هەموو ڕۆژێک هەواڵێکی نوێ سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوە لە گۆشەیەک لە سروشتی ئێران بڵاو دەبێتەوە. لە نێویاندا دارستانەکانی زاگرۆس لە ڕۆژئاوای ئێران زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئەم سروشتە جوانە، کە شوێنی ژیان و حەوانەوەی جۆرە ئاژەڵە ناوازەکانە، لە ئاگری گەندەڵی و بێتوانایی و قازانج پەرستیدا دەسووتێت. لە کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەدەوە بگرە تا سەردەشت و مەریوان ئاگری یەک لە دوای یەک بە تایبەت لە مانگە گەرمەکانی پووشپەڕ و گەلاوێژدا بووەتە ڕۆتینێکی تاڵ. دارستانەکانی زاگرۆس کە بە ڕووبەری شەش ملیۆن هێکتار چل لەسەدی ڕووبەری دارستانەکانی ئێران پێکدەهێنن، لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی قەیرانی ئاگرکەوتنەوەی بەردەوام بووەتەوە. ئامارەکان دەریدەخەن کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی چل لەسەدی ئەم ئیکۆسیستەمە گرنگە لەناوچووە. لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ ئاگری گەورە و بچووک تەنیا لە پارێزگا سنوورییەکانی وەک ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کەوتووەتەوە کە زۆربەیان لە مانگەکانی پووشپەڕ و گەلاوێژدا ڕوویانداوە. بە وتەی چالاکانی ژینگەپارێز، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی ٤ ملیۆن هێکتار لە کۆی نزیکەی دە ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە و هۆکارەکانی دیکەدا لەناوچوون. لە ئێران بە گشتی یەک لەسەر سێی هەموو دارستانەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا لەناوچوون. هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئاگری دارستانەکان بە هیچ شێوەیەک بە جددی وەرناگیرێت، هۆکاری جۆراوجۆری تریش کاریگەرییان هەیە لە پرۆسەی لەناوچوونی دارستانەکانی ئێران. لە نێو ئەم هۆکارانەدا فاکتەری مرۆیی لە هەموویان بەرچاوترە.
یەکێک لە گرنگترین و لە هەمان کاتدا هەستیارترین لایەنەکانی ڕۆڵی مرۆڤ لە ئاگرەکانی دارستانەکانی زاگرۆسدا، بریتییە لە دەستێوەردانی ئەمنییەتی و سەربازیی. پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە بەشێکی بەرچاو لە زنجیرە چیاکانیان لەخۆگرتووە، بەهۆی هەڵکەوتەی سنووری و هەستیارییە ئەمنییەکانیان، گەلێک چالاکیی سەربازیی لەو ناوچانە بەڕێوە دەچێت. لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت ڕێکخراوی ژینگەش ئیزنی لێکۆڵینەوە و دەستوەردان لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پێ نەدراوە، چونکە ئەمانە بە بابەتی “ئەمنی” دادەنرێت. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مانۆڕە سەربازییەکان لەو ناوچانە زۆرجار تەقەمەنی و کەرەستەی گەرم و ئاگرین بەکاردەهێنرێت، کە لە وەرزی گەرمادا پووش و پاوانی وشک بە خێرایی ئاگر دەگرن.
ڕەهەندێکی دیکەی ڕۆڵی مرۆڤ لە لەناوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس پەیوەندی بە بەرژەوەندی ئابووری و سەوداگەرانی زەویەوە هەیە. گۆڕینی زەوییە دارستانییەکان بۆ زەویی بازرگانیی بە یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی سووتاندنی بە ئەنقەست دادەنرێت. پرۆسەی لەناوبردنی بە شێوەیەکی سەرەکی بەم جۆرەیە: سەرەتا بەشێک لە دارستانەکە بەهۆی ئاگرەوە لەناو دەچێت، دواتر ئەم زەوییە بۆ پڕۆژەی بیناسازی، دروستکردنی ڤێلا، یان گەشەپێدانی شار بە بیانووی “گۆڕینی بەکارهێنانی“، بەکاردەهێنرێت. ئەم ڕەوتی لەناوچوونە قازانجێکی زۆری بۆ دەڵاڵەکانی زەوی و وەبەرهێنەران هەبووە. فاکتەری سێیەمی دەستێوەردانی مرۆڤ پەیوەندی بە هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی هاووڵاتیانەوە هەیە. فڕێدانی پاشماوە سووتێنەرەکانی وەک شووشە لە دارستانەکاندا کە لەبەر تیشکی خۆردا ڕۆڵی ئاوێنەیەکی سووتێنەر دەبینێت، یەکێکە لەو حاڵەتانە. هەروەها چالاکییەکانی تری وەک کردنەوەی ئاگر لە سەیرانگاکان، جگەرەکێشان، یان جێهێشتنی پاشماوەی بیناسازی لە ناوچە دارستانییەکان، هەموویان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەن. ئەگەرچی ئەم بابەتانە ڕەنگە بە هۆی نەبوونی زانیاری یان کەمتەرخەمییەوە بێت، بەڵام لە کەشی وشک و گەرمی هاوینەکانی ئێراندا توانای ئەوەیان هەیە کە کارەساتی گەورەیان لێ بکەوێتەوە.
