کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە پێویستیی هاوپەیمانیی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە کوردستان

IMG 4017

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە پێویستیی هاوپەیمانیی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە کوردستان

کۆمەڵگەی ئێران لە یەکێک لە قەیراناویترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدایە. سێزدە ڕۆژە شەڕێکی وێرانکەر بەردەوامە. لە ڕۆژەکانی سەرەتادا، ئامانجی هەردوولا زیاتر سەربازی بوو، بەڵام ئێستا مەودای شەڕەکە فراوانتر بووە. ژێرخانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانیش دەکرێنە ئامانج. ئاو، کارەبا، گواستنەوە، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکەی خەڵک لەژێر هەڕەشەدان. ئەمەش واتە شەڕ، زیاتر لە پێشوو، ڕاستەوخۆ بنەماکانی ژیانی خەڵکی کردووەتە ئامانج.

لە ئاوا بارودۆخێکدا، کوردستانی ئێران پێگەیەکی تایبەتی هەیە. کوردستان تەنیا ناوچەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکوو کۆمەڵگەیەکی سیاسیی زیندووە. کۆمەڵگەیەکی خاوەن پێشینە و یادەوەریی مێژوویی، ئەزموونی خەبات و حزووری چالاکانەی حیزبە سیاسییەکان. هەر بۆیە دەکرێ بوترێ کوردستان «کۆمەڵگەیەکی حیزبی»یە. حیزبەکان تەنیا ڕێکخراوی سیاسی نین، بەڵکوو بەشێکن لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، کاریگەرییان لەسەر ڕای گشتی هەیە، لە ڕووداوە گرنگەکاندا ڕۆڵ دەگێڕن و لە کاتە هەستیار و قەیراناوییەکاندا، کار دەکەنە سەر ئاراستەی کۆمەڵگە.

یەکێک لە هەڵە باوەکان ئەوەیە کە کوردستان تەنیا لە گۆشەنیگای پرسی نەتەوایەتی یان تەنیا لە ڕوانگەی ململانێی حیزبەکانەوە چاوی لێبکرێت. ئەمە تێڕوانینێکی تەواو نییە. کوردستان وەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکە، کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە. بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری تێدایە و ڕەوتی سیاسیی جیاواز بوونیان هەیە. ویست و داواکاریی کرێکاران، موعەلیمان، ژنان، گەنجان، بێکاران و زەحمەتکێشان ناتوانرێت تەنیا لە چوارچێوەی ململانێی نێوان حیزبەکاندا کورت بکرێتەوە.

لەم ناوەندەدا، چەپ و سۆسیالیزم لە کوردستان ڕەوتێکی پەراوێزی یان تەنیا ڕۆشنبیری نییە. ئەم ڕەوتە بووەتە ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی، خاوەن ڕەگ و ڕیشە، خاوەن مێژووی، خاوەن جێگە و پێگە و لە یادەوەریی سیاسیی کۆمەڵگەدا بوونی هەیە. لە دیاریکردنی ئاسۆیەکی دادپەروەرانە بەڕووی خەڵکدا ڕۆڵی هەبووە. لەم نێوەندەدا، کۆمەڵە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیوە، چ لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دروستبوونیدا و چ لە ساڵانی دواتردا، کۆمەڵە توانی چەپ لە هەڵوێستێکی تەنیا تیۆرییەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە.

ئەم ڕاستییە بە جیابوونەوەکان لەناو نەچووە. ئەمڕۆ بەداخەوە دوو ڕێکخراو بە ناوی کۆمەڵە کار دەکەن. هەردووکیشیان خۆیان بە نوێنەری ئەم سوننەتە سۆسیالیستییە دەزانن. ئەم دۆخە بێگومان نیشانەی بارودۆخێکی نەخوازراوە، بەڵام نەخوازراو بوونی ئەم دۆخە، گۆڕانکاری لە جەوەەری بابەتەکەدا ناکات. جەوهەری بابەتەکە ئەوەیە کە ڕەوتی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان، سەربەخۆ لە شێوازی ڕێکخراوەیی ئێستای، سەرەڕای ئەم پەرتەوازییەش، هێشتا هێزێکی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتییە.

لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، هەزاران هەڵسووڕانی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستانەوە چوونەتە دەرەوەی وڵات. لە هەمان کاتدا، چەند هێندەش گەڕاونەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و بە گشتی لەسەر هەمان بەستێنی کۆمەڵایەتیی چەپدا ماونەتەوە. زۆرێک لەم کەسانە ئەمڕۆ ئەندامی فەرمیی هیچ حزبێک نین، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە وازیان لە خەت و رێبازی خۆیان نەهێناوە. لە ناوەندەکانی کار، لە گەڕەک و لە شار و گوندەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنی و سنفییەکاندا، خاوەن نفووز و ناسراون، متمانەپێکراون و کاریگەرییان لەسەر کەسانی تر هەیە.

ئەم هێزانە هەمان ماددەی مرۆیی پێویست بۆ هاوپەیمانییەکی بەربڵاو پێکدەهێنن. ئەمە سەرمایەیەکی کەم وێنەیە. زۆرێک لە بزووتنەوە و هاوپەیمانییەکان لە شوێنانی دیکە، سەرەتا دەبێ هەیکەلێکی ئەوتۆ لە سفرەوە بنیات بنێن، بەڵام لە کوردستان ئەم هەیکەلە پێشوەختە بوونی هەیە. پەرتەوازەیە بەڵام بوونی حاشاهەڵنەگرە، بێدەنگ نییە، تەنیا ناڕێکخراوە. هەر بۆیە، بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەکی هاوبەش، لە بنەڕەتدا نابێت کارێکی ئاستەم بێت.

لە ڕووی بەرنامەوە، خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەم هێزانە زۆر زیاترن لە جیاوازییەکان. بەشێکی بەرچاوی هەڵسووڕانی چەپ و سۆسیالیستی کوردستان جەخت لەسەر ئامانجە گەورەکانی وەک ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی ژن و پیاو، نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی، مافی ڕێکخراوبوون، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە دیموکراسیی جەماوەریی یان شۆڕایی دەکەنەوە. تەنانەت ئەو دوو ڕەوتەی ناوی کۆمەڵەیان هەڵگرتووە، هێشتا لە هێڵە سەرەکییەکانی بەرنامەکانیاندا هاوبەشن. جگە لەوەش، زۆرێک لە هەڵسووڕاوانی سەربەخۆش لە گوتار و کرداریاندا نوێنەرایەتیی هەمان ئاسۆ دەکەن.

کەواتە کێشە سەرەکییەکە نەبوونی ئامانجی هاوبەش نییە، بەڵکوو نەبوونی پڕۆژەیەکی کردەیی هاوبەشە. واتە ئەو شتەی کە ئەم هاوبەشییانە لە ئاستی ئارەزوو و یادەوەری و مێژووەوە، بگوازێتەوە بۆ ئاستی هاوکاریی ڕاستەقینە و ڕێکخراو. ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، سەرمایەی کۆمەڵایەتیی چەپ بە پەرتەوازەیی دەمێنێتەوە، هەر بەشێکی بە جیا کار دەکات و لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکاندا کاریگەریی پێویستی نابێت.

واقیعییەت ئەوەیە کە بارودۆخی شەڕ، ئەم پێویستییەی چەند قات کردووە. شەڕ تەنیا لە نێوان دەوڵەتەکاندا نییە، بەڵکوو بەسەر ژیانی خەڵکدا دەڕووخێت. کاتێک ژێرخانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان دەکرێنە ئامانج، یەکەم قوربانییەکان بریتین له چینی هەژار و خوارەوەی کۆمەڵگا. کرێکار، مووچەخۆر، ژنی ناو ماڵ، منداڵ، بەساڵاچوو، نەخۆش، بێکار و پەراوێزنشینەکان زیاتر زیانمەند دەبن. لە ئاوا بارودۆخێکدا، دروستکردن و بەهێزکردنی جەمسەرێکی چەپ و جەماوەری لە کوردستان بووەتە پێداویستییەکی بەپەلە.

