سەرلەنوێ ڕژیمی کۆنەپەرست و سەرکوتگەری تورکیە بە بیانووی پهلامار بۆسەر شوێنی جێگیر بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە زنجیرە چیاكانی قەندیل هەڵکەوتوو لە باکوری هەرێمی کوردستان لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشێکی بەربڵاوی بۆسەر ئەو ناوچەیە دەستپێکردووە. هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆتەهۆی کوژران و برینداربوونی ژومارەیەکی زۆر لەخەڵکی ناوچەکە، لەناوچوونی ژینگە و ئاژەڵ و پەلەوەرە کێوییەکان وهەروەها مەڕ و ماڵاتی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە. لە ئاکامی ئەم ئەم هێرشانەدا دارستانەکانی ناوچەکە لەئاگردا دەسووتێن و خەڵکی ناوچەکە زیانێکی ماڵیی زۆریان بەرکەوتووە، بەتایبەت لەم وەرزەدا کە بژیوی خۆیان لە سروشت دابین دەکەن. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەرتەشی تورکیە هاوکات ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی “پەیەدە”ی لە ڕۆژئاوای کوردستانیشی کردۆتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و هێزە بەکرێگیراوەکانی بۆ داگیرکردن و دەستبەسەرا گرتنی چەند بەشێکی تر لە ناوچەکە ئامادە دەکات.
حکوومەتی داگیرکەری تورکیە لە هەلومەرجی قەیراناویی جیهانی و شەڕ لە ئوکراین کەڵکی وەرگرتووە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە هەموو سەرنجەکان کەوتوونەتەسەر ئەو شەڕە، بە ڕێککەوتن یان بێدەنگی ئامریکا، هێرشی نیزامی سەرلەنوێی خۆی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.
لەکەس شاراوە نییە کە ئەم هێرشەش هەروەک هێرشەکانی پێشووتری دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ناوچەکە، ئامانجەگەلێکی واوەتر لە بوونی هێزەکانی ” پ ک ک”ی مەبەستە. بەهەر ڕادەیەک بارودۆخەکە لە عێراق ئاڵۆز و ناسەقامگیرتر و بەهەر ڕادەیەک دەوڵەتی عێراق لاوازتر بێت، دەوڵەتی ئوردۆغان زیاتر تەماع و کەڵکەڵەی ئەوە دەیگرێت کە جێگاپێی خۆی لە چەند بەشێک لە باکووری عێراق و تا دسەتگرتن بەسەر چاڵە نەوتەکان و لەوەش واوەتر تا مسۆگەرکردنی هەناردەکردنی گاز و نەوت لەڕێگای تورکیەوە، پتەوتر دەکات.
دەوڵەتەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران و تورکیە، هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە هەرکامە و بەشوێن بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن، لەهەمانکاتدا دوو ئامانجی هاوبەشیشیان هەیە: یەکەم نیشاندانی چنگ و ددانی خوێناوی خۆیان بە خەڵکی کوردستان بە ئامانجی لەباربردن و نەهێشتنی هرچەشنە هیوا و هومێدێک بە ڕزگار بوون لەدسەت ستەمی نەتەوایەتی لەناو خەڵکی هەموو بەشەکانی کوردستان.
دووهەم: دەست تێوەردان لە چارەنووسی سیاسی داهاتووی عێراق لە ڕێگای بەدەست هێنانی جێگە و پێگەیەک لەم ناوچەیە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەم ئامانجە دابین دەکات، دەوڵەتی تورکیە لە ڕێگای داگیرکاریی راستەوخۆوە لەهەوڵی دابین کردنی هەمان ئامانجدایە.
بەڵام سەرەڕای ئەم کردەوە داگیرکارییانە، هەڵسەنگاندنی عەینیی لە هەلومەرجی ئێستا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەرچوار دەوڵەتی سەرکوتگەری خەڵکی کوردستان، لە ئێران، عێراق، تورکیە و سوورییە، لەچاو سێ دەیەی ڕابردوو لە لاوازترین جێگەوپێگەی خۆیاندان: ئوردۆغان و حیزبی دەسەڵاتدار لە تورکیە لەگەڵ شکست و ناکامی بەردەوام بەرەوڕوو بوونەتەوە. هەلومەرجی ناوخۆیی تورکیە، قەیرانی ئابووری و دابەزینی نرخی لیرەی تورکیە، پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری و هەروەها دژایەتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لەگەڵ سەرەڕۆیی و شکست و ناکامییە ناوچەییەکانی ئوردۆغان، جێگەوپێگەی ڕژیمی تورکییەی گەلێک لاواز کردووە.
