دوابەدوای ئەو تێکهەڵچوونە خوێناوییەی نێوان هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی سوریا و هێزەکانی سوریای دێموکرات (هەسەدە)، سەرئەنجام لەژێر گوشاری قورسی دەوڵەتی ئەمریکا و تورکیا، ڕێککەوتنێک لەنێوان حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دێموکرات واژۆکرا کە تێیدا بەڕوونی مافەکانی خەڵکی کورد پشتگوێ خراوە. ئەم ڕێککەوتنە نەک هەر لە دونیای واقیع و هاوکێشە مەیدانییەکاندا جێبەجێ ناکرێ، بەڵکوو نیشانەی خیانەتێکی ڕوونە لە نەتەوەیەک کە ساڵانێکە پێشەنگی شەڕی دژی تیرۆر بووە. چاوخشاندنێک بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٨ی ژانویەی ٢٠٢٦ دەریدەخات کە ئەم بەڵگەنامەیە تەنیا واژۆکردنی پارچە کاغەزێک نییە، بەڵکوو ئاڵوگۆڕێکی ژیۆپۆلەتیکی مەترسیدارە کە تێیدا بەرژەوەندی و ماف و کەرامەتی خەڵکی کورد لە ڕۆژئاوا بە ئاشکرا لە سەر مێزی دانوستان پێشێلکراوە. ئەم ڕێککەوتنە بەرهەمی پیلانێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە کە تێیدا دەوڵەتی ئەمریکا و تورکیا و سوریا بە هاودەستی یەکتر دەیانهەوێت بە ئاشکرا مافی نەتەوەی کورد لە سوریا پێشێل بکەن.
کشانەوەی خێرای هێزەکانی قەسەدە لە ناوچەی دێرەزوور و ڕەققە و قبوڵکردنی بە ناچاریی توانەوەیان لەناو سپای سوریادا، نەک هەر شکستێکی نیزامی، بەڵکوو دەرئەنجامی گوشارێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بوو، بۆ ئەوەی کە خەڵکی کورد ناچار بەم پاسەکشەیە بکەن. ئەم ڕێکەوتنە بەبێ هیچ بەشدارییەکی ڕاستەقینەی نوێنەرانی خەڵکی کورد نووسراوە و بەسەریاندا سەپێنرا.
هۆکاری سەرەکی ئەم کارەساتە، وەرچەرخانی لەناکاو و بێ شەرمانەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە. لە سوریای دوای ئەسەد، ئەولەوییەتەکانی واشنگتۆن گۆڕاون و چیتر نایەوێت بە کارتی مافی خەڵکی کورد یاری بکات. دۆناڵد ترامپ کە سوریا وەک کارگەیەکی بازرگانی دەبینێت و بە لۆژیکی قازانجی دەستبەجێ مامەڵە دەکات، نەک هەر مەبەستی دێموکراسی نییە، بەڵکوو بەشوێن سەقامگیرییەکی ساختە و هەرزاندا دەگەڕێت، تەنانەت بە بەهای قوربانیکردنی دڵسۆزترین هاوپەیمانەکانی. ئامانجەکانی ترامپ لەم ڕێککەوتنەدا بریتین لە: دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی سنوورەکانی ئیسرائیل، ڕازیکردنی تورکیا بە لەناوبردنی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کورد، دەستڕاگەیشتن بە کێڵگە نەوتییەکان و وەبەرهێنان تێیاندا، کۆنترۆڵکردنی سیستەمی بانکی سوریا و فشارخستنە سەر پێگەی ڕووسیا لە ڕێگەی دەوڵەتی ئەحمەد شەرعەوە.
هەموو ئەم ئامانجانە لەژێر پەردەی دروشمی درۆینەی “خەبات لە دژی داعش“دا بەڕێوە دەچن، لە کاتێکدا توخمەکانی داعش ئێستا لە ڕیزەکانی سپای عەرەبی سوریادا جێگەی خۆیان کردووەتەوە و بە ئازادی دێن و دەچن. کۆنترۆڵکردنی ئەو زیندانانەی داعش کە لەژێر چاودێری هێزەکانی سوریای دیێموکراتدا بوون لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە، بە مانای زیندووکردنەوەی تەرمی مردووی داعشە. ئەمریکای ترامپ بەرژەوەندییەکانی خۆی لەسەر بنەمای ئەخلاقی و هاوپەیمانی لەگەڵ قەسەدەی پێ باشتر بووە. واشنگتۆن بە کردەوە پشتی لە قەسەدە کردوو و گوشارێکی توندی خستۆتە سەر مەزلوم عەبدی بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە شەرمەزارە قبووڵ بکات.
هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام وەک شمشێرێک بووە لە دژی خەڵکی کورد. هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ هاتنە سەرکاری ئەحمەد شەرع کە لە بنەڕەتدا دروستکراوی دەزگای هەواڵگری تورکیایە، هاوپەیمانییەکی نوێ لە نێوان دیمەشق و ئانکارا دژ بە خەڵکی کورد دروست بوو کە ئامانجی سەرەکی ئەو هاوپەیمانییە بریتییە لە نەهێشتنی تەواوەتی ماف و دەستکەوتەکان و بوونی سەربەخۆی خەڵکی کوردە.
لەم ڕێککەوتنە سەپێنراوەدا، هێزەکانی قەسەدە لە نێوان دوو بەرداشدا گرفتار بوون: یان دەبوو شەڕی سپای سوریا و تورکیا بکات بەبێ هیچ پشتیوانییەکی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، یان تەسلیمی ڕێککەوتنەکە بێت. ڕاپەڕینی عەشیرەتەکانی ڕەقە و دێرەزۆریش کاردانەوەیەکی خۆڕسک نەبوو، بەڵکوو پاڵپشتییەکی هەواڵگری قووڵی هەبوو سەبارەت بەوەی کە تورکیا و حکوومەتی شەرع بە پارە و پەرەپێدان بە ناسیونالیزمی دژە کورد، بەشێکی زۆر لەو عەشیرەتانەی ڕێکخست. ئەگەرچی هێزەکانی قەسەدە بەپاشەکسەکردن لە ناوچە عەرەبییەکان، دەیهەوێت هێزەکانی لە سەر مەسەلەی بەرگریکردن لە ناوچە کوردنشینەکان چڕ بکاتەوە، بەڵام ئەمە بە مانای کۆتایی هاتنی مەترسییەکە نییە. ئەگەر حکوومەتی شەرع هەست بەوە بکات کە دەتوانێت بە تەواوی ناوچە کوردستانییەکان بەدەستەوە بگرێت، هێڵی بەرگری کوردەکان تێکدەشکێنێت. مەترسیی جیددی ئەوەیە کە، ئەگەر ئەمە ڕووبدات، بە ئەگەرێکی زۆر پاکتاوێکی بەربڵاو لە دژی خەڵکی کورد بەڕێوە بچێت.
ئەحمەد شەرع سەرەڕای گۆڕینی جلوبەرگی نیزامیی بۆ دیپلۆماسی و بەکارهێنانی وتەی شیرین، وەک هەمیشە بە ڕۆحێکی تیرۆریستییەوە هەنگاو دەنێت و سێبەری ڕابردووی خۆی وەک بەرپرسێکی ئیسلامی توندڕەو قورسایی دەکاتەسەر. هێزەکانی ئەو کە بریتین له پاشماوەکانی داعش و گرووپە خێڵەکییەکان و بەکرێگیراوانی سەر بە تورکیا و شۆڤێنیستە عەرەبەکان، کە پابەندی هیچ چەشنە یاسا و دیسیپلینێک نیین و هەموویان تینووی خوێنی کوردن و بەدوای تۆڵەسەندنەوە و تاڵانکردن و کوشتاری بەکۆمەڵی کوردەکانەوەن.
ئێمە ئەم ڕێکەوتنە بە دوور لە هەر چەشنە مەشروعییەتێکی ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی دەزانین. ئەم ڕێککەوتنە بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت چونکە، یەکەم: لەسەر بنەمای گوشار و هێز نووسراوە، نەک بەشداری و ڕەزامەندی ڕاستەقینەی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان. دووەم: مافە بنەڕەتییەکانی میللەتێک پشتگوێ دەخات و ڕادەستی داعشێکیان دەکات بە جلوبەرگێکی جیاوازەوە. سێیەم: هاوکێشە مەیدانییەکان و ئیرادەی خەڵکی کورد بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی، ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە بە کردەوە دەکات بە پرسێک کە شیاوی جێبەجێ کردن نییە. مێژوو سەلماندوویەتی کە سپایەکی تینووی خوێن و تاڵان و بڕۆ، تەنها بە ئیرادەی جەماوەرێکی چەکدار تێکدەشکێت کە بڕیاریانداوە تەسلیم نەبن. خەڵکی کورد کە توانییان داعش لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بکەنەوە، تەسلیمی داعش بە ڕووخسارێکی ترەوە نابن، کە دەیەوێت بە ناوی دەوڵەتەوە پاکتاوی نەتەوەیی ئەنجام بدات.
