کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

ڕاگەیەندراوی خەبەریی دانیشتنی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانی ئێران

ڕاگەیەندراوی خەبەریی دانیشتنی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانی

دانیشتنی سەرەکیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥ی مانگی ١ی ٢٠٢٦) بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا بارودۆخی سیاسیی ئێران و گۆڕانکارییە نوێکان لە کوردستان تاوتوێ کرا، پشتیوانی لە خەبات و ڕاپەڕینی سەراسەریی گەلان و پێکهاتەکانی ئێران ڕاگەیەنرا و جەخت لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش، ڕێکخراو و بەرهەمدار بۆ بەهێزکردن و ئاراستەدان بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی کرایەوە.

دانیشتنەکە بە ڕێزگرتن لە یاد و گیانی شەهیدان و قوربانییەکانی ناڕەزایەتییەکانی دوایی لە ئێران و ناوچەکانی خوارووی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەیین ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لە وتاری کردنەوەی دانیشتنەکەدا ئامانجی کۆبوونەوەکەی ڕوونکردەوە و تیشکی خستە سەر ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەی کە لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی زیاتری لەسەر شانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنرێن. دواتر دانیشتنەکە بە بۆچوون، تێبینی و سەرنجی بەشداربووان دەوڵەمەند کرا. لە ناو دانیشتنەکەدا شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپێشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی ـ کە دەرئەنجامی ساڵانێکی زۆر گەندەڵی، ناکارامەیی و سیاسەتی دژیگەلیی ئەم ڕێژیمە بوون ـ بەرز نرخێندران. هەروەها سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان، ئیلام، مەلەکشایی و لوڕستان بە بڕیاری ڕاستەوخۆی خامنەیی، کە دیسان مافخوازیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی بە ئاژاوە ناو برد، بە توندی مەحکووم کرا. لە هەمان کاتدا، سەرەخۆشی و هاودەردی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی دوایی لە سەرانسەری ئێران، بە تایبەتی لە مەلەکشایی و ناوچەکانی خوارووی کوردستان، ڕاگەیەنرا و جەخت لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران و هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کرایەوە، بۆ ڕاگرتن و بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی دوژمنکاری و سەرکوتی سیستماتیکی بزووتنەوەی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە.