کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕووخاندنی ڕژێم بەڵێ، بەڵام بەدەستی جەماوەر

wetcryvubhnjmkl 0

ڕووخاندنی ڕژێم بەڵێ، بەڵام بەدەستی جەماوەر

سەرەنجام دوای ١٢ ڕۆژ شەڕی ماڵوێرانکەر کە بە ھێرشی دەوڵەتی جینایەتکاری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ئاگربەست ڕاگەیەندرا و هیوادارین کە ئەم ئاگربەستە دەستپێکی کۆتایی ھاتنی شەڕەکەش بێت. ھۆکاری ئەم ئاگربەستە هەرشتێک بووبێت، هەر ئەوەی کە کۆتایی شەڕێکی دژە خەڵکی کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی خەڵکی ھەردوو وڵاتی ئێران و ئیسرائیلەوە، خواستێکی واقیعی خەڵکی ھەردوو وڵات و بەتایبەتی ئێران بوو. بەڵام تا ئەو جێگایەی کە پێوەندی بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، واقیعییەت ئەوەیە کە ئەم شەڕە و ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، هاوسەنگی ھێزی لە تەواوی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بە زیانی کۆماری ئیسلامی گۆڕی. ئەم ڕژێمە لە بەرچاوی خەڵک لەوە لاواز و بێ ھێزتر خۆی  نیشاندا کە بیری لێدەکراوە. دوای ئەم شەڕە، حوکمڕانی بەسەر جەماوەرێکی توڕە و ناڕازیدا بۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کارێکی ئاسان نابێت. پێکهاتەی ڕێبەرایەتی ڕژێم دوای ئەم شەڕە هەرچییەک بێت، جەماوەری ناڕازی لەسەر بەدواداچوون بۆ ویست و داواکارییەکانی خۆیان بەردەوام دەبن. بزووتنەوە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان گەشە دەکەن، ڕێکخراو و وشیارتر دەبن. سەرکوتی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان بۆ ڕژێم ئاسان نابێت. پرۆسەی ڕووخانی ڕژێم هاوکات پرۆسەی شکڵگرتنی ئاڵتەرناتیڤەکەشی دەبێت. ئەم ئاسۆیە و ئەم ستراتێژییە، ڕاستەوخۆ بەدیلی ستراتێژی ئەو ڕەوتانەیە کە چاوەڕوانی ئەوە بوون کۆماری ئیسلامی بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئەم ڕژێمە بڕووخێت. ئەوان هێندە بەوە گەشبین بوون کە تەنانەت لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکایان نەدەبیست کە بەردەوام دەیانوت، ئەوان بە تەمای گۆڕینی ڕژێم نین. بەڵام با وای دابنێین کە دەوڵەتی ئەمریکا پلانی گۆڕینی ڕژێمیشی ھەبێت و ھەنگاوی بۆ بنێت، لەم حاڵەتەدا با چاوێک بخشێنین بەسەر دوو ئەزموون لە ناو گەلێک ئەزموونی لەو چەشنەدا بۆ ئەوەی ببینین ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە ھیچ شوێنێکی ئەم جیھانە ئازادی و دێموکراسی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک بە دیاری نەهێناوە و ناهێنێ و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا ھەموو ئەمانە بە ئاسانی ژێرپێ دەنێت.

دەوڵەتی ئەمریکا هەرلەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بووە ھۆی کەوتنی دەسەڵاتی تالیبان لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ و کەوتنی دەوڵەتی بەعسی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و ئاکامەکانی لە بەرچاوی ھەموو خەڵکی جیهاندایە. ئەرتەشی ئەمریکا لە لوتکەی ھاوپەیمانییەکدا بە ناوی شەڕ لەدژی تیرۆر و دابینکردنی دێموکراسی و مافەکانی ژنان، ھێرشی کردە سەر ئەفغانستان و ساڵی ٢٠٢١ بە شکستێکی مێژوویی لەو وڵاتە پاشەکشەی کرد. کوژرانی دەیان ژن و پیاو و منداڵی بێ دیفاع، وێرانکردنی ئابووری و ئاوەدانی وڵات، پەرەسەندنی گەندەڵیی هەمەلایەنە، ئاوارەکردنی چەندین ملیۆن مرۆڤ و گەڕاندنەوەی تالیبان و تەیارکردنیان بە جۆرەھا چەکوچۆڵ، تەنیا بەشێک بوو لە دەرئەنجامەکانی ھێرش و دەستێوەردانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە ئەفغانستان. ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئەم ھێزە ئیسلامییە کۆنەپەرستەدا، ژنان لە مافی ئینسانی و سیاسی خۆیان بێبەش کراون، کچان ڕێگریان لێ دەکرێت بچنە قۆناغەکانی خوێندنی دوای سەرەتایی. ملیۆنان کرێکار لە ئەفغانستان بێکارن و ٢٨ ملیۆن کەس بە یارمەتی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان درێژە بە ژیانی پڕ ئازاریان دەدەن. ١٥ی مارسی ساڵی ٢٠٢٣، بیست ساڵ بەسەر داگیرکاری عێراق لەلایەن ھاوپەیمانییەکەوە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا تێپەڕی. ئەو داگیرکارییە بە بیانووی درۆینەی «چەکە کۆمەڵکوژەکان» دەستیپێکرد. لەم ھێرشەدا زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەسی سڤیلی عێراقی کوژران، جگە لە بیرە نەوتییەکان، باقی شوێنەکانی وەک مۆزەخانەکان تاڵان کران، ژمارەیەکی زۆر لە زانایان کوژران یان ناچاربوون وڵات بەجێ بهێڵن، بناغەکانی ئابووری وێران کران، چەند سەد ھەزار کەس بە هۆی شەڕی تائیفی شیعە و سوننەوە گیانیان لەدەستدا و زەمینە بۆ سەرهەڵدانی ھێزە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانی وەک القاعیدە خۆش بوو.

