کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕواڵەتی دزێوی شەڕ لە سوریە و عێڕاق و دەوری کۆماری ئیسلامی لە درێژە کێشانیدا

ئاگری شەڕ لە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هەروا بڵێسەدارە و هه‌تا دێت وێرانی زیاتری لێدەکەوێتەوە. ڕواڵەتی دزێوی ئەم قەیرانە ئەگەرچی لە سوریە و عێراق به‌رچاوتره‌، بەڵام زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریقای گرتۆتەوە. کوشتار، خوێنڕشتن و ئاوارە بوونی ئەو ئینسانانەی هیچ قازاجانێکیان لە سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە و درێژە کێشانیدا نەبووە و نییە رۆژانە تراژیدیای ئازار بەخشیان بەسەردا دەسەپێنێ.
دخاڵەتی هێزە نێوده‌وڵه‌تی و ناوچەییەکان لە هەرکام لەم وڵاتانەدا بە ئامانجی قایم کردنی جێگه‌وشوێنی خۆیان لە ڕقابەت لەگەڵ ئەویتر و بە دەستهێنانی ئیمتیازی زیاتر لە ڕاستای پتەو کردنی پایەکانی چەوساندنەوە و بێ مافكردنی جه‌ماوه‌ر، هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخە کارەساتبارەیە. لە ئاکامی ئەم جۆرە دەستێوەرداناندا بوو کە خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی سوریە بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و ژیانێکی باشتر لە ئاڕاستەی خۆی ترازا. فه‌ه‌زای ئه‌و وڵاته‌ میلیتاریزە کراو و پیلانە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان کەوتنەکار.ئێستا دوای تێپەڕ بوونی ٥ ساڵ لە بەردەوامی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە یاریکەرانی مەیدانەکانی شەڕی خاوەرمیانە خەریکی بەدەستهێنانی مەوقعیەتی باشتر لە دەورانی دوای شەڕ لەگەڵ داعشدان. بەڵام دوور نییە کە دەستەبەر کردنی ئه‌و مه‌وقعیه‌ته‌ بۆ دەورانی دوای داعش ئاکامی کارەساتبارتری هەڵبەت لە شیوەی تردا لێبکەوێتەوە. 745
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ئاگر خۆشکەرانی قەیرانی کارەساتباری وڵاتانی عێڕاق و سوریەیه‌. ئەم ڕژیمە لە هەمان سەرەتاوە لە بەرەی دیفاع لە ڕژیمی بەشار ئەسەدا قەراری گرت و بوو بە یەکێک لە پایەکانی بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە ئێستا لە سوریە لە ئارادایە.

کۆماری ئیسلامی هێزە ئێرانی و ئەفغانیەکانی بەکرێکراوی لەژێر ناوی چه‌واشه‌كارانه‌ی ” پارێزەرانی حەرەم” لەپاڵ هێزەکانی حیزب اللە ی لوبناندا بە پارەیەک کە لە نانی خەڵکی ئێرانی بڕیوە، هەزینەی ڕاگرتنی دیکتاتۆڕیه‌تی ٤٠ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد دابین دەکات، بەسەرپێوە ڕاگرتنی ئەم دیکتاتۆڕیه، بە قیمەتی کوشتاری خەڵکی بێ تاوانی سوریە و وێران کردنی شار و دێهاتەکانیان مەوقعیەتی لە ناخی قەیرانی سوریەدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. لە عێڕاقیش دەوری کۆماری ئیسلامی لە کوشتار و ماڵ وێرانی خەڵکدا کەمتر لە سوریە نییە. هێزە عێڕاقیەکان و بەتایبەت کۆپی سپای پاسداران ناسراو بە ” حەشدی شەعبی” داعش ئاسا پێ دەنیتە هەرجێگایەک دەکوژێ و دەسوتێنێ و وێران دەکات. ئەوان نەفرەتی قەومی و مەزهەبی پەرە پێ ئەدەن و ئیمکانی بەیەکەوە ژیان لەو ئینسانانەی کە ساڵانێک بەیەکەوە لە ئاشتی و ئارامیدا ژیاون، زەوت دەکەن. شەڕی ئەم دواییە لە فەلوجە کە ڕاستەوخۆ لەژێر هیدایەت و فەرماندەهی سپای پاسداراندا بوو، شاهیدی ئەم ئیدیعایەیە. خەڵکێک کە لە چنگ داعشدا ئەسیر بوون، له‌ ناكاو خۆیان بەرەو رووی هێزێک بینیەوە کە چەندان دەستی کەمی لە داعش نەبوو.

