کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی خوێندنی ١٤٠٤-١٤٠٥

156598594

لە سەروبەندی یەکی مانگی ڕەزبەر، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٤- ١٤٠٥ لە ئێرانداین. بەم نزیکانە زیاتر لە ١٦ ملیۆن منداڵ و تازەلاو و زیاتر لە چوار ملیۆن و نیو قوتابی، هاوڕێ لەگەڵ یەک ملیۆن و نیو موعەلیم و دەیان هەزار مامۆستای زانکۆ، ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکەن. بەڵام ئەم دەستپێکە نوێیە لەبری ئومێد و شادی، ئامرازێکه بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعه تاڵەکانی پرسی پەروەردە له ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا. لە لایەکەوە سەدان قوتابی و خوێندکاری وشیار، بە هۆکاری سیاسی و پیشەیی دەستبەسەر و زیندانی کراون و لە لایەکی دیکەشەوە موعەلیمانی پێشڕەو و خاوەن ئەزموون لەژێر گوشارێکی لەڕادەبەدەر و نامرۆڤانەدان. موعەلیمانی دڵسۆز و وشیار، کە دەبێ ئاڵاهەڵگرانی ڕووناکی بن، خۆیان بوونەتە ئامانجی سەرکوت، گرتن، دەرکران و سزای قورس و ناڕەوا. قوتابیان و خوێندکارانی ئازادیخوازیش لەم سەرکوتانە بێبەری نەبوون و دەیان کەسیان ڕووبەڕووی سزای زیندانیی قورس بوونەتەوە. گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی وەک دەرکردن، خانەنشینکردنی زۆرەملێ و زیندانیکردنی موعەلیمان، نیشانەی هەوڵەکانی ڕێژیمە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە بواری پەروەردەدا.

ئەمساڵ، ساڵی نوێی خوێندن لەکاتێکدا دەستپێدەکات کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ و تازەلاو بەهۆی هەژاری و بێبەشی لە پڕۆسەی خوێندن دابڕاون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەندی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەت پابەند دەکات بە دابینکردنی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەمووان. بەڵام سیاسەتی تاڵان و بڕۆ، پەروەردەی کردووە بە بازاڕێکی پڕ سوود و کەلێنی چینایەتی لە پەروەردەدا قووڵتر کردووەتەوە. قەرەباڵغی پۆلەکان، نەبوونی ئیمکاناتی پەروەردەیی گونجاو، بەکارنەهێنانی شێوازەکانی فێرکردن و بارهێنانی ئەمڕۆیی، جەختکردنەوە لەسەر فێربوونی زارەکی لەبری تێگەیشتن و شرۆڤەکردن، نەبوونی دەرفەت بۆ لێکۆڵینەوەی بەکۆمەڵ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، گرنگی نەدان بە توانایی و لێهاتوویی تاکەکەسی قوتابیان، کەمیی تاقیگە و کارگەی زانستی، نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی وەک زەوی وەرزشیی و هتد، پەروەردەی کردووە بە ئەزموونێکی بێزارکەر و بێ نەشئە بۆ ملیۆنان گەنج و تازەلاوی ئێران. لە هەمان کاتدا هەڵاوسانی بەردەوام و نرخی پێداویستییەکانی خوێندن لەوانە دەفتەر و قەڵەم و هەزینە لاوەکییەکانی تر و ئەو پارەیەی کە بەناوی کرێی خوێندنی بە شێوەیەکی نافەرمی و بە بیانووی جۆراوجۆر لە بنەماڵەکان وەردەگیرێت، گوشارێکی لەڕادەبەدەری بەسەر بنەماڵە کرێکاریی و چینە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگادا سەپاندووە.

لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا زاڵبوون بەسەر بواری پەروەردەدا بەردەوام یەکێک بووە لە ئامانجەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. ڕێژیم بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم بوارەدا و هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە شکستی ئایین لەبەرامبەر زانستدا، قوتابخانەکانی کردووە بە مەکتەبی فێرکردنی زارەکی ئایین و خورافات و بیروباوەڕی ئایینی. لەو ناوەندانەدا لەبری ئەوەی یارمەتی منداڵان و نەوەی گەنج بدەن بۆ ئەوەی خۆیان و جیهانی دەوروبەریان وەک خۆی بناسن، مێشکی قوتابیان بەزۆر پڕ دەکەن لە زانیاری ناپێویست و دواکەوتووانە و چەواشەکراو. لە قوتابخانە و ناوەندەکانی پەروەردەی ئێران، لەبری ئەوەی دوایین دەستکەوتە زانستییەکان و سەرجەم زانیارییەکانی مرۆڤایەتی لە بواری پەروەردەدا بەکاربهێنرێ و خوێندکاران لە دوایین پێشکەوتنە زانستیی و گۆڕانگارییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان ئاگاداربکرێنەوە، لە ڕێگەی بابەتە دەرسییەکانەوە بەڕادەیەکی زۆر خورافاتی ئایینیی و دواکەوتووانەیان دەرخوارد دەدرێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەزموونی ٤٦ ساڵی ڕابردوو به کاربەدەستانی ڕێژیمی سەلماندووە کە منداڵان و تازەلاوان بەشێک لە فێرکاریی و پەروەردە سەرەکییەکانیان نەک لە قوتابخانەکانەوە، بەڵکوو لە بنەماڵە و کۆمەڵگاوە وەردەگرن کە تێیدا مرۆڤایەتی و سیکۆلاریزم و دژایەتیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر بەهێزە. هەر بەم هۆیەوە پڕۆژە پەروەردەییەکانی ڕێژیم یەک لە دوای یەک لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕوو بوونەتەوە، بەجۆرێک کە ئەمڕۆ بێ مەیلی و دوورکەوتنەوە لە ئایین لە نێو لاواندا بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ئێستای ئێران.

مێژووی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نیشانی داوە کە زانکۆ و قوتابخانەکان بەردەوام سەنگەری خۆڕاگریی بوون لە دژی ستەم و سەرەڕۆیی. ئەو موعەلیمە بەدەروەست و وشیارانەی کە سەرەڕای گوشارەکان، بە ئەرکی خۆیان پابەند ماونەتەوە، پۆلەکانی خوێندنیان نەک هەر شوێنی فێربوون، بەڵکوو کردووە بە سەنگەرێک بۆ خەبات و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی. گوشارەکانی حکوومەت نەیانتوانیوە بەر بە ئیرادەی گەنجان بگرێت لەپێناو خوێندن و بەدەستهێنانی وشیاری و ئازادیدا. بزووتنەوەکانی خوێندکاری و پیشەیی موعەلیمان، بە دروشمی “لە سەنگەری قوتابخانەدا، هەم دەرس و هەم سیاسەت”، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگادا هەبووە. لاوان و بەتایبەت کچانی بوێر لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا حەماسەیان خوڵقاند و جیهانیان سەرسام کرد. لاوان و قوتابیان پێویستە لە ژینگەیەکی ئازاد و دوور لە توندوتیژی و سەرکوتدا گەشە بە توانا و بەهرەکانی خۆیان بدەن و بتوانن لە داهاتوودا بگەن بە پێگەیشتوویی فیکری و کۆمەڵایەتی. لە سبەینێی ئێرانی ڕزگاربوو لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و پەروەردە لە ئایین، هەموو تواناکانی قوتابیان لە بری خورافات و هزری دواکەوتووانە، بەرەو پەروەردەی زانستی ئاراستە دەکرێت. لە وەها هەلومەرجەدا بەهرەکان گەشە دەکەن و سەرمایەی لەبن نەهاتووی مرۆیی لەپێناو گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا بەکاردەهێنرێت. ئێمە بە داهاتوویەکی باشتر گەش بینین، داهاتوویەک کە تیایدا خوێندنی بێبەرامبەر و خاوەن کوالێتی بەرز، مافی هەمووان بێت و قوتابخانە و زانکۆکان ببنە ناوەندی گەشەکردن و پەروەردەی بەهرە و تواناکان، بیری ئازاد و شارۆمەندانی وشیار و بەرپرسیار.

تەنیا بە یەکڕیزی و وشیاری و خەبات و تێکۆشان دەتوانرێت دەنگی موعەلیمان و قوتابیان بەسەر ستەم و سەرکوتدا زاڵ بێت و بە بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و مرۆڤانەتر بۆ نەوەکانی داهاتوو ئومێدەوار بین. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، قوتابیان، موعەلیمان، مامۆستایان و سەرجەم کارمەندان و کاربەدەستانی قوتابخانە و زانکۆکان بانگەواز دەکات بۆ پشتیوانی بێ درێغ و بەشداری چالاکانە لە ناڕەزایەتییە بەردەوام و سەرتاسەرییەکانی ئێستای جەماوەری خەڵکی ئێران.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤

سەرەتای ساڵی خوێندنی ١٤٠٤-١٤٠٥