کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕق و توڕەیی پەنگخواردووی مامۆستایان لە بەرامبەر پەرەسەندنی هەژاری و بێ مافی

images 40

ڕۆژنامەی ئیعتماد لە ژمارەی ٢٤ی پووشپەڕی خۆیدا ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی: “دەرکردن و سزادانی ٢٠ هەزار بەڕێوەبەری قوتابخانە لە دەوڵەتی سێزدەهەمدا، کە لەلایەن بەنەفشە سامگیس، پەیامنێری ئەم ڕۆژنامەیەوە نووسراوە، بڵاوکردەوە کە  بەشێوەیەکی گشتی چاوخشاندنێکە بەسەر کارنامەی دەوڵەتی سێزدەهەمدا و تیایدا چەند گۆشەیەک لەو ڕەنج و ئازارانەی کە ژیانی لە مامۆستایانی زەحمەتکێش تاڵ کردووە، خراوەتەڕوو. نووسەری بابەتەکە لە سەرەتادا باس لە سەرگوزشتەی ٧٠٠ دوکتۆر مامۆستای خاوەن چەندین بابەت و بەڵگەنامەی زانستی و باوەڕپێکراو دەکات، کە هەموویان لە تاقیکردنەوەی دامەزراندندا ڕەت کراونەتەوە و بە جێگەی ئەوان کۆمەڵێکحەراسەتینەخوێندەوار و دەستنیشانکراوی کاربەدستان، دامەزراون. ناوبراو نوسیویەتی، لەم ڕۆژانەی دوایی دەوڵەتی سێزدەهەمدا، قەڵەمەکان لە وەزارەتی پەروەردە کەوتوونەتە کار و بەردەوام واژۆ لەسەر گرێبەستی ئەو دەستنیشانکراوانە دەکەن کە نانی دامەزراندنی هەتاهەتایی بۆ دارودەستە و نزیکەکانی دەوڵەتی سێزدەهەم دابین دەکەن. لە وتارەکەدا ئاماژە بە هەڵسوکەوتی بەرپرسانی ئەمنی و پەروەردە بەرامبەر بەو خوێندکارە تازەلاوە کچ و کوڕانە کراوە کە بەشدارییان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیدا کردووە و دەستگیرکراون. ئەو خوێندکارانە لەلایەن هەزاران بەرێوەبەر و  مامۆستاوە پاڵپشتی کران. ناوبراو هەروەها دەنوسێت، ئەم هەزاران بەڕێوەبەر و مامۆستایە، دەرئەنجامی ئەم پاڵپشتییە دڵسۆزانەیان، چەند مانگ دواتر بینی، کاتێک حوکمی دەرکردن، دوورخستنەوە، گرتن، دابەزاندنی پلە، لێبڕینی مووچە، گواستنەوەی زۆرەملێ و هەڵپەساردنی زۆرەملێیان بەدەست گەیشت و بەمەبەستی وەڵامدانەوە لەلایەن کۆمیتەی سەرپێچی ئیداری و کۆمیتەی دیسپلینەوە بانگهێشت کران.

