کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە هۆکارەکانی واژۆنەکردنی بەڵگەنامەی هاوپەیمانیی نێوان چەند حیزبێکی کوردستان

ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە هۆکارەکانی واژۆنەکردنی بەڵگەنامەی هاوپەیمانیی نێوان چەند حیزبێکی کوردستان

هەروەک ئاگادارن، پێنج حیزب لە حەوت حیزبەکەی ئەندام لە «ناوەندی دیالۆگی حیزبەکانی کوردستانی ئێران»، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی هاوبەشەوە، بەڵگەنامەی «هاوپەیمانی»یان لە نێوان خۆیاندا واژۆ کرد. کۆمەڵە، وەک یەکێک لە حیزبە بەشداربووەکانی «ناوەندی دیالۆگ»، لە دەستپێکی پرۆسەی گفتوگۆکانەوە هەوڵی داوە ڕۆڵێکی کارا لە پێشخستنی دیالۆگێکی بنیادنەردا بگێڕێت؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم بەڵگەنامەی هاوپەیمانییەی واژۆ نەکردووە. لەبەر ئەوەی شەفافیەت لەبەردەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان یەکێکە لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی ئێمە، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین هۆکارەکانی ئەم بڕیارە بە ڕاشکاوی و بە تەواوی ڕوون بکەینەوە:

١ئەو حەوت حیزبەی لە ناوەندی دیالۆگدا کۆبوونەتەوە، لە ڕووی بەرنامەی سیاسی، ستراتیژ، نەریتی خەباتگێڕانە و پێشینەی مێژووییەوە وەک یەک نین. لەم نێوەندەدا، ڕەوتی ئێمە وەک ڕەوتێکی سۆسیالیست، سەر بە نەریتێکی ناسراوە لە کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستاندا. لەم نەریتەدا، بزووتنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرتاسەری ئێران لە زومرەی هاوپەیمانەکانی بزووتنەوەی خەڵکی کوردن، لەم نەریتەدا، هاوتەریب بوون لەگەڵ سیاستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران و کوردستان هیچ جێگەیەکی نییە، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو و بەتایبەت سەڵتەنەخوازان، کە لە ئێستاوە بە ئاشکرا دژایەتی هێزە چەپەکان و مافی نەتەوەکان دەکەن، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی ئێمە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئێمە ئەم جیاوازی و فرەچەشنە سیاسییە نەک وەک خاڵی لاواز، بەڵکوو وەک بەشێک لە واقیعێکی زیندووی کۆمەڵگەی کوردستان دەبینین. لە ڕوانگەی ئێمەوە، هەر چەشنە هاوکارییەکی بەردەوام لە نێوان ئەم حیزبانەدا تەنیا کاتێک سەرکەوتوو و بەرهەمدار دەبێت کە ئەم جیاوازییانە بە شەفافی لە بەڵگەنامە فەرمییەکان، لە پرۆسەکانی هاوکاری، میکانیزمەکانی بڕیاردان و بەڵێنی و پابەندبوونە هاوبەشەکاندا بە وردی ڕەنگ بدەنەوە. ئەزموون سەلماندوویەتی هەر دامەزراوەیەک لەسەر بنەمای پشتگوێخستنی جیاوازییە ڕاستەقینەکان بونیاد بنرێت، لە قۆناغە هەستیارە سیاسییەکاندا تووشی قەیران و لەبەریەک ترازان دەبێت.

٢لە ڕوانگەی ئێمەوە، لە پرسی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا، پێش گەڕان بەدوای خاڵە هاوبەشە بەرنامەییەکاندا، کە پەیوەندی بە داهاتووەوە هەیە، دەبێت ستراتیژ، سیاسەت و تاکتیکە دیاریکراوەکانی پەیوەست بە دۆخی ئێستا و میکانیزمە عەمەلییەکان ڕێککەوتن بدرێنە بەر باس و لێکۆلینەوە. بۆ نموونە، پێکهێنانی دامەزراوەیەکی وەک «کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەش» خۆی لەخۆیدا پرسی سەرەکیی نییە، بەڵکوو پرسی سەرەکیی بریتییە لە دیاریکردنی ئەو سیاسەتەی کە ئاراستەی چالاکییەکانی دامەزراوەیەکی لەو شێوەیە دەکات. یەکێتییەک کە بۆ نموونە لەم بوارەدا لە ڕاشکاوی و ڕوونیی سیاسیی بەهرەمەند نەبێت، لە کردەوەدا کارامە نابێت و شرۆڤە و لێکدانەوەی جیاواز بۆ میکانیزمەکانی، دەکرێ خۆی دەبێتە سەرچاوەی قەیران و هاوکارییەکە بە بنبەست دەگەیەنێت. ئەم پرسە بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان یان ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا هەستیارییەکی تایبەتی هەیە.