پێش ھێرشە تازەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شارەکانی ئێران، بزووتنەوە خەباتکار و شۆڕشگێڕەکانی کرێکاران، خانەنشینان، ژنان و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئازادیخوازەکانی تر لەسەر بەستێنی دژوازی و قەیران و گەندەڵی جێگیری نیزامی ئیسلامی، ترسی مەرگیان خستبووە دڵی ئەم ڕێژیمەوە. ئەو شەڕە ١٢ ڕۆژەی ئێستا، بە شێوەیەکی کاتی ئەم پرۆسەیەی ڕاگرتووە. ھەندێک لەو ھێزە کۆنەپەرست و سەڵتەنەتخوازانەی کە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات هیوایان لەسەر دەوڵەتی ئەمریکا و ھێزە گوێڕایەڵەکەی واتە، دەوڵەتی نەژادپەرستی ئیسرائیل، هەڵچنیبوو، زۆر ساویلکانە داوایان لە خەڵک دەکرد کە لەم بارودۆخە شەڕلێدراوەدا ڕاپەڕن. ئەم ھێزە پاسیڤانەی کە دەنگیان لە جێگایەکی گەرمەوە دێت، چاوەڕوانی ئەوەیان لە خەڵکی بێزار لە حکوومەتی ئیسلامی دەکرد لە بەرامبەر ڕژێمێکدا کە ھەموو ھێزی سەرکوتی خۆی کۆکردبۆوە و هێناوبوویە میدان، ژیان و تەندروستی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، تا ئەوان لانیکەم هێزی خۆیان بە ئەمریکا پیشان بدەن و بۆ نموونە ڕژێم بڕووخێنن، کە بینیمان چۆن ئەژنۆی نائومێدییان لەباوەش گرت.

بەڵام لە بەرامبەردا، پێشڕەوانی ئەم جەماوەرە، کە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی» دا، دروشمی «نە شامان دەوێ، نە ڕێبەر، مەرگ و نەمان بۆ ستەمگەر»یان بەرز کردەوە، ڕێگەچارەیەکی جەماوەریی و گونجاویان خستە بەردەم خەڵک. ئەوان داوایان لە خەڵک دەکرد کە لە بارودۆخی شەڕدا بە هانای یەکترەوە بچن و لەم ڕێگەیەوە هاوپشتی ئینسانیی خۆیان بۆ قۆناغی دوای شەڕ بەھێز بکەن. هەر لەم پەیوەندیدا بوو کە کۆمەڵێک لە لایەنگرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕاگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە بە ناونیشانی «بەرنامەیەک بۆ ڕێکخستنی جەماوەر لە بارودۆخی شەڕ و قەیرانەکاندا» و وەک ھەنگاوێکی کردەیی بۆ بەرگریکردن لە خەڵک و ژیان و کەرامەتی مرۆڤایەتی ناویان برد. ئەوان بە تەئکیدەوە وتیان کە ئەم بەرنامەیە سەربەخۆیە لە ھەر دام و دەزگایەکی حکوومەتی و پشتبەستووە بە خۆڕێکخستنی جەماوەریی و هاوپشتی چینایەتی.

ئەم ھێزە شۆڕشگێڕ و وشیارە لە بڕگەی یەکەمی ڕاگەیاندنەکەیاندا نووسیویانە:  بەرگریکردن لە ژیان و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەکان لە بەرامبەر شەڕ و دیکتاتۆریەت و هەژاریدا، ئەرکی هەموو لایەکە. لە بڕگەی دووەمدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە پشت بە خۆمان ببەستین، بە کاری ڕێکخستن لە شوێنی ژیان، ناوەندەکانی کار، گەڕەک و گوندەکان، دامەزراوە جەماوەرییەکان پێک بهێنین. ئەوان دوای دەستنیشانکردنی ڕێنمایی کردەیی بۆ دابینکردنی هاوپشتی، پاراستنی خۆیان و لەقاودانی پڕوپاگەندەی ڕژێم و دوژمنە چینایەتییەکان، قامکیان لەسەر داواکارییەکی سەرەکی و وردبینانە داناوە و نووسیویانە: خۆمان بۆ سەردەمی دوای ڕووخانی ڕژێم ئامادە بکەین: گواستنەوەی دەسەڵات تەنیا دەبێ لە ڕێگەی شۆڕاکانی جەماوەرەوە ئەنجام بدرێت، نەک لە ڕێگەی هێزە نیزامی و هەلپەرستەکانەوە.

لایەنگرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەو ڕاگەیاندنەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەر چەشنە ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیزم و هەڵاواردنێکی ڕەگەزی یان نەتەوەیی ڕەت دەکەینەوە. ڕزگاری سەرجەم نەتەوە و ڕەگەزەکان، لە گرەوی ڕزگاری هەمووماندایە. ڕاگەیاندنەکە دوای ئاماژە بە خواستی یەکسانی تەواوی مافەکانی ژنان و پیاوان و هەروەها هاوخەباتی لەم قۆناغەدا، بەم ڕستەیە کۆتایی پێدێت: ئێمە بۆ کەس شەڕ ناکەین و هیوامان بە هیچ هێزێک نییە. ئەگەر یەکبگرین و خۆمان ڕێکبخەین و ڕاستەوخۆ بڕیار بدەین، هیچ هێزێک ناتوانێت ژیانمان تێکبدات. ئێمە جگەرگۆشەکانمان بۆ داهاتوویەکی ئینسانی و ئازاد ئامادە دەکەین. چارەنووسی ئێمە لە دەستی خۆماندایە.