لە لایەکی ترەوە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئاگری دارستانەکان، نەبوونی کەرەستەی تایبەتمەندە. ئەو دامەزراوانەی کە بەرپرسن لە بەناو پاراستنی ژینگە، نەک هەر کۆپتەری ئاوپژێن، بەڵکوو تەنانەت لە سەرەتاییترین ئامرازەکانی وەک جل و بەرگی سەلامەتی ئاگرکوژێنەوە و ناردیوان و ئامێرە دەستییەکانیش بەهرەمەند نین. ئەوە لەکاتێکدایە کە کوژاندنەوەی ئاگرە بەربڵاوەکانی دارستانەکان، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوی و ئەستەمەکانی وەک زاگرۆس، پێویستی بە بەکارهێنانی کەرەستەی سەردەم و پێشکەوتوو هەیە. فڕۆکە و هێلیکۆپتەری ڕشاندنی ئاو، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ئامێری تایبەتمەند بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان، هەموویان ئامرازگەلێکی پێویستن، کە نەبوون یان کەمبوونیان بەکردەوە توانایی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەر لەگەڵ ئەو کارەساتانە کەم دەکاتەوە.
بەڵام لەناوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس تەنیا پرسێکی ژینگەیی نییە، بەڵکوو لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووری بەربڵاوی هەیە. ئەم دارستانانە تەنها شوێنی ژیان و حەوانەوەی سەدان جۆری ئاژەڵ و ڕووەکی ناوازە نین، بەڵکوو سەرچاوەی داهات و بژێوی زۆرێک لە خەڵکی ناوچەکەن. لەناوچوونی ئەم سروشتە جوانە و ئەم لەوەڕگە و شوێنی ژیان و حەوانەوەی سەدان جۆری دەگمەنی گیاندار و پەلەوەرە لەبەر چاوی دام و دەزگا پان و بەرینە سەربازی و ئیدارییەکانی ڕێژیمدا ڕوودەدات، بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کاریگەر بۆ پێشگرتنی بگیرێتەبەر. تەنیا خەڵکی ناوچەکە بوون کە بە دەستی بەتاڵ و بە خستنە مەترسی ژیانی خۆیان، ئەوەندەی توانیویانە دارستانەکەیان لە بڵێسەی ئاگر ڕزگار کردووە. کوژاندنەوەی ئاگری گەورە و بەربڵاو بەبێ ئامراز و کەرەستەی ئەمڕۆیی، لەوانە فڕۆکە و کۆپتەری ئاوپژێن مومکین نییە. سپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی کە هەر ڕۆژە و لە گۆشەیەکی ئێران مانۆڕی پڕهەزینە و پڕ هەراوهوریا بەڕێوە دەبەن و زۆرجار خۆیان هۆکاری ئەو جۆرە ئاگرکەوتنەوانەن، تەنانەت لە پێدانی ئەو کەلوپەلانەی لەبەردەستیاندایە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە خۆ دەبوێرن. ئەوان کە بە بیستنی بچووکترین هەواڵی خۆپیشاندان یان بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی، بە خێرایی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە، لە کاتێکدا کە ئاگر دارستان و لەوەڕگەکانی ڕۆژئاوای ئێران لەناو دەبات، هیچ کاردانەوەیەکیان نییە. ئەم ڕاستیانە بەشێوەیەکی گشتی ئەوە دەردەخەن کە ڕزگاربوونی ژینگەی ئێران لەو مەترسییەی کە لەگەڵی بەرەوڕووە، بەبێ ڕزگاربوون لە دەستی کۆماری ئیسلامی، مومکین نییە.