سەبارەت بە ئیدانەکردنی کوشتار و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە گوندی پیر عومەرانی سەقز
جەماوەری ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی کوردستان
جارێکی دیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەستڕێژی گوللە هێرشی کردە سەر خەڵکی مافخوازی کوردستان. لە نوێترین جینایەتدا، هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەت لە کاتی ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندەکانی پیرەومەران، کەرەویان و قوڵقوڵە لە دژی پڕۆژەی تاڵانکاری و دژە ژینگەیی کانگای زێڕی قوڵقوڵە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵانیان کوشت و چەند کەسێکی تریان لە خەڵکی ناڕازی بە سەختی بریندار کرد.
کانگای زێڕی قوڵقوڵەی سەر بە شاری سەقز کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر کراوەتەوە، ئێستا تێبینی و قسە و باسی جیددیی ژینگەیی لەسەرە. یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکان بریتییە لە پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی سەقز و گوندەکانی دەوروبەری. چەند کانیاوێک لەسەر ڕێڕەوی کانگای زێڕی قوڵقوڵە بوونیان هەیە کە دەڕژێنە ناو بەنداوی چراغوەیس و لەم ڕێگایەوە لەوانەیە ماددە مەترسیدارەکانی وەک ئارسنیک و جیوە بگوازێتەوە بۆ ناو ئاوی خواردنەوەی شارەکە.
ئەمە لە بارودۆخێکدایە کە بە وتەی کارناسان، وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی شاری سەقز ئیمکاناتی پێویستی نییە بۆ لابردن و خاوێنکردنەوەی پیسکەرە شیمیایی و کانزا قورسەکان. لە ئەگەری پیسبوونی ئاوی بەنداوی چراغوەیس، هیچ سەرچاوەیەکی بەدیل نییە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو شارە.
کۆمەڵە ئەو تاوانە بە توندی ئیدانە دەکات و وێڕای هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی محەممەد ڕەشیدی، ئەو گەنجەی کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەستدا و هەروەها هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی بریندارەکانی ئەم ڕووداوە، داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکات کە بە دەنگێکی بەرز لە دژی ئەم تاوانە بوەستنەوە و ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتووتر و بەرینتر بکەن. تەنیا بە یەکڕیزی و خۆڕاگریی ڕێکخراو دەتوانرێت، بۆ هەمیشە کۆتایی بە ستەم و سەرکوتەکانی ئەم ڕێژیمە دژە ئینسانییە بهێنرێت.
بژی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان!
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی!
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