ئێمە داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخوازی جیهان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیا سەربەخۆکان و ڕای گشتی جیهانی دەکەین کە دەنگی خەڵکی کورد لە کوردستانی سوریا بن و ڕێگە نەدەن کارەساتێکی تری مرۆیی لە بێدەنگیدا ڕووبدات.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٤
………
پاشکۆیکۆمیتەیناوەندیکۆمەڵە
سەبارەت بەو مەترسیانەی کە هەڕەشە لە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع ڕێککەوتنی تێکەڵبوونی تەواوی حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دێموکرات (هەسەدە)ی واژۆ کرد. ئەم سزایە کە ناوی ڕێککەوتنی لەسەر دانراوە، ١٤ خاڵ لەخۆدەگرێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
١– دانانی ئاگربەستێکی خێرا و دەستبەجێ و هەمەلایەنە لەسەر ئاستی هەموو بەرەکان و هێڵەکانی پەیوەندی نێوان هێزەکانی حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دێموکرات (هەسەدە)، هاوکات لەگەڵ پاشەکشەی سەرجەم یەکە سەربازییەکانی هێزەکانی سوریای دێموکرات بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات، وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بەمەبەستی سەقامگیرییەکی نوێ.
٢. ڕادەستکردنی تەواو و دەستبەجێی ئیدارەی مەدەنی و سەربازی پارێزگاکانی دێرەزۆر و ڕەقە بە سوریا، لەوانە گواستنەوەی سەرجەم دامودەزگا و دامەزراوە مەدەنییەکان و دەرکردنی فەرمانی دەستبەجێ بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی فەرمانبەرانی ئێستای وەزارەتە تایبەتمەندەکانی حکوومەتی سوریا.
٣. تێکەڵکردنی سەرجەم دامودەزگا و دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لەگەڵ پێکهاتەی ئیداری و دامەزراوەیی حکوومەتی سوریا.
٤– کۆنترۆڵی تەواوەتی دەروازە سنورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان ، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەرچاوەکان بۆ حکوومەتی سوریا، هاوکات لەگەڵ ڕەچاوکردنی دۆخی تایبەتی ناوچە کوردستانییەکان.
٥. تێکەڵکردنی سەرجەم کارمەندانی نیزامی و ئەمنیی هێزەکانی قەسەدە لەگەڵ پێکهاتەی وەزارەتەکانی بەرگریی و دەوڵەتیی سوریا لەسەر بنەمای “تاک“، دوای ئەنجامدانی پشکنینی ئەمنی پێویست، لەگەڵ پێدانی پلە و پایەی نیزامی و مافی دارایی و کەرەستەی لۆجستی گونجاو.
٦– ڕێبەرایەتی هێزەکانی سوریای دێموکرات بەڵێن دەدات کە وێڕای خۆبواردن لە وەرگرتنی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو بۆ ناو ڕیزەکانی، لیستێک لەو ئەفسەرانەی سەر بە ڕژێمی پێشوو کە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونیان هەیە، بخاتەڕوو.
٧. دەرکردنی فەرمانی سەرۆککۆماریی بۆ دانانی کاندیدێک بۆ پارێزگاری پارێزگای حەسەکە، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی بەشداریی سیاسی و نوێنەرایەتی ناوچەیی.
٨– کشانەوەی هێزە سەربازییە بەربڵاوەکان لە شاری عەین ئەلعەرەب (کۆبانی)، پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی پێکهاتوو لە دانیشتوانی ڕەسەنی شارەکە و هەروەها پاراستنی هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی کە لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەبێت.
٩– یەکخستنی ئیدارەی بەرپرسی کەیسی زیندانیان و ئۆردوگاکانی پەیوەست بە داعش و ئەو هێزانەی کە ئەمنییەتیان دابین دەکەن لەگەڵ حکوومەتی سوریا، بەجۆرێک کە حکوومەتی سوریا بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەمنی تەواوەتی ئەو ناوەندانە لەئەستۆ بگرێت.
١٠– قبوڵکردنی لیستێک لەو کاندیدانەی کە لەلایەن سەرکردایەتیی قەسەدەوە بۆ پۆستە باڵا سەربازی، ئەمنی و مەدەنییەکان لە پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیدا پێشکەش کراون، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەشداری میللی.
١١. پێشوازیکردن لە فەرمانی سەرۆککۆماریی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦ کە جەخت لەسەر دانپێدانانی مافە فەرهەنگی و زمانییەکانی کوردەکان و چارەسەرکردنی پرسە یاسایی و مەدەنییە هەڵپەسێردراوەکان، لەوانە دۆخی بێدەوڵەتەکان و داواکارییە کەڵەکەبووەکانی موڵک و ماڵی دەیەکانی پێشوو دەکاتەوە.
١٢– پابەندبوونی قەسەدە بە دەرکردنی سەرجەم رێبەران و ئدندامە غەیرە سوریاکانی حیزبی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) لە سنوورەکانی کۆماری عەرەبی سوریا بەمەبەستی پارێزگاری لە دەسەڵات و سەقامگیری ناوچەکە.
١٣– پابەندبوونی حکوومەتی سوریا بە بەردەوامیدان بە خەبات لەدژی تیرۆریزم (داعش) وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنییەت و سەقامگیری ناوچەکە.
١٤. هەوڵدان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گەڕانەوەی ئابڕوومەندانەی دانیشتوانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
