کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە هێرش کرانەسەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ ئازادکرانی ڕەزا شەهابی

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە هێرش کرانەسەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ ئازادکرانی ڕەزا شەهابی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم بینای وەزاڕەتی تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی ڕژیم کە بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی ڕەزا شەهابی لە سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە ٥ ی مانگی بەفرانبار بەڕێوەچوو، بەرەو رووی هێرشی بەرینی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆوە. هێزە ئینتیزامی و ئەمنیەتیەکانی ڕژیم کە چەند کاتژمێر پێشتر بە هێزێکی زۆرەوە دەوروبەری شوێنی کۆبوونەوەکەیان دارگیر کردبوو، لە هەمان ساتەکانی سەرەتاوە ڕیزی ناڕازیانیان بە دژی دەست بەسەرکرانی ڕەزا شەهابیان دایەبەر هیرش. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم کە نیگەرانی بەرینتر بوونەوەی ناڕەزایەتیەکە بوون بە هێرش بۆسەر ڕیزی ئەو کەسانەی لە شوێنەکە کۆببوونەوە، کرێکاران و ئەو ئینسانە ئازادیخوازانەیان دایەبەر لێدان و زەبر و زەنگ کە بە نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ روبابە ڕەزایی هاوسەری ڕەزا شەهابی و لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی نا مامرۆڤانەی داسەپاو بەسەر ڕەزا شەهابی دا لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەدا بەشدار بوون. هێزە ئینتیزامیەکان لە جەریانی هێرشی وەحاشیانەیاندا زیاتر لە ٤٠ کەسیان لە بەشدارانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکە گرت و چەندین کاتژمێر ئەوانیان لە گرتوخانەی ئیویندا ڕاگرت.

ڕەزا شەهابی لە سیما ناسراوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران و ئەندامی سەندیکای شیرکەتی واحید لە رۆژی ١٨ ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە بۆ چەندەمین جار گیراو ڕەوانەی زیندان کرا. ئەو ئەم جارە لە سەرەتای چوونیەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار، پاش ئەوەی کە ناوەندی ئیجرایی ئەحکامی زیندان بەوی ڕاگەیاند کە سەرجەم مەرەخەسیەکانی بە غەیبەت بۆ حیساب دەکرێت و مەحکومیەتی زیندانیەکەی ٩٦٨ رۆژ بەردەوام دەبێت، لە ناڕەزایەتی بەم کارە نا یاساییەی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی ڕژیم، دەستی دایە مانگرتن لە خواردنی درێژ ماوە. ڕەزا شەهابی تەنیا پاش ئەوەی کە بەرپرسانی زیندان بەڵێنی سەرلەنوێ پێداچوونەوەیان بە حوکمەکەی پێدا، دەستی لە مانگرتن لە خواردن هەڵگرت. بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گوێ نەدان بە ناڕەزایەتیەکانی ڕەزا شەهابی و بنەماڵەکەی و بە لەبەرچاو نەگرتنی ناڕەزایەتی ناوەندە کرێکاریەکان و رێکخراوەکانی لایەنگری مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی نێونەتەوەییدا و ناڕەزایەتی ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکان لە دەوڵەت لە نێوخی ئێراندا سەبارەت بە درێژەی دەست بەسەر کرانی ڕەزا شەهابی، هەروا درێژە بە گوشارەکانی بۆسەر ئەو هەڵسوڕاوە کرێکاریە ئەدات. هەروەک لەسەر بنەمای ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی روبابە ڕەزایی، هاوسەری ڕەزا شەهابی ئەم کرێکارە زیندانی کراوە هاتووە، لە ماوەی دوو حەوتوی ڕابردودا، دوو جار لە زیندانی ڕەجایی شار توشی سەکتەی مەغزی بووە و سەرەڕای بارودۆخی خراپی ڕەزا شەهابی، بەرپرسانی زیندان هەروا لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، خۆدەپارێزن.