٣یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی جیاوازی و ناکۆکی ئێمە، بریتییە لە پرسی پێگەی هێزی چەکدار لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی داهاتووی ئێراندا. هەڵوێستی ڕوونی کۆمەڵە ئەوەیە کە لە دوای هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی لە کوردستاندا، چەک نابێت لە دەستی هێزە حیزبییەکاندا بمێنێتەوە، بەڵکوو دەبێت لە ماوەیەکی کاتیی دیاریکراودا و بە هەماهەنگی پێویستی حیزبە چەکدارەکانی کوردستان، ڕادەستی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی جەماوەر بکرێت. ئەم پرەنسیپە بۆ ڕێگری لە کێبڕکێی سەربازی و گەرەنتی کردنی ڕاگواستنێکی دیموکراتیانە، یەکجار گرنگە. تەنانەت یەکخستنی هێزە چەکدارەکانی حیزبەکان لە پێکهاتەیەکی یەکگرتوودا، ئەگەریش مومکین بێت، کە بێگومان ئەوەش کارێکی دژوارە، ناتوانێت گەرەنتییەکی تەواو بێت بۆ بەکارنەهێنانی چەک لە ململانێ سیاسییەکاندا.

٤بە بڕوای ئێمە، حیزبە سیاسییەکان لە هیچ بارودۆخێکدا بۆیان نییە دەسەڵاتی سیاسی لە سەرووی خەڵکەوە لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. دەسەڵاتدارێتی مافی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی جەماوەرە و بە بیانووی «قۆناغی ڕاگواستن» یان «ئامادەنەبوونی خەڵک» ناکرێت مافی سروشتی خەڵک بۆ پیادەکردنی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی خۆیان سنووردار بکرێت. هەر بۆشاییەکی دەسەڵات کە دروست دەبێت، دەبێت لە ڕێگەی هاندانی خەڵک بۆ پێکهێنانی شۆڕا و دامەزراوە دیموکراتیکەکان لە گەڕەکەکان، شارەکان، ناوەندەکانی کار، زانکۆ و شوێنەکانی ترەوە پڕ بکرێتەوە، نەک ئەوەی حیزبەکان ئەو بۆشاییە لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. پێویستە حیزبە سیاسییەکان زەمینەی هاتنەدی دەسەڵاتدارێتی جەماوەر و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی سەرچاوەگرتوو لە دەنگی خەڵک و پابەندبوونی تەواو بە ئیرادە و هەڵبژاردنی ئەوان فەراهەم بکەن.

٥کوردستانی ئێران خاوەنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و مەدەنی بەهێزە. لە دیدگای ئێمەوە، زاڵبوونی ڕوانگەی سەربازی بەسەر سیاسەتدا، ئەم سەرمایە ناوازە و بێوێنەی داهاتووی ئەم کۆمەڵگەیە لاواز دەکات. لەبەر ئەوە، ئەگەر بڕیار بێت هێزە چەکدارەکانی حیزبەکان لە «سپایەکی کوردستانی» یەکگرتوودا تێکەڵ بکرێن، پێش هێنانەئارای پرسی سپای یەکگرتوو، پێویستە ڕێککەوتنێکی ڕوون لەسەر ئەم پرسیارە بنەڕەتییە بکرێت کە چ سیاسەتێک بەسەر ئەو هێزەدا زاڵە و ئەو هێزە لەژێر چاوەدێری کام دامەزراوەدایە؟ بە بڕوای ئێمە، هێزێکی لەو شێوەیە دەبێت لەژێر ئاراستەی دامەزراوە جەماوەرییەکاندا بێت، نەک لەژێر فەرماندەیی حیزبە سیاسییەکان، چونکە لە ئەگەری دروستبوونی هەر ناکۆکییەکی سیاسی لە نێوان حیزبەکاندا، ئەو هێزە کە بە ڕواڵەت هاوبەش و یەکگرتووە، ڕەنگە لەناکاو بەسەر گرووپە جیاوازەکانی سەر بە حیزبەکاندا دابەش بێت و لە ئەنجامدا بکەوێتە خزمەت پڕۆژە جیاوازەکانی ئەم حیزب و ئەو حیزبەوە.