لەنێو دەوڵەتانی ناوچەکەدا کە خۆیان لە داهاتوی سوریەدا بە خاوەن بەرژەوەندی دەزانن، کۆماری ئیسلامی زیاتر لەوانیتر بە کردەوە لە شەڕی نێوخۆی سوریە و عێڕاقدا دەرگیرە. ئەم شەڕانە وێڕای تەحمیل کردنی خه‌ساره‌تی ئینسانی بەسەر خەڵکی ئێراندا ئاسەوار و دواهاتی لە چەشنی شەڕی ئێران و عێڕاق لەسەر ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتە بەجێدێڵی. هەزاران بنەماڵە لە ئەفغانستانی و ئێرانیەکان داغداری لە دەستدانی خۆشەویستانیانن لە بەرەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە. هەزاران کەمئەندام و لەپێ کەوتو لە ئاکامی ئەم شەڕەدا بەسەر دەستی کۆمەڵگادا ماوەتەوە. کۆماری ئیسلامی بە ملیارد دۆلار لە سەروەتی ئەم کۆمەڵگایە دەکات بە گەرووی ئەم شەڕە جەنایەتکارانەیدا. ئەو هەزینانەی کە دەیتوانی لە بوارەکانی بێهداشت و دەرمان و فێركردن و بارهێناندا و باقی بوارەکانی خزمەتگوزاریدا سەرف بکرێت، ڕاست بە پێچەوانە لە بوجەی روتینی ئەم بوارانەش بڕاوە و دەیان خەسار و برینی کۆمەڵایەتی بەسەر جەستەی ئەم كۆمه‌ڵگایه‌وه‌ بەجێدێڵێ.

بەپێی هێندێک ڕاپۆرتی باوەڕ پێکراو، ڕێژەی هەزینە نیزامیەکان و یارمەتی ماڵی کۆماری ئیسلامی بە دەوڵەتی ئەسەد لە سەرەتای شەڕی سوریە لە ساڵی ٢٠١١ زاینیەوە تا ژانویەی ساڵی ٢٠١٣ واتە ساڵێک و چوار مانگ بڕی ٩ ملیارد دۆلار بەراورد کراوە. کاتێک ئەرقامی هەزینەی دخاڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی تری وەک عێڕاق، یەمەن و ئەفغانستان و هیتری پێوە زیاد بکەین، ئەوکات بۆمان دەردەکەوێ کە سپای پاسداران چلۆن وێڕای قوربانی کردنی گیانی گەلێک ئینسان شیلەی گیانی بەملیۆن کرێکار لە ناوەدەکانی بەرهەمهێنان و ئابووری ژێر کۆنترٶلی خۆیدا، بۆ دابین کردنی هەزینەی دەستێوەردانە کۆنەپەرستانەکانی لە دەرەوەی سنورەکانی ئێران دەمژێت. ئەوکاتە بۆمان دەردەکەوێت کە چلۆن مافیای مادەی هۆشبەری ژێر فەرمانی سپای پاسداران، بە قیمەتی لەنێو بردنی گیانی بەملیۆن لاوی ئەم وڵاتە کەم و کەسریەکانی ئەم شەڕە کۆنە پەرستانەی دابین دەکات.

ڕژیمی ئیسلامی مانەوەی خۆی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا لە گرەوی دەخاڵەت لە قەیرانە ناوچەییەکانی دەرەوەی سنورەکانی ئێراندا دەبینێ. نابێ ڕێگا بدرێت کە گیانی ئینسانەکان و ئارەقی نێوچاوانی خەڵکی چەوساوە و بێبەشی ئەم وڵاتە بەم چەشنە بێ پەروا سەرفی ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی ڕژیمی ئیسلامی و لە خزمەت بە درێژەی حاکمیەتەکەیدا به‌ فیڕۆ بچێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-