سەرەنجام دوای سێ شەو و ڕۆژ درو و حاشا کردن، ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە کە فڕۆکەی ئۆکراینیی پەروازی تاران بۆ “کی یێف” بەهۆی هاویشتنی مووشەک لە لایەن سیستەمی پەدافەندی سپای پاسدارانەوە بەربووەتەوە و هۆکاری ڕووداوەکە بە پێچەوانەی وتەکانی سەرانی ڕژیم لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، “کێشەی فەننی” نەبووە.
هەر لە یەکەمین ساتەکانی ڕوودانی ئەو کارەساتە کە بەهۆیەوە ١٧٦ کەس گیانیان لەدەست دا، بەڵگەی زۆر ڕوون و حاشا هەڵنەگر هەبوون کە نیشانی دەدا ئەو فڕۆکەیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی مووشەکی زەوی بە هەوا بەربووەتەوە. ئەم بەڵگانەش نەک لە ئارشیوی شاراوە و ئەمنیەتیی دەوڵەتەکاندا، بەڵکوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لە ئیختیار هەمووان دابوون. بەڵام لە ماوەی ئەم سێ شەو و ڕۆژەدا و سەرەڕای بوونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر کە نیشانی دەدا کۆماری ئیسلامی لەو ڕووداوەدا دەستی بووە، سەرانی ورد و درشتی ڕژیم نە تەنیا حەقیقەتی ماجەراکەیان دەشاردەوە، بەڵکوو بێشەرمانە، ئەم و ئەویان بە “درۆنانەوە” و وەڕێخستنی “شەڕی دەروونی” دژبە کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکرد. کار بە جێگایەک گەیشت کە تەنانەت ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە لە دەرەوەی وڵاتیش ڕاپۆرتی بەڵگەداریان سەبارەت بە بەربوونەوەی ئەم فڕۆکەیە بڵاودەکردەوە، لە لایەن سەرانی ڕژیمەوە هەڕەشەیان لێکرا. بەڵام حاشالێکردن بێ فایدە بوو. کۆماری ئیسلامی بەو پەڕی گەوجیەوە لای وابوو کە دەتوانی واقعیەتی مەسەلەکە، ئەویش لە دونیای ئەمڕۆدا، ئاواژوو نیشان دات. بەڵام سەرەنجام ناچار بوو دوای ٧٢ کاتژمێر، ڕەسمەن ڕایگەیەنێت کە ئەم فڕۆکەیە بەهۆی پەدافەندی هەوایی و بە “تەقەی هەڵە” لە لایەن سپای پاسدارانەوە خراوەتە خوارێ. بەمجۆرە، ئەو جەنایەتە دژە مرۆییە، ڕسوایی جیهانیشی لێکەوتەوە. هەڵبەت هەر دووی ئەم دیاردانە، واتە هەم جەنایەت و هەم ڕسواییش لە مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا یەک و دووان نین. کارنامەی ٤١ ساڵەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە، پڕە لەمجۆرە جەنایەت و ڕسواییانە. بەڵام ئەمجارەیان ئەم جەنایەت و ڕسواییە بەدوای باروودۆخێکدا هاتووەتە ئاراوە کە جەماوەری خەڵکی وەگیان هاتووی ئەم وڵاتە، ئۆتۆریتەی ئەم ڕژیمەیان لە سەر شەقامەکان بردۆته ژێر پرسیارەوە. خەڵک ئیتر لە سەرکوتگەریەکانی ڕژیم ناترسن. ڕووداوەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، نیشانەی ڕووحیەی ناڕەزایەتی و موقاومەتێکە کە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران شەپۆل لێدەدات.
ئێوارە و شەوی شەممە ٢١ی مانگی بەفرانبار خەڵک لە تاران و چەندین شاری دیکە لەوانە ئیسفەهان، ڕەشت، کرمان، شیراز، هەمەدان و برووجێرد، بابۆل و زەنجان، لە ناڕەزایەتی بە درۆ و حاشا لە حەقیقەت کردنی سەرانی کۆماری ئیسلامی هاتنە سەر شەقامەکان. “مەرگ بۆ ستەمگەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر“، “سپا جەنایەت دەکا، ڕێبەر حەمایەت دەکا“، “سپاهی حەیاکە، مەملەکەت ڕەها کە” ، “خامنەیی حەیا کە، مەملەکەت ڕەها کە“، لە زومرەی ئەو درووشمانە بوون کە لە کۆبوونەوەی دژە دەوڵەتیی ڕۆژی شەممە دەوترانەوە. هاوکات ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە قوربانیانی فڕۆکەی پێکراو لە لایەن پەدافەندی هێزی هەوایی سپای پاسداران، لە چەند زانکۆ لە تاران و شارەکانی دیکە بەڕێوەچوو. خوێندکاران بە هەڵکردنی مۆم ڕێزیان لە قوربانیان گرت. هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کردە سەر ئەم ڕێوڕەسمانە و بەرەوڕووی خوێندکاران گازی فرمێسک ڕێژیان بەکار هێنا.
هاویشتنی پتر لە ١٥ مووشەکی بالستیک بەرەو پێگەیەکی چۆڵ، لەژێرناوی “تۆڵەکردنەوە سەخت” لە ئەمریکا، بێ كیفایهتی لە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنێک کە بوو بەهۆی کوژرانی پتر لە ٦٠ کەس، خۆ وەدەرخستنی یەک لە دوای یەکی بەرپرسانی کیشوەری و لەشکری لە بەرامبەر میدیاکاندا و پەردەپۆشی جەنایەتی بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکراینیەکە، دان پێدانان دوای سێ ڕۆژ و هەوڵ بۆ پاساوکردنی لەژێر ناوی ” لە ئارادابوونی کەش و هەوای جەنگی“، هەمووی ئەمانە تازەترین نیشانەکانی ئالۆزی و شرپرزهییه لە ناو ڕیزەکانی کۆماری ئیسلامیدا. بەڵام بوونی ئەو ڕادەیە لە سهرلێشێواوی لە ناو ڕیزەکانی دوژمندا، لەناکاو پێك نههاتووه. لە ڕاستیدا، ئەوەیکە لەم ڕۆژانەدا لەناو ڕێزەکانی کۆماری ئیسلامی دا دەیبینین، پاش لەرزەکانی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەرن. ئاخێزێک کە بوو بە خاڵی وەرچەخانێک لە ڕووبەڕوو بوونەوەی جەماوەری ستەملێکراو و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایە لە بەرامبەر ڕژیمی ئیسلامیدا. ئەم سەرلێشێواویە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە کۆماری ئیسلامی زەنگی مەترسیی شۆڕشی بیستووە. بێ گومان لە ڕۆژەکان و مانگەکانی داهاتوودا گەلێک نیشانەی زیاتر لە شکست و پاشەکشەی ڕژیم لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەبینین. کوژرانی قاسم سولەیمانی یەکێک بوو لە نیشانەکانی کۆتایی ئۆتۆریتە و هێز نواندنی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پشت بەستن بە شەڕی نیابەتی. لەوە بەدوا شایەدی یەک لە دوای یەکی ئەم شکست و پاشەکشانەی ڕژیم دەبین. تەبانی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر هاویشتنی مووشەک بەرەو پێگەیەکی چوڵ كراو، لە موعاملەیەکدا لەسەر خوێنی قاسم سولەیمانی، دەستپێکی سازش و سەردانەواندنی ڕژیم لە بەرامبەر خواستەکانی ئەمریکادایە. سەرەڕای هەمووی ئەمانە پێویستە جەخت لەسەر ئەو ڕاستیە بکرێت کە ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی، دواجار لە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هەموو بوارەکاندا پاشەکشە و سازش دەکات، بەڵام لە بەرامبەر جەماوەری خەڵکی خەباتکار و بێبەشی کۆمەڵی ئێران هەروا سەرسەخت و سازش هەڵنەگر دەمێنێتەوە. لە ڕاستیدا، ئەوە تەنیا شۆڕشی داهاتووی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانی ئەم کۆمەڵەیە کە لەو بوارەشدا سەری ڕژیم لە بەرد دەکوتێ.