کۆماری ئیسلامی گیرۆدەی داوی کۆمەڵێک قیرانی قووڵ و چارەهەڵنەگەرە و هیچ ڕێکار و پلانێکی بۆ دەبازبوون لەو بارودۆخە لەبەردەستدا نییە و ترسی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی تر کە بهستێنی بابهتێهكهی ڕەخساوە، خەوی لە چاوی بەرپرسانی ڕژیم زڕاندووە.
دارو دەستە دەسەڵاتدارەکانی عێراق کە لە گەندەڵی و ڕیزبەندییە نەژادی و مەزهەبییەکاندا نوقمبوون، هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیان بۆ دەربازبوون لەم هەلومەرجە لەبەردەمدا نییە و ئەمڕؤ بۆ سبەی درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. دەوڵەتی بەشار ئەسەد هەتا ئێستاش تەنانەت دەسەڵاتی بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی وڵاتەکەیدا نییە و چارەنووسی ئەو، گرێدراوە بە ڕێكکەوتنەکانی سبەی ڕۆژی زلهێزەکانەوە. هاوکات لە کوردستانی سووریە دەستکەوتگەلێکی پڕبایەخ بەدەست هاتووە کە بە سانایی لێیان وەرناگیردرێتەوە و بە نۆبەی خۆی رژیمی دەسەڵاتداری دەمێشق دەخاتەژێر گوشارەوە.
هەمووی ئەمانە نیشانەی بوونی فاکتۆرگەلێکی عەینی و هیوابەخشن کە لەبەرژەوەندی خەڵکی خەباتکار و مافخوازی هەموو بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندان. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، نابێت مەترسی ئەو دەوڵەتانەی کە لە لێواری هەڵدێر وداڕماندان بەکەم بگیردرێت. مەترسی دەست تێوەردانی دەوڵەتەکانی ئێران و تورکیە لە بابەتگەلێکی پێوەندیدار بە چارەنووسی خەڵک لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، مەترسی ڕێککەوتن و سات و سەودای دەوڵەتی ئامریکا لەگەڵ ئەم رژیمە کۆنەپەرستانە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیدا، ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی لەزومرەی ئەو مەترسیانەن کە پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشە جۆراوجۆرەکان بەوپەڕی وشیاری و شارەزایی و یەکگرتووییەوە لەگەڵیان بەرەوڕوو ببنەوە.
دیفاع لە خەڵکی کوردستان لە ئاست پەلامار و داگیرکارییە نیزامییەکانی تورکیە، دژایەتی دەربڕین لەگەڵ داگیرکاری نیزامی ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان، تێکدانی ئاسایشی شوێن و ژیانی خەڵک و دیفاع لە خەباتی خەڵکی کوردستان، دیفاع کردنە له ئازادی، لە کەرامەتی مرۆڤایەتی و هەروەها دژایەتی کردنە لەگەڵ سەرکوت و هێرش و داگیرکاری نیزامی. لەکاتێدا دەوڵەتی تورکیە هاوڕایی و یان بێدەنگی ئامریکا و یەکێتی ئوروپای بەدەست هێناوە، ئەوا تەنیا خەڵکی کوردستان و هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندان کە دەتوانن دەستدرێژی نیزامی ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە تێک بشکێنن و بەرپەرچی بدەنەوە.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هێرش و پەلاماری وەحشییانەی ئەرتەشی تورکیە بۆسەر هەرێمی کوردستان بەتوندی ئیدانە دەکات و هاودەنگ لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە، خوازیاری کۆتایی هاتن بە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی ئوردۆگان و حیزبەکەی لەدژی خەڵکی کوردستانە.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێكخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٣٠ خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی