کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە گواستنەوەی ئۆردوگای کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!

photo 2024 09 06 17 54 43

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە گواستنەوەی ئۆردوگای کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان

جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر واژۆی ڕێککەوتنە ئەمنییە شەرمەزارانەکەی دەوڵەتەکانی ئێران و عێراق، سەرەنجام پڕۆسەی بەکردەوە دەرهاتنی قۆناغێکی دیکە لە بڕگە شاراوەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. لەم قۆناغەدا ژمارەیەک لە کەس و بنەماڵەکانی، کۆمەڵە نیشتەجێی زرگوێزی گەورە، وەک دەستپێکی پرۆسەکە، گواسترانەوە بۆ سوورداش، شوێنێک لە ٤٠ کیلۆمەتری   زڕگوێزو نزیک شاری دوکان لە هەرێمی کوردستان. ئەم کەسانە بڕیارە لەو شوێنە نوێیە نیشتەجێ بن، تا خانوو و ئیمکاناتی پێویست بۆ نیشتەجێبوونی بنەماڵە و کەسەکانی تریش ئامادە بکرێت. ئەم ڕووداوە لە ڕێگەی ماسمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بووە و بۆتە هۆی نیگەرانی لەناو خەڵکی کوردستانی ئێران و بەتایبەتی بنەماڵەی هاوڕێیانمان لە ناوخۆی وڵاتدا. بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە، سەرنجی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەکێشین:

یەکەم: ئێمە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا زۆر جار و لە هەر دەرفەتێکدا، جەختمان لەوە کردووەتەوە کە بە هۆکارگەلێکی ڕوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەولەویەتمان نەک خەباتی چەکداریی، بەڵکوو بریتییە بووە لە پەرەپێدان بە خەباتی سیاسی و مەدەنیی لە کوردستانی ئێران. ئەم سیاسەتە لە هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئێران و کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. مانگرتنی گشتی هاوینی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە ناڕەزایەتی بە کوشتنی جینایەتکارانەیشوانە سەید قادریلە شاری مهاباد، بە تایبەت لەو ڕووە کە ئەم مانگرتنە تەنیا لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بەڕێوەچوو، لە تاقیکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ئەو دڵنیاییەی بە ئێمە بەخشی کە ڕێگای دروستمان هەڵبژاردووە.

دووەم: بەداخەوە شوێنی جێگیربوونی تەشکیلاتی ئاشکرای ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ناوچەیەکی نائەمن بووە. تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لەم ناوچەیە زۆر چالاک بووە  وبە سەدان ئەندام و لایەنگرانی حیزبە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی جێگیر لە کوردستانی عێراق و لەوانە ژمارەیەک لە هاوڕێیانی ئێمە، بوونەتە قوربانیی دەستی ئەو تیرۆریزمە، گیانیان لەدەست داوە و یان بریندار بوون. ئەگەر زۆر نەگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو، هەر لەم قۆناغەدا شاهیدی سەرهەڵدانی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی کوردیی وەک جوندولئیسلام، ئەنسارولئیسلام، داعش و هتد بووین، کە هەمووان دەزانن بە تایبەتی بە خوێنی کۆمۆنیستەکان تینوون. لەو ڕووەوە کە ئەم نائەمنییە هێشتاش بەردەوامە، ئێمە تا ئەم ساتەش مافی بەرگریکردن لەخۆمان بە ڕەوا دەزانین. جگە لەوەش هەبوونی چەک لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بە گشتی لە چوارچێوەی پەیڕەوێکی دیاریکراودا قبوڵکراوە. لە پرسی چەککردن یان چەک داماڵین کە لەم ڕۆژانەدا زۆر باسی دەکرێت، ئێمە بڕێکی تاڕادەیەک زۆر لە چەکی قورس و نیوە قورسمان کە ساڵانێکی زۆر بوو هەڵمانگرتبوو ، وەک ئەمانەت، سپاردوومانە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

سێیەم: بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان دەوڵەتەکانی ئێران و عێراق، هەتا ئێستاش ئاشکرا نەکراوە. تەنها وتەبێژانی ئەو دوو دەوڵەتە لە هەندێک بۆنەی جۆراوجۆردا، بە کورتی ئاماژەیەکیان بە ناوەڕۆکەکەی کردووە، کە بەشێک لەو ئاماژانەش لە چوارچێوەی پڕوپاگەندە و شەڕی دەروونی و هیتردا خۆی دەبینێتەوە. بەڵام وا پێدەچێت کە لانیکەم پرسی گواستنەوەی ئۆردوگاکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ شوێنی دووهەم بەشێک بووبێت لەم ڕێککەوتنە. لە میانەی ئەو گفتوگۆ تێروتەسەلانەی کە لەماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بوومانە، هەوڵماندا کە بەو قەناعەتەیان بگەیەنین کە هیچ هۆکارێک بۆ گواستنەوەی ئەو ئۆردوگایانە بوونی نییە و جەختمان لەوە کردەوە کە ئێمە بە پێی سیاسەت و بۆ چۆنی خۆمان نەک لە سەر زەختی هیچ لایەنێک؛ بەڵکو خۆبەخشانە سیمایەکی مەدەنی مان بەم ئوردوگایە بەخشیوە؛ ئێڕە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل و جێگەیەکە بۆ بەرێوەبردنی چالاکییە سیاسی و فەرهەنگی و مەدەنیی. ئەم وتووێژانە دوای دوو ساڵ بە ئاکام نەگەیشتن. لە دانیشتنێکی ئەم دواییانەی نوێنەرانی ئێمە و ئەو دوو لایەنەی دیکەی کە بەناوی کۆمەڵەوە چالاکی دەکەن لەگەڵ وەفدێکی حکوومەتی عێراق لە شاری سلێمانی، تەنیا نەرمییەکی بەرچاوی کە لەخۆیان نیشانیان دا ئەوە بوو کە هاوڕێیانی ئێمە دەتوانن وەک هاوڵاتی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بن، بەم شێوەیە گفتوگۆکان بە بنبەست گەیشتن. دوابەدوای ئەوە دیالۆگ و گفتوگۆکانمان بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی مامناوەند لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان درێژە پێدا. لەم دوا قۆناغی وتووێژانەدا جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم ڕادەیە لە پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەرگواستنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، هیچ پەیوەندییەکی بەو مەترسی ئەمنیەوەنیە  نییە کە گۆیا  لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی ئێمەوە بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە، بەڵکوو بەشێکە لە شەڕێکی دەروونی کە لە دژی خەڵکی کوردستانی ئێران و بۆ شکاندنی شکۆی هەرچی زیاتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لە هەردوو دیوی سنوور  وەڕێیخستووە. ڕێژیمی ئێران دەیەوێت ئەو پێوەندییە سۆزداری و هاوپشتییە مێژوویی و خەباتکارانەی نێوان ئەم دوو بەشەی یەک نەتەوە، تێکبدات. بێ گومان دوکەڵی ئەم سیاسەتە دەچێتە چاوی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشەوە. ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە لەبەر بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی خۆشتان بووبێت، نابێ ببنە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە. بەداخەوە ئەم وتووێژانەش سەرەنجام بە بنبەست گەیشتن وسەرەڕای خۆڕاگریی دوو ساڵەمان، بڕیاری گواستنەوەی ئۆردوگاکانی زڕگوێز، بانە گۆرە و زڕگوێزەڵە درا. بڕیار درا کە ئەم پڕۆسەیە قۆناغ بە قۆناغ بەڕێوە بچێت، قۆناغەکانی داهاتوو پێوەندی دەبێت بە ئاستی ئامادەکارییەکانی شوێنی نوێ بۆ نیشتەجێبوونی باقی دانیشتوانی ئەو ئۆردووگایانە.

چوارەم: سەرەڕای ئەم ڕووداوەی ئەم دواییە، ئێمە پێمانوایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت، لەمەودواش، هەندێک هێڵی سوور بۆ داواکاری و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرەکەی، واتە دەوڵەتی عێراق دابنێت. ئێمە دەزانین کە دەوڵەتەکانی ئێران، عێراق و تورکیا، لە ڕێگەی سەپاندنی ئەم گوشارانەوە، بەدوای ئامانجێکی هاوبەشەوەن و لە هەماهەنگییەکی کردەییدا لەگەڵ یەکتر کاردەکەن، ئەوان خەباتی خەڵکی کوردستان لەپێناو بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین، بە مەترسی بۆ سەر ئێستا و داهاتووی سیاسی خۆیان دەزانن و لە پێکهاتنی هەر چەشنە هاوپشتییەکی نەتەوەیی و خەباتکارانەی کە تەنانەت ئامانجی جیابوونەوەشی لەپشت نەبێت، گەلێک نیگەرانن. ئەوان شاهیدی ئەوە بوون کە چۆن لە قۆناغە جیاوازەکاندا ئەم خەڵکە، هاوبەشی خەم و شادی یەکتر بوون و لە پێناو ئەو هاوپشتییەدا گیانبازییان کردووە. بە تێگەیشتن لەم ڕاستییە، دەتوانن بەبێ ئەوەی هیچ پێویستی بە دنەدان و دوژمنایەتییەکی پێشوەختە بێت، لە هەمانکاتدا کە پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەپارێزن، سنوورێکیش بۆ دەستێوەردانی ئەم ڕژیمە لە کاروباری ناوخۆیاندا دابنێن، کە بێ گومان ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی لەو شێوەیە بەهێزتریان دەکات.