ئەگەر هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان بە پەرتەوازی بمێننەوە، مەیدان بۆ ڕەوتەکانی دیکە ئاوەڵاتر دەبێت. بۆ ئەو سیاسەتانەی کە کۆمەڵگە تەنیا لە پەنجەرەی ململانێ سەربازییەکان یان دەسەڵاتخوازییەوە دەبینن، بۆ ئەو ڕوانگانەی کە خەڵکیان تەنیا وەک پاشکۆی بڕیارەکانی سەرەوە دەوێت، بۆ ئەو سیاسەتە بەپەلە و سەرکێشانەی کە دەتوانن تێچوویەکی قورس بەسەر کوردستاندا بسەپێنن، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕوونیان لەپێش بێت.

هاوپەیمانیی هێزە چەپەکان دەتوانێت دەنگێکی سەربەخۆ دروست بکات. دەنگێک کە هەم دژی شەڕ و وێرانکاری بێت و هەم دژی کۆماری ئیسلامی. دەنگێک کە بەرژەوەندیی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بخاتە چەق و ناوەندی کارە ئەرکەکانییەوە. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستە.

بۆ پێکهێنانی وەها هاوپەیمانییەک، دەبێ واقیعبین بین. جیاوازییەکان هەن و ناکرێت نکۆڵییان لێ بکرێت. بەڵام لەم قۆناغەدا، نابێ تەوەرەی باسەکان، نابێت بریتی بێت لە ململانێ مێژووییەکان یان جیاوازییە تەنیا تیۆرییەکان. گەڕانەوەی بەردەوام بۆ ناکۆکی و ململانێ کۆنەکان، نەک هەر یارمەتیی یەکگرتوویی نادات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، دەتوانێت هێزەکان سەرلەنوێ لە هەمان بازنەی داخراوی ڕابردوودا بهێڵێتەوە. هاوپەیمانیی هێزە چەپەکان دەبێ لەسەر بنەمایەکی پتەو دابمەزرێت. ئەوەی دەبێ ببێتە چەقی سەرنجەکان، سیاسەت و ستراتیژە. ئەوەی کە دۆخەکە چۆن دەبینین؟ ئەولەویەتەکانمان چین؟ بە هەبوونی خاڵی هاوبەش لە ئامانجە گشتییەکاندا، دەکرێ لەسەر تاکتیک و ستراتیژ گفتوگۆ بکرێت. دەبێ لەم بارودۆخە دیاریکراوەی ئێستادا لەسەر چۆنیەتیی وەدیهێنانی ئەو ئەولەوییەتانە جەخت بکرێتەوە.

ئەگەر لەسەر ئەم پرسیارانە گفتوگۆیەکی جیدی و بەرپرسیارانە بکرێت، ئەگەری گەیشتن بە لێکتێگەیشتن زۆر زیاتر دەبێت. چونکە لە ئاستی ئامانجە گشتییەکاندا، هاوبەشییەکان بوونیان هەیە. ئەوەی پێویستی بە ڕێککەوتنە، بریتییە لە چۆنیەتیی کارکردن لە بارودۆخی دیاریکراوی ئێستادا. هاوپەیمانییەکی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان نابێ تەنیا ڕەمزی بێت، نابێ تەنیا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش بێت. دەبێ کارکردی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕوونی هەبێت. هاوپەیمانییەکی وەها دەتوانێت بە کۆمەڵگە نیشان بدات کە چەپ تەنیا ناو و ئاڵا نییە، تەنیا ڕێکخراو و جیابوونەوە نییە، بەڵکوو هێشتا دەتوانێت هێزێکی زیندوو، بەرپرسیار و کاریگەر بێت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

(ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