کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕوحانی: ڕزگارکردنی کەشتی نوقمبوو یان هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی

photo 2026 02 01 10 25 17

لە هەلومەرجێکدا کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی تر کەوتووەتە مەترسییەوە، بەشێک لە هێزەکانی ناوخۆی حکوومەت کەوتوونەتە خۆ بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێت بەر بە داڕمانی بگرن. دەرکەوتنەوەی حەسەن ڕوحانی وەکڕەخنەگری سیاسەتەکانی ڕژیمو قسەکردن لە پێویستیچاکسازیی بەرچاوهەر لەم چوارچێوەیەدا شیاوی تێگەیشتنە: نەک وەک دابڕان و تێپەڕبوون لە نەزمی هەبوو، بەڵکوو وەک هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی درزەکانی و بنیاتنانەوەی لانیکەمێکی ئەو هەژموونییە لەدەستچووەی کە ئیتر کارێکی سادە و مومکین نییە. ڕوحانی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی پێشووی کابینەکەیدا وتویەتی،ئامانج نابێت تەنیا بریتی بێت لە دڵخۆشکردن و هێورکردنەوەی خەڵک، بەڵکوو دەبێ بە چاکسازییەکی بەرچاو وەڵامی داواکارییەکانیان بدرێتەوە”. ئەم لێدوانە دانپێدانانێکی درەنگ وەختە بەوەی کە سیاسەتی سەرکوتی بەردەوام و بەڵێنی پووچ و بێبنەما چیتر بە تەنیا کارساز نییە و حکوومەت ناچارە بۆ درێژەدان بە ژیانی سیاسی خۆی، ڕەچەتەیەکیئیمتیازاتی کۆنترۆڵکراوبێنێتە ناو کایەکەوە. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە ڕژیم بێتوانا و دەستەوەستان لە وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی خەڵک، لە نێوان سەرکوتی لەڕادەبەدەر و فریوکاری سیاسیدا کەم و زۆر بەرچاو دەکەوێت.

بەڵام مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە: ڕوحانی باس لە چچاکسازییەکی بەرچاودەکات و ئەم چاکسازییە بڕیارە چ گرێیەک لە ژیانی خەڵک بکاتەوە؟ ڕوحانی نەک چاودێرێکی دەرەوە، بەڵکوو یەکێکە لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئەم نیزامە. کەسێکی کە ماوەی هەشت ساڵ لە پۆستی سەرۆکایەتیدا دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە لانیکەم خێرایی ڕەوتی دابەزینی ئاستی بژێوی خەڵک خاو بکاتەوە، یان ئەگەر توانایی ئەوەی نەبوو، ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێت و دەست لەکار بکێشێتەوە. بەڵام هیچ کام لەم دووانەى نەکرد. ئەو قەیرانەی ئێستا، هەڵاوسانی بەردەوام، داڕمانی ئاستی بژێوی ژیان، بێکاریی بەربڵاو و پەرەسەندنی نایەکسانی، لە هەمان ماوەی حوکمڕانیدا ئەودا پەرەیان سەند. تەنانەت ئەگەر بەشێک لەم ڕەوتە سەرچاوەکەی دەگەڕایەوە بۆ پێکهاتەی سەرەوەی دەسەڵات، بەڵام ڕوحانی نەک هەر هەوڵی پێشگرتنی نەدا، بەڵکوو بەکردەوە بەشدار بوو لە میکانیزمەکانی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەیدا: هەر لە درێژەدان بە پرۆسەیبەتایبەتیکردنو ڕادەستکردنی سەرچاوە و سامانی گشتی بە تۆڕەکانی نزیک لە دەسەڵاتەوە بگرە، تا تەرخانکردنی ئەو بودجە و ڕانتانەی کە بووە هۆی دەوڵەمەندکردنی هەرچی زیاتری ناوەندە ئابووریئەمنیەکان و بازنەی قۆرخکاریی بەهێزتر کرد.

دەوڵەتی ڕوحانی لەسەرەوە هەوڵیدەدا هێز و سامانی هەبوو، لە نێوان کەرتە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی و بەتایبەت سەرمایەی تایبەتدا سەرلەنوێ ڕێکبخاتەوە و لە خوارەوەش پلانی هەمیشەیی نەزمی زاڵ بەرەوپێش ببات. کەمکردنەوەی حەقدەستەکان، بێبەشکردنی هەرچی زیاتری چینی کرێکار و سنووردارکردنی توانای ڕێکخستنی سەربەخۆ، لە کارنامەی حکوومەتەکەی ئەودا تۆمارکراوە. ئەو چاکسازییە ڕواڵەتییەی کە ئەو قسەی لێ دەکرد، هەرگیز هێڵە سوورەکانی نەزمی باڵادەستی تێپەڕ نەکرد. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هاواریان دەکرد، حکومەتەکەی ناوبراو نەک پارێزەری ئازادی، بەڵکوو بەشێک بوو لە دام و دەزگای کۆنترۆڵ و سەرکوت.

