم بارودۆخانە بووەتە هۆی درووستبون و سەرهەڵدانی گەلێک نۆرمی نائاسایی و زیانی کۆمەڵایەتی وەک لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گەڕانی ناو زبڵدان، خەوتنی منداڵانی کار لەناو کارتۆن و خۆکوشتن و هتد… ستەم و سەرەڕۆیی و خەفەقان، هەڵاوسان و گرانی، بێکاریی دە ملیۆنی، برسێتی و هەژاری و کەلێنی قووڵی چینایەتی، ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و پێشێلکراوی کۆمەڵگای ئێرانی تاڵ کردووە. بێ گومان خەڵکی کرێکار و ئازارچێشتووی ئێران کە ٤٤ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە چەوسێنەر و جینایەتکارەدا لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی کار و بژێوی ژیانیان خەبات دەکەن، لەم هەلومەرجەشدا درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دەدەن. کرێکاران و خەڵکی ئازارچێشتوو کە گوشارەکانی بژێوی ژیان تەنگی پێ هەڵچنیون، بۆ ڕزگاربوون لەو دۆزەخەی کە کۆماری ئیسلامی خوڵقاندوویەتی، هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە جگە لەوەی کە دەبێ بەشێوەیەکی لێبڕاوانە و شێلگیرانەتر لە جاران و بەبێ ترس لە سەرکوتکردن و گرتن و زیندانیکردن، نەبەردی چارەنووسسازی خۆیان لە دژی ستەمکاران و سەبەبکارانی ئەم هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییە، لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێش ببەن.