٦دوژمنانی خەڵکی کورد بە بەکارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دانوستانی جیاجیا لەگەڵ حیزبەکان، یان ئەگەر نەیانتوانی، لە ڕێگەی هاندان و  وروژاندنی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی نێوان کورد و تورک، شیعە و سوننە و هتد لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، ناکۆکی و دووبەرەکی بنێنەوە. پووچەڵکردنەوەی ئەم سیاسەتە پێویستی بە ڕێککەوتنێکی ڕوونە لەسەر بنەمای هاوپشتی خەباتگێڕانەی خەڵکی هاوچارەنووس لە سەرتاسەری ئێران، بەبێ ڕەچاوکردنی نەتەوە، ڕەگەز و ئایین. یەکێتی و یەکگرتوویی خەباتگێڕانەی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی تری کۆمەڵگەی ئێران، مەرجێکی ئێجگار گرینگە بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان. لە ڕوانگەی ئێمەوە، هەر بەڵگەنامەیەکی هاوکاری دەبێت سنووربەندییەکی ڕوونی لەگەڵ ڕەوتە ڕەگەزپەرست و ڕاستڕەوە سەرتاسەرییەکان هەبێت و هاوپەیمانانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە ڕیزی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی تری سەرتاسەری ئێران، لەوانە بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکانی نەتەوە ستەملێکراوەکانی تردا بدۆزێتەوە و هاوڕێیەتییان بکات.

٧زۆربەی ئەو خاڵە سیاسییە بنەڕەتییانەی کە باسمان کردن، یان لە پلاتفۆرمی پێشنیارکراودا بوونیان نییە، یان ئەوەندە ناڕوون و تەمومژاوی داڕێژراون کە دەکرێ شرۆڤە و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ بکرێت، بۆیە ناتوانن ببنە بنەمای هاوپەیمانییەکی بەردەوام. لەبەر ئەوەی ناکۆکییەکانی ئێمە تەنیا لە فۆڕم و پێکهاتەی بەڵگەنامەکەدا کورت نەدەبووەوە، بەڵکوو پەیوەندی بە پێویستی شەفافیەتی سیاسی، میکانیزمی ڕوونی بڕیاردان و پابەندبوونی دیاریکراوەوە هەبووە لە چوارچێوەی هاوکاریدا، هەر بۆیە چارەسەرمان لە پێداچوونەوە و چاککردنی ئەم یان ئەو بەندی ئەم پلاتفۆرمەدا نەبینی، چونکە پێمان وایە هەر پلاتفۆرمێک دەبێت لە سەرەتاوە لەسەر بنەمایەکی ڕوونی سیاسی و ڕێککەوتنی ورد دابڕێژرێت، ئەگەرنا بە چارەنووسی ئەزموونە بێ ئاکامەکانی پێشوو دوچار دەبێت.

٨ئێمە پێکهاتنی «ناوەندی دیالۆگ» بە هەنگاوێکی ئەرێنی، پێویست و گونجاو لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری ئێستا دەزانین. ئەم ناوەندە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دروستکردنی کەناڵە پەیوەندییە ڕێکخراوەکان و هێنانەئارای ئاستێک لە لێکتێگەیشتنی سیاسی. ئەزموونی ئەم قۆناغە و ساڵانی ڕابردووش نیشانی داوە کە حیزبە چالاکەکانی کوردستان، تەنانەت بەبێ ڕێککەوتن لەسەر پلاتفۆرمێکی هاوبەشی نووسراویش، توانیویانە لە قۆناغە هەستیارەکاندا هاوکاریی کاریگەر و حەرەکەتی سیاسی گرنگ ڕێک بخەن. نابێت ئەم سەرمایە سیاسییە لەبەرچاو نەگیرێت.

٩بەشدارینەکردنی ئێمە لەم «هاوپەیمانییە» تایبەتەدا، بە واتای کشانەوە لە هاوکاری لەگەڵیدا نییە. ئێمە سیاسەتی هاوکاری و هەوڵی هاوبەش لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ حیزبە سیاسییە چالاکەکانی کوردستانی ئێران لە ئەولەوییەتی کاری خۆماندا دەهێڵینەوە و پشتگیری لە بەردەوامی دیالۆگی بەردەوام و بنیادنەر دەکەین. بەڵام یەکێتییەکی کە لەسەر بنەمایەکی لەرزۆک و لەبەرچاونەگرتنی جیاوازییە ڕاستەقینەکان بونیاد بنرێت، نەک هەر بزووتنەوەی کوردستان بەرەو پێش نابات، بەڵکوو لە کاتە هەستیارەکاندا دەبێتە بارێکی گران بەسەر شانییەوە. ئێمە بڕوامان بە هاوپەیمانی و یەکێتییەکی ئەوتۆ هەیە کە بە ڕاستگۆیی و بە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان پێک بێت.

١٠کۆمەڵە خاوەنی بەڵگەنامەیەکی پەسندکراوی گشتگیرە سەبارەت بە هاوکاری و هەماهەنگی حیزبە سیاسییە چالاکەکانی کوردستان، کە بەم زووانە و لەم پەیوەندییەدا سەرلەنوێ دەخرێتەوە بەردەستی ڕای گشتی.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی