ڕۆژی هەینی 19ی جۆزەردان دەیان کەس لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” خەڵکی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان سەردانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بوکان و سەقزیان کردووە و پاشان پێکەوە سەردانی مەزاری (ژینا ئەمینی)یان کرد.
بەشداربووان لە حاڵێکدا وێنەی ئازیزانی گیانبەختکردوویان بە دەستەوە گرتبوو لە نێو گەمارۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەدا گۆییان دا بە بەیانێک کە لە لایەن دایکی زیندوویاد هومەن عەبدۆڵلاهی)یەوە خوێندرایەوە. ئەوان وێڕای ئیدانە کردنی هەوڵەکانی ڕژیم بۆ تێک دانی دەور و بەری مەزاری ژینا، پەیمانیان لەگەڵ ئارمانەکانی ئازیزەکانیان نوێ کردەوە و سوێندیان خوارد کە هەتا گەیشتن بە ئامانج، خۆڕاگر بن. هەروەها دایە شەریفە دایکی نەمر ڕامین حسێن پەناهی لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا گوڵی پێشکەش بە باقی دایکانی بەشدار بوو کرد. لە ڕێگای گەڕانەوەدا دوو مینی_بوسی هەڵگری دایکان و باقی ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەخت کردووان کەوتنە بەر هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم و 40 کەسیان لێ دەسبەسەر کرا.
ئەم کردەوە ترسنۆکانە، ئەوپەڕی ئاڵۆزی و داماوی فەرماندەکان و سیاسەت داڕێژەرانی ڕژیم نیشان دەدات و ئیرادەی خەڵکی ئازادە بۆ درێژەی شۆڕشی ژینا بتەوتر دەکات. گەرچی بەشێک لە دایکان و منداڵەکانیان ئازاد کردووە بەڵام باوکان و بەشێکی دیکە لە دایکان هێشتا لە گرتووخانەدا ڕاگیراون. ئێمە دەستگیری دایکانی داخدار کە پەیگیری خوێنی جگەرگۆشەکانیان، بە توندی مەحکوم دەکەین. هیچ گومانی تێدا نییە خەڵکی توڕە و ئازادە لە ئێران و بە تایبەت کوردوستان خوازیاری ئازادی دەسبەجێ دەسبەسەر کراوان و داوای لێبوردن کردن لە ئەم بنەماڵە بەڕێز و سەربەرزانەن.
کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردوستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
22ی جۆزەردان 13402