ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٣ی خه‌رمانان، ١٣ هاووڵاتی خه‌ڵكی شاره‌كانی جوانڕۆ، سه‌رپولی زه‌هاو، دیوانده‌ره، بانه و بۆكان له‌لایه‌ن هێزه حكوومه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه به ساڵڕۆژی گیانبه‌ختكردنی “ژینا ئه‌مینی” شه‌پۆلێكی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتیان له شاره جۆراوجۆره‌كانی كوردستان ده‌ستپێكردووه و له شاری جوانڕۆ دوو كه‌س به ناوه‌كانی “شاهۆ مورادی” و “قه‌نبه‌ر وه‌یسی”، له شاری سه‌پولی زه‌هاو پێنج كه‌س به ناوه‌كانی “محه‌ممه‌دئێلیاس سه‌رزه‌لی”، “شاهۆ ئه‌حمه‌دی”، “كیانووش ئه‌خگه‌ر”، “میلاد حه‌یده‌ری” و “ئه‌میرمحه‌ممه‌د ڕه‌نجبه‌ر”، له شاری بانه هاووڵاتیه‌ك به ناوی “محه‌ممه‌د چاوشینی” و له شاری بۆكان سێ گه‌نج به ناوه‌كانی “هه‌ورام میرنه‌وایی”، “میلاد موسته‌فه‌وه‌ی” و “موحسین سه‌دعه‌زیزی” له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانی حكوومه‌ته‌وه ڕفێندراون.
