ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) سەبارەتبەگیانلەدەستدانیکرێکارانیکانگایخەڵوزیمەعدەنجوو
هەواڵەکانلەزمانیپارێزگایخۆراسانەوەبەسلەوەدەکەنکەکاتژمێر٩یشەویشەممە٣١یخەرمانانلەڕووداوێکیدڵتەزێندابەهۆیبەرزبوونەوەیڕێژەیگازیمیتانلەتونێلەکانیکانگایخەڵوزیمەعدەنجوولەشاریتەبەس،لانیکەم ٥١ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و چارەنووسی ژمارەیەکی دیکەش لە کرێکاران هەتا ئێستا نادیارە. ڕووداوەکە لە قوڵایی ٢٥٠ مەتری کانەکەدا ڕوویداوە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران “ئیرنا” لە کاتی ڕووداوەکەدا ٦٩ کرێکار لە دوو بلۆکی “سی” و “بی” ئەو کانەدا، واتە ٢٢ کرێکار لە بلۆکی “سی” و ٤٧ کرێکاریش لە بلۆکی “بی” سەرقاڵی کارکردن بوون.
دەوترێت کە بەهۆی ڕادەی زۆری گازی میتانەوە، پڕۆسەی بەهاناوە چوون و ڕزگارکردن گەلێک بە دژواری بەرەوپێش دەچێت. ڕووداوی لەم شێوەیە لە کانەکانی ئێراندا، چیرۆکێکی بە ئازارە کە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و وا پێدەچێت کە هیچ کاتێکیش کۆتایی پێ نایەت. تەنیا لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەشت ڕووداوی کارەساتباری کرێکاریی لە ئێران ڕوویانداوە کە چوار ڕووداویان پەیوەندییان بە کانەکانی خەڵوزەوە هەبووە. نزیکەی ١٢٠ هەزار کرێکار، لە شەش هەزار کانگای خەڵوزدا کاردەکەن کە بە وتەی بەرپرسی خانەی کانگاکانی ئێران، ٧٠%یان کەمترین ستانداردی سەلامەتییان تێدا ڕەچاو کراوە. ئەگەرچی کانەکانی ئێران بوونەتە قەتڵگای کرێکاران، بەڵام ئەوە تەنیا کانەکان نین کە قەتڵگای کرێکارانن. بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن ناوەندی ئاماری ئێران و پزیشکی دادی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕێژەی ئەو ڕووداوە کرێکاریانەی کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو، دە لەسەد زیادی کردووە. بەگوێرەی ئەم سەرچاوانە، لە ساڵی ڕابردوودا ٢١٥٥ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەستداوە، کە ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەی یازدە لەسەد زیادیکردووە. هەر لەو ساڵەدا ٢٧ هەزار و ٣٧٧ کرێکاریش برینداربوون، کە ئەم ڕێژەیەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پێنج لەسەد بەرزبۆتەوە.
گرنگی ڕووداوەکانی کار لە ڕوانگەی زیانە کۆمەڵایەتییەوە، دوو هێندەیە. هەر کرێکارێک کە گیانی لەدەست بدات، بنەماڵەیەک لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە. لە بنەماڵەیەکدا ئەگەر کرێکارێکی نافەرمی گیانی لەدەست بدات، پاشماوەکانی ناتوانن مووچەی خانەنشینی وەربگرن و بژێوی بنەماڵەکە لەدەست دەچێت. لە زۆر حاڵەتدا، ئیدارەی کار و دەسەڵاتی قەزایی ڕێژیمی دژە کرێکاریی کۆماری ئیسلامیش، بەمەبەستی پشتگیری لە خاوەنکاران و دەربازکردنیان لە دانی قەرەبوو بە بنەماڵەی قوربانیانی شوێنی نائەمنی کار، چاوپۆشیان لە کەمتەرخەمی و دابیننەکردنی ئەمنیەتی شوێنی کار کردووە و بە پێچەوانەوە کرێکارە بریندار و زیان لێکەوتووەکانیان، بە تاوانبار لەقەڵەم داوە.
خاوەنکاران بەهۆی چاوچنۆکی و قازانج پەرەستی خۆیانەوە، نە دەیانەوێت ئەمنییەتی شوێنی کار دابین بکەن و نە نیگەرانی لەدەستدانی کرێکارەکانیشن بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی نائەمنی کارەوە. ئەوان تەنانەت نیگەرانی ئەوەش نین کە کرێکارەکان لە ترسی گیانی خۆیان، واز لە کارەکانیان بهێنن. چونکە دەزانن هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن لە نێو لەشکری ملیۆنی بێکاراندا، کرێکاری تر دابمەزرێنن و هەر لەو شوێنی کارە ناستاندارد و نائەمنەدا، هەر چەشنە کارێکی دژوار و تاقەت پروکێنیان بەسەردا بسەپێنن. سەرمایەداران جگە لە چاوچنۆکی و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان بیر لە هیچی تر ناکەنەوە. ئەوان نایانەوێت لەپێناو دابینکردنی ئەمنییەتی شوێنی کاردا هەزینە بکەن. ئەگەر ڕۆژێک گوشاری خەبات و ناڕەزایەتی کرێکارانیان لەسەر نەبێت، تەنانەت ئەوە فەرامۆش دەکەن کە کرێکاریش مرۆڤە، نەک ئامرازێک لە دەستی ئەواندا بۆ بەدەستهێنانی قازانج. تا کاتێک کە ئاخێزی شۆڕشی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سیستەمی سەرمایەداریی ڕانەماڵێت، ئەوە خودی کرێکارانن کە دەبێ لە فکری خۆیاندا بن و بە پشت بەستن بە خەبات و ناڕەزایەتی ڕێکخراو و یەکگرتووانەی خۆیان، دەوڵەت و خاوەنکاران ناچار بکەن کە ئەمنییەتی شوێنەکانی کار دابین بکەن. کوشتاری کرێکاران لە ناوەندەکانی کار، دەبێ وەک کوشتنی بە ئەنقەست هەژمار بکرێت. پێویستە خاوەنکاران وەک سەبەبکار و وەڵامدەرەوەی ڕووداوەکانی شوێنی کار بناسرێن. ئەمنییەتی شوێنی کاریش وەک هەر داواکارییەکی تر، تەنیا بە خەبات و هاوپشتی چینایەتی کرێکاران بەسەر سەرمایەدار و دەوڵەتە پشتیوانەکەیاندا دەسەپێندرێت.
ئێمە وێڕای دەربڕینی نەفرەت و بێزاریی خۆمان لەو خاوەنکارە چاوچنۆک و قازانج پەرەستانەی کە بە هۆی دابیننەکردنی ئیمکانات و ستانداردەکانی ئەمنییەتی شوێنی کار، بەمشێوەیە یاری بە گیانی کرێکاران و داهاتووی بنەماڵەکانیان دەکەن، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کرێکارانی گیانبەختکردوو و هاوکارەکانیان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانین. هیوادارین بریندار و بێسەروشوێنەکان بە زووترین کات بگەڕێنەوە ناو باوەشی گەرمی کەسوکارەکانیان.
هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
یەکشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٣/ ٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٤