لە بەشێکی تری ئەم بابەتەدا وەک کۆبەندییەک ئاماژە بەوە کراوە کە کۆی وەزارەتی پەروەردە و ئیدارەکان لە دەوڵەتی سێزدەهەمدا، لەگەڵ کێشە و گرفتی زۆر بەرەوڕوو بوونەوە. لەو سێ ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکرا. ئەم هەڕەشانە، هاوکات لەگەڵ دۆخی دژواری بەڕێچوون، تەنگی بە ژیانی مامۆستایانی زەحمەتکێش هەڵچنیوە. جگە لە هەموو ئەمانە، پێویستە باس لە بینای کۆن و وێرانی قوتابخانەکان و هەروەها ئەو کلاسانەی دەرسیش بکەین کە بەهۆی زۆری قوتابیانەوە، هیچ ئارامییەک نە بۆ مامۆستا و نە بۆ خوێندکار ناهێڵێتەوە. دام و دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕێژیم، هۆکاری ئەو کەم و کوڕییانە دەخەنە ئەستۆی گەمارۆی ئابووری و کورتهێنانی بودجەی گشتی. لە کاتێکدا ساڵانە بە دەیان ملیارد دۆلار خەرجی دام و دەزگاکانی سەرکوت لە ناوخۆ و سەرکێشییە نیزامییەکانی لە دەرەوەی وڵات دەکەن. کورتهێنانی بودجە ئەو جۆرە بوارانە ناگرێتەوە و خەڵک دەبێت تاوانی بوارەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی بدەنەوە. ڕۆژنامەی هەم مەیهەنیش هەر لەو چوارچێوەیەدا لە وتارێکدا لەژێر ناونیشانیمامۆستایان لە بازنەی هەژاریدانووسیویەتی، کێشەی بژێوی مامۆستایان، فەرمی و نافەرمی بۆ نییە، حوکمی دامەزراندنی مامۆستایانی فەرمی بە ڕواڵەت زۆر شتی تێدا گونجاوە، بەڵام ئەوەی کە وەریدەگرن تەنانەت لانیکەمی پێداویستییەکانی بنەماڵەکانیان دابین ناکات. مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست، لە بارودۆخێکی گەڵێک دژوارتردا بەسەر دەبن، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە ناوچە بێبەشەکاندا وانە دەڵێنەوە. حەقی بیمەی مامۆستایانی نافەرمی، بە تەواوی نادرێت. حەقدەستەکانیان جگە لەوەی کە هەندێک جار مانگانە تەنانەت ناگاتە بڕی هەشت ملیۆن تمەن، بەڵام ئەوەشیان بە شێوەی پچڕ پچڕ و پاش چەندین مانگ وەدواکەوتن، پێدەدرێت. نووسەر، لە بەشێکی دیکەی ئەو بابەتەدا ئاماژە بەو مامۆستا خانەنشینانە دەکات کە لەلایەن ئیدارەی پەروەردەوە بانگێشت کراونەتەوە بۆ کار کردن و مانگانە بڕی پێنج ملیۆن تمەنی بۆ دیاری کردوون، کە ئەوەش بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، پێیان نادرێت.

ئەم دۆخە وایکردووە کە مامۆستایان سەرەڕای کەڵەکەبوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتی زۆر لە ناخیاندا، بە ناچار پەنا ببەنە بەر کاری دووەم و سێیەمیش. بەڵام بە هەمووی ئەمانەشەوە، ورەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ خەبات لە دژی هەژاری، سەپاندنی وانەی خوڕافات لە قوتابخانەکان، سەپاندنی ئاخووند وەک مامۆستای پەروەردەیی، سازماندانی سیخوڕ لە قوتابخانەکان و بە کاڵاکردنی پەروەردە و هیترلەنێو مامۆستایاندا شکڵی گرتووە. مامۆستایان چەندین ساڵە کە پێشەنگی خەبات بوون لەپێناو باشترکردنی ماف و حەدەستەکانیان و بەدەستهێنانی کەرامەت و مافی دێموکراتیک و کاتی بەتاڵ، بۆ ئەوەی خۆیان بۆ وانەوتنەوە ئامادە بکەن. ئەوان هاوکات بەردەوام بوون لەسەر درێژەی خەبات بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کاڵاکردنی پەروەردە، جیایی دین لە پەروەردە، ئاشکراکردن و لەقاودانی خراپ بەڕێوەبردن، گەندەڵی و هەڵاواردن و هەوڵدان بۆ دابینکردنی پەروەردەی بێبەرامبەری ڕاستەقینە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. مامۆستایانی خەباتکار بەرامبەر بە بێبەشبوونی منداڵانی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە خوێندن، ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە بۆتە هۆی ئەوەی کە ئیدارەی ئیتلاعات و دەسەڵاتی دادوەری گەندەڵ و گوێ لەمست، پەنا ببەنە بەر پیلانگێڕی و پەروەندەسازی لە دژی مامۆستایانی خەباتکار، ڕەوانەی زیندانیان بکەن و لەگەڵ ئەزیەت و ئازار و بێبەشی بەرەوڕوویان بکەنەوە. بەشێک لەو مامۆستایانە هەر ئێستاش لە بەندیخانەکاندان و لە زومرەی زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر و جێگەی ڕێز و خۆشەویستی گۆمەڵگان و لە ناو زیندانیشدا بەردەوام درێژەیان بە خەبات و تێکۆشانی خۆیانداوە.