کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە ئیدانەکردنی دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ئێران

ڕاگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرلەنوێ سیاسەتی دژە ئینسانی و سەرکوتگەرانە و دژە کۆچبەریی خۆی چڕتر کردۆتەوە و شەپۆلێکی نوێی دەرکردنی زۆرەملێ و گەڕاندنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستانی دەستپێکردووە. ئەم کردەوانە نەک هەر پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ و بنەما سەرەکییەکانی مافی پەنابەرانە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ ژیانی هەزاران کەس لەوانە ئەو منداڵانەی کە لەدایکبووی ئێرانن یان ئەوانەی کە ساڵانێکە لەم وڵاتەدا ژیاون و ئێران بە کردەوە بووەتە تاکە مەنزڵگە بۆیان، ڕاستەوخۆ دەخاتە مەترسییەوە.

ڕێژیمێکی کە خۆی هۆکاری ملیۆنان پەنابەر و کۆچبەری ئێرانییە لە سەرانسەری جیهاندا، ئێستا لە ڕەفتارێکی نامرۆڤانە و فاشیستیدا، ئەو پەنابەرە شەڕلێدراو و هەژارانەی کە لە دۆزەخی تاڵیبان هەڵاتوون، دەکاتە ئامانجی سووکایەتیپێکردن و توندوتیژی و دەستبەسەرکردن و دەرکردن. سیاسەتی دژە کۆچبەریی کۆماری ئیسلامی وەک باقی سیاسەتە دژە کرێکاری، دژە ژن، دژە گەنج و دژە ئازادییەکانی، بەشێکە لە سروشتی کۆنەپەرستانە و نامرۆڤانەی ئەو ڕێژیمە.

ئێمە ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرستانە و نامرۆڤانەیە بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە سەرجەم خەڵکی ئازادیخواز، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی بەرگریکاری مافی پەنابەران و هەروەها ڕێکخراو و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەکەین کە بە گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش و یەکگرتووانە لە دژی ئەم هێرشە ڕێکخراوە دەوڵەتییە بۆسەر مافی کۆچبەرانی ئەفغانستان لە ئێران، دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بەرز بکەینەوە. دەرکردنی ئەو پەنابەرانەی کە بەشێکی زۆریان جگە لە ئێران هیچ وڵاتێکی تر ناناسن، تاوانێکی بەتەواومانا دژ بە مرۆڤایەتییە و دەبێت لەگەڵ دژایەتی و خۆڕاگرییەکی بەربڵاو لەسەر ئاستی جیهان بەرەوڕوو ببێتەوە.

بەمجۆرە کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕێکەوتی ١٩ی ژوئیەی ٢٠٢٥، وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی گشتی بەرامبەر بە سیاسەتی دژە کۆچبەریی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنێت و داوا لە سەرجەم ڕێکخراو و هێزە داکۆکیکارەکانی مافی کۆچبەران، ناوەندە  مرۆڤدۆستەکان و حیزب و لایەنە سیاسییە ئازادیخوازەکان دەکات کە بە  پەیوەستبوون بەم کەمپەینە ناڕەزایەتییەوە، دەنگی هاوسۆزی و هاوپشتی خۆیان لەگەڵ کۆچبەرانی ئەفغانستان بەرز بکەنەوە و ڕێگری بکەن لە دووپاتبوونەوەی کارەساتی مرۆیی لەوە زیاتر.

کۆچبەریی تاوان نییە. دەرکردن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران ڕابگرن!

بژی هاوپشتی نێونەتەوەیی! بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی!

کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ٦ی ژوئیەی ٢٠٢٥