لە ماوەی سەرۆککۆماریەکەیدا واتە لە(١٣٩٢ەوە تا ١٤٠٠)، لانیکەم سێ شەپۆلی گەورەی ناڕەزایەتی ڕوویدا کە لەگەڵ ئەوپەڕی دڕندەیی حکوومەت بەرەوڕوو بووەوە: بەفرانباری ١٣٩٦، بە سەرکوتی خوێناوی، خەزەڵوەری ١٣٩٨ کە خوێناویترین سەرکوتی سەردەمی ئەو بوو، وە بەهۆیەوە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەروەها ناڕەزایەتی لێرەولەوێی ساڵەکانی ١٣٩٩ و ١٤٠٠ کە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا. جگە لەوەش زۆرترین ژمارەی ئێعدامیش لە زیندانەکاندا هەر لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ناوبراودا تۆمار کراوە. لە بەستێنێکی ئاوادا،بەدەستهێنانی ڕەزامەندی جەماوەر، ئەویش لە زمانی یەکێک لە کۆنترین ڕوخسارە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، نەک وەرچەرخانێکی ئەخلاقی، بەڵکوو هەوڵێکی داماوانەیە لەپێناو مانەوەی ئەم نیزامەدا.

کەواتە، دەبێت بپرسین لەسەر چ بنەمایەک بڕیارە ڕەزامەندی خەڵک پێکبهێنرێت؟ ئایا لەسەر بنەمای دانپێدانان بە مافی دەسەڵاتدارێتی جەماوەر، ئازادی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی و وەڵامدەرەوەی ڕاستەقینەی دەسەڵات؟ یان لەسەر بنەمای دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی ڕانت لە نێوان کەسانی سەر بەو سیستەمە، کۆنترۆڵکردنی توڕەیی و بێزاریی کۆمەڵایەتی بە چەند ئیمتیازێکی سنووردار و دووبارە بنیاتنانەوەی هەمان نەزمی نایەکسان؟ ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕوحانی هێشتا لە چوارچێوەی بژاردەی دووەمدا خۆی دەبینێتەوە. ئەو ئێستاش کە وەکڕەخنەگرێکخۆی دەردەخات، لە ناوبردنی خامنەیی وەک تاوانباری سەرەکی ئەو دۆخە کارەساتبارەی کە بەسەر زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێراندا سەپێنراوە، خۆ دەبوێرێت. ئەم بێدەنگییە بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو سنووری هەمان ڕیفۆرمخوازیی ناو ئەو سیستەمەیە کە نایەوێت ناوەندی سەرەکی دەسەڵات بکاتە ئامانج، بەڵکوو هەوڵدەدات دەوروبەری ئەو دەسەڵاتە ڕێکبخاتەوە بۆ ئەوەی ئەوکەشتییە شکاوەلەسەر ئاو بمێنێتەوە.

واقیعییەت ئەوەیە کە زۆرترین قورسایی ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران، مووچەخۆران، خانەنشینان، ژنانی کرێکار و گەنجانی بێکار، واتە ئەو چین و توێژەی کە بەهای کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنن، بەڵام خۆیان کەمترین بەهرەی لێ وەردەگرن. لە بەرامبەردا تۆڕەکانی پەیوەست بە دەسەڵاتی سیاسی، نیزامی و ئابووری، وەک هەمیشە لە ڕانت و مافی پارێزراوبوون و کەڵەکەکردنی سامان بەهرەمەندن. پێداگریی ڕووحانی لەسەریەکڕیزی و یەکگرتوویشهەر لەم چوارچێوەیەدا مانا دەبەخشێت. لە لۆژیکی ڕیفۆرمخوازانی دەسەڵاتدار و بەتایبەتی جۆرە ڕاستڕەوەکەی، یەکگرتوویی بە واتای لێکنزیکبوونەوەی ئۆلیگارشی داراییە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ئەو سیستەمەدا، واتە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی وەلا بنێن تا بتوانن کۆمەڵگا بەڕێوە ببەن. ئەوچاکسازییە بەرچاوەی کە ڕوحانی مەبەستییەتی، نەک وەڵامدانەوە و  چارەسەرکردنی قەیرانی خەڵک، بەڵکوو ڕەچەتەیەکە بۆ ڕزگارکردنی دەسەڵات، دەسەڵاتێکی کە مەشروعییەتی خۆی لەناو شەقام و کارگە و زانکۆ و لە ژیانی ڕۆژانەی زۆرینەی کۆمەڵگادا لەدەستداوە. کۆمەڵگای ئێران بە تایبەت لە ئاخێزە خوێناوییەکەی ئەم دواییەدا نیشانی داوە کە ئەم لۆژیکەی تێپەڕاندووە. کەلێنی نێوان جەماوەر و بلۆکی دەسەڵات بەگشتی ئەوەندە قووڵ بووەتەوە کە تەنیا بە ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، پڕ دەبێتەوە.