پێنجەم: واقیعییەت ئەوەیە کە ڕەگ و ڕیشەی ئێمە و تەنانەت زۆرێک لە ڕەوتەکانی دیکەش لە کۆمەڵگای کوردستانی ئێراندایە. جێگیربوونی تەشکیلاتی ئاشکرای ئێمە لە شوێنێک بە ناوی زڕگوێز، تەنیا هێمایەکە. ئەو حیزب و لایەنانەی کە ئەمڕۆژانە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە بێ مێهرییان لەگەڵ دەکرێت، هەر ئەوانەن کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لەڕێگەی بانگەوازەکانیانەوە گەلێک چالاکی و ئاکسیۆنی جەماوەریی بەرینیان ڕێکخستووە. لە چەند مانگی سەرەتای شۆڕشی ژینادا، چەند جار ملیۆنان کەس لەسەر بانگەوازی بەکۆمەڵی ئەو حیزبانە، مانگرتنی سیاسی گشتییان بەڕێوەبردووە، هەر ئەم نفووز و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەیە کە کۆماری ئیسلامیی بەم ڕادەیە تووشی ترس و خۆف کردووە و دڵخۆشە بەوەی کە گوایە دەتوانێت بە گواستنەوەی ئێمە لە خاڵێکەوە بۆ مەودای ٤٠ کیلۆمەتر ئەولاتر، ورە و ئیرادەی تێکۆشەرانی ئێمە بۆ درێژەدان بەو ڕێبازە پڕ لەشانازییەی کە گرتوویانەتە بەر، لاواز بکات، خەبات و هەڵسووڕانی کۆمەڵە لە هەر جوگرافیایەکدا، بە پشت بەستن بە جەماوەری تێکۆشەری کوردستان و ڕەچاوکردنی سیاسەتی بەرپرسیارانە و گونجاو، هاوهەنگاو لەگەڵ  بەرەوپێشچوونی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی ئێران و کوردستان، بەردەوام دەبێت.

شەشەم: لە سەروبەندی دووهەمین ساڵیادی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیداین، شۆڕشێکی کە لە کوردستانی شۆڕشگێڕ و لە زێدیژینا ئەمینی، واتە شاری سەقزەوە دەستیپێکرد. هەر لە ئێستاوە کۆمەڵێک ڕێوشوێن و ئامادەکاریی بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم یادە لە ناوخۆی وڵات و بەتایبەتی لە کوردستان گیراوەتەبەر. کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی پێکهێنانی هەستی بێهیوایی و لاوازکردنی ئیرادەی هاوبەشی خەڵکی کوردستان لە دووبارە پیشاندانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەباتکارانەی خۆیان لە ساڵیادی شۆڕشیژینادا، ئاگایانە و ئامانجدار، گواستنەوەی بەشێک لە هێزەکانی کۆمەڵە و ئەو دوو لایەنە سیاسییەی دیکەی خستە بەرنامەی کاری خۆی و لە رێگەی یەکێتی نیشتمانییەوە بەکردەوەی دەرهێنا. وەڵامی سیاسیی، خەباتکارانە و شیاوی بزووتنەوەیژیناو هەروەها ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەبەست و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەسەلەی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوونی حیزبە سیاسییەکان، بەردەوام بونی هەرچی شکۆدارتری ئەم شۆڕشە لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر و یەکگرتووانە لە ناوخۆی وڵات و بەتایبەت لە کوردستان و هەروەها خۆپیشاندان و ڕێپێوانی بەربڵاو و هەماهەنگ لە دەرەوەی وڵاتە. گومان لەوەدا نییە کە ئەم ڕۆژانەش، بە یەکڕیزی، هاوپشتی و خەبات و خۆڕاگریی یەکگرتووانەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان و هەروەها بە هاوکاری حیزب و لایەنە سیاسییەکان، تێپەڕ دەبێت و دوا ڕۆژەکانی تەمەنی کۆماری ئیسلامیش نزیکتر دەبێتەوە.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٦ی سێپتامبری ٢٠٢٤