٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی کوژرانی خوشکەکانی میرابێل، پاتریا، مینێروا و ماریا تێرێزا، لە خەباتی سیاسی لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆری لە کۆماری دۆمینیکێن، ساڵی ١٩٦٠ وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاریکراوە. دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر ناوزەدکردنی ئەم ڕۆژەدا، چاوخشاندنێک بەسەر ئەو توێژینەوانەی کە لە جیهاندا ئەنجام دراون، دەریدەخات کە توندوتیژی دژی ژنان هێشتا لە سەرجەم کۆمەڵگاکاندا بەردەوامە و تەنانەت لە کۆمەڵگا پێشکەوتووە سەرمایەدارییەکانیش کەم تا زۆر بەدیدەکرێت. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، لەمێژ ساڵە سەرچاوە فەرمییەکان خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و ئامارەکانی پەیوەست بە توندوتیژی بنەماڵەیی لەم وڵاتەدا دەبوێرن. دوایین ئاماری فەرمی پەیوەندی بە توێژینەوەیەکی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ١٣٨٣وە هەیە و بەپێی ئەو توێژینەوەیە ٦٦%ی ژنانی ئێران بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. توندوتیژی دژی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی و بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ٥٧، بە سەپاندنی حیجابی ئیجباریی، سەرکوتکردنی ژنان و زەوتکردنی ئازادی جلوبەرگ، دەستی پێکرد. ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی، لە ساڵەکانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیدا، زۆر بە خێرایی هەموو بوارەکانی ژیانی ژنانی تێپەڕ کرد و بە چڕکردنەوەی هەموو جۆرە ستەمێک لە سەر ژنان، هەر لە توندوتیژی بنەماڵەیی و هاوسەرگیریی لە تەمەنی منداڵییەوە بگرە تا کوشتن بەناوی نامووس و پژاندنی تێزاب بە دەم و چاوی ژنانی ئازادیخواز و هتد، گەیشتە لوتکە.
ئەم توندوتیژییە لەدژی ژنان، ساڵی ١٤٠١ و لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کوردستان و سەرانسەری ئێرانەوە لەگەڵ ئاڵەنگاری بەرەوڕوو بووەوە. بەڵام ئەو قۆناغە، لە هەمان کاتدا، وەحشیگەری و دژە ژن بوونی ڕێژیمی ئیسلامی لە هەموو کاتێک زیاتر نیشان دا. کوشتن و تیرۆرکردنی کچان لەسەر شەقامەکان، دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکان، کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی دێرینی دەستدرێژی و توندوتیژی ڕێکخراو لەناو زیندانەکان و هەروەها ژەهراویکردنی قوتابخانە و بەشەناوخۆییەکانی کچان، هەمووی ئەمانە لە زومرەی ئەو ڕێوشوێنە جینایەتکارانەیە بوون کە هەر لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو لەدژی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنانی ئێران، بەکارهێنران. لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی کە بەسەر دەستپێکی شۆڕشی ژینادا تێپەڕ دەبێت، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵیانداوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای حیجاب، تەرحی نوور و بەکارهێنانی سزا گەلێکی وەک غەرامەی قورس، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و زیندانی درێژماوە و لەم دواییانەشدا بە تەرحی گاڵتەجاڕانەی دامەزراندنی “کلینیکی چارەسەری بێ حیجابی“، لەدژی ئەو ژن و کچانە بوەستنەوە کە تەسلیمی حیجابی ئیجباریی نابن. ژنانی ئازادیخواز وەڵامی سەرجەم ئەم تەرح و گەڵاڵە ڕەنگاوڕەنگانەیان لە گۆڕەپانی شەقامەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکاندا، بە تووڕهەڵدانی حیجابی ئیجباریی داوەتەوە. ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ژنانی ئازادیخواز لەم بوارەدا سەرکەوتوون و ڕێژیمی ئیسلامی لەگەڵ شکست و داماویی بەرەوڕوو بووەتەوە.
ئەم ئەزموونە کە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بە بەرچاوترین شێوە دووپات بووەوە، دەریخست کە تەنیا خەبات و هاوپشتی جیهانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەتوانێت پێوەندییەکانی دەسەڵاتی ناهاوسەنگ، بە نەهێشتنی فەرهەنگی کۆنی پیاوسالاری و توندوتیژیی پێکهاتەیی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا، تێک بشکێنێ و خەبات و تێکۆشان لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی ژنان و پیاوان بە ئاکام بگەیەنێت. بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە پێویستە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە بکەینەوە کە هێشتا تا کۆتاییهاتن بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و باقی نایەکسانییەکانی دیکە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، ڕێگایەکی دوور و درێژمان لەپێشدایە و بێ گومان سەرەنجام بە ئازادی و ڕزگاریی یەکجاری دەگەین. ئەمساڵ ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە هەر شێوەیەکی مومکین، هاوهەنگاو لەگەڵ باقی هەڵسووڕاوانی بواری مافەکانی ژنان، لە شەقامی شارە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی“، دەستکەوتەکانمان بەرز دەنرخێنین و مژدەی ڕزگاریی حەتمی ژنان، بە گوێی جیهان دەگەیەنین.
کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٤
٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