کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان

Picsart 25 03 03 01 21 17 479

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان

٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، ڕۆژێکە کە ژنان لە سەرانسەری جیهان دەنگی ناڕەزایی خۆیان دژی نایەکسانی، توندوتیژی، چەوساندنەوە و هەڵاواردن بەرز دەکەنەوە. ئەم ڕۆژە، نەتەنها یادەوەریی خەباتی مێژوویی ژنانی کرێکارە بۆ دەستەبەرکردنی مافی یەکسانە، بەڵکو هێمایەکە لە بەردەوامیی خەباتی ژنان دژی شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکان و سیستەمە سەرەڕۆکاندا.

ژنان لە کوردستان و ئێران، لەژێر حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا، ڕووبەڕووی یەکێک لە دڕندانەترین شێوازەکانی سەرکوتی ڕەگەزی بوونەتەوە. سیاسەتەی دژ بە ژنی ئەم ڕژێمە لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، لە قەدەغەکردنە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگرە تا سەرکوتی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ژنان، نیشاندەری دوژمنایەتی بنەڕەتیی ئەوە لەگەڵ ئازادیی ژنان. بەڵام سەرەڕای ئەم سەرکوتانە، ژنانی خەباتکاری ئێران و کوردستان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان و خەباتە ئازادیخوازەکاندا ئامادە بوون.

بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادیکە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بوو بە ڕاپەڕینێکی گەورەی جەماوەری، نیشانی دا کە ژنان نەتەنها قوربانیی سیستەمی سەرکوتکەر نین، بەڵکو هێزی سەرەکیی گۆڕان و گۆرانگارین. ئەم بزووتنەوەیە، بناغەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەژاند. بزووتنەوەیەک کە ژنانی ئازادە هێزی بزوێنەر و پێشڕەوی ئەو راپەرینەی پێک دەهێنا بە بەرنامەیەکی ڕوون کە لە دروشمی پڕ واتا و ڕزگاریبەخشی ئەودا کورت کرابووەوە، ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ سەر کۆی کۆمەڵگای ئێران کردەوە.

کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە، وەک بەشێک لە بزووتنەوەی ڕزگاریبەخشی ژنان، بە بۆنەی ٨ی مارس، جارێکی دیکە لەسەر پابەندبوونی خۆی بە خەبات بۆ دابینکردنی هەموو مافە پێشێلکراوەکانی ژنان، بە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و یاسا کانی دژ بە ژنی ئەو رژیمە ، بە خەبات دژی هەموو نەریتێکی کۆیلەیی پیاوسالارارانە لە کۆمەڵگا جەخت دەکاتەوە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئازادیی کامڵی ژنان لە گرەوی ڕووخاندنی ئەم سیستەمە و دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیک و لەسەر بنەمای یەکسانیدایە.

کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە لە هەموو ژنانی ئازادیخواز، چالاکانی مافەکانی ژنان و هێزە پێشکەوتووخوازەکان داوا دەکات کە لەم ڕۆژە مێژووییەدا، بە ڕێکخستنی کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی و بەرنامەی هۆشیارکەرەوە، دەنگی ناڕەزایی خۆیان بەرزتر بکەنەوە و هاوپشتیی جیهانیی ژنان بەهێز بکەن.

ئێمە لە هەموو ژنانی کوردستان، ئێران و سەرانسەری جیهان داوا دەکەین کە بەرامبەر یاسا ژن دژییەکان، نەریتە دواکەوتووەکان و هەر جۆرە سەرکوتێکی سیستەماتیک خۆڕاگر بن. خەبات بۆ یەکسانی، خەباتێکە کە پێویستی بە هاوپشتی، هۆشیاری و ئازایەتی هەیە و ٨ی مارس، دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی ئیرادەی نەلەرزۆکی ئێمە لەم بوارەدا.

ژن، ژیان، ئازادی!

کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە (

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) ٢ی مارس ٢٠٢٥