درێژەی دەست بەسەر کرانی ڕەزا شەهابی و داسەپاندنی بارودۆخێکی نامرۆڤانە بەسەریدا و هێرش کرانەسەر ڕیزی ئەو ناڕازیانەی کە خوازیاری پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی ئەون گومانێک ناهێڵێتەوە کە کرداری گوشار لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بۆسەر ڕێبەرانی کرێکاری و گوێنەدان بە گوشارە نێونەتەوەیی و نێو خۆییەکان بۆ ئازاد کرانیان، سیاسەتێکی ئاگاهانەیە کە لە بانترین ئاستی ڕژیمەوە لە بارەیەوە بڕیاری لەسەر دراوە. گوشار هێنان بۆسەر هەڵسوراوانی کرێکاری، پەیامی دەوڵەت و سەرمایەداری حاکم بەسەر ئێراندایە بۆ گشت ڕێبەرانی کرێکاری و سەرجەم بزوتنەوەی کرێکاری. هەر دوو باڵی ڕژیم بە باشیی لێیان حاڵی بووە کە لە ناوەرۆکی ئەو قەیرانە هەمە لایەنەدا کە بەرۆکی ڕژیمی گرتوە و لەسەر ناوەرۆکی ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکان و گەشەی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لە کۆمەڵگەدا، چ مەترسیەک و لە لایەن کام بەشی کۆمەڵگاوە، هەڕەشە لە سەر چینی سەرمایەدار و ڕژیمی پشتیوانی دەکات. ڕژیم لە نەخش و دەوری سازماندەرانەی هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە جەریانی ناڕەزایەتیەکان و مانگرتنەکاندا ئاگادارە و لەم روەوە هەوڵ ئەدات بە زیندانی کردنی ڕێبەران و چالاکانی ناسراو و کاریگەری دانەری بزوتنەوەی کرێکاری و مەحکوم کردنیان بەمەرگی بە شێنەیی لە پشت میلەی زیندانەکان باقی هەڵسوراوان، پێشڕەوان و ڕێبەرانی چینی کرێکاری ئێران چاوترسێن بکات. بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم سیاسەتەی ڕژیم پێویستە رۆحیەی خۆڕاگری و تێکۆشانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری لەنێو زیندانەکاندا بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی زیندان. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاری و ئینسانە ئازادیخوازەکان لەبەردەم بینای وەزارەتی تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی ڕژیم لە ناڕەزایەتی بە درێژەی لە زیندان مانەوەی ڕەزا شەهابی کە بەرەو رووی هێرشی بەرینی هێزە سەرکوت گەرەکانی ڕژیم بۆوە، هەنگاوێک بووە لەم ڕاستایەدا.

حیزبی کومونیستی ئێران وێڕای مەحکوم کردنی هێرشی وەحشیانەی هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم بۆسەر ڕیزی ئەو کەسانەی کە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی و داخوازی پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی ڕەزا شەهابی کۆببونەوە، خوازیاری ئازادی هەرچی زووتر و بێ شەرت و مەرجی ڕەزا شەهابییە. حیزبی کومونیستی ئێران چەخت دەکاتەوە کە بۆ بەرەنگار بوونەوەی هێرشی بەرنامە بۆ دارێژراوی ڕژیم ڕێگایەک بێجگە لە پەرەدان بە مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری و پەرەدان بە خەبات بۆ ئازادی کرێکارانی زیندانی کراو و ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بوونی نییە. هەڵسوراوانی کرێکاری بە تەجروبە بۆیان دەرکەوتوە کە هەر چەشنە سستی و بێ حەرەکەتیەک لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا، سەرانی ڕژیم لەسەر درێژە پێدانی سورتر دەکات. نابێ بۆ یەک ساتیش بنەماڵەی هەڵسوراوانی کرێکاری و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە خەبات بۆ ئازادی ئازیزانیان بە تەنیا بێڵینەوە. دەبێ هەوڵ بدرێت کە ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە کرێکاران و ئینسانە ئازادی خوازەکان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکانی ئەو بنەماڵانەدا لەبەردەم ناوەندە حکومەتیەکان و زیندانەکاندا بەشداری بکەن. لە دەرەوەی وڵات ئەحزاب و رێکخراوە چەپ و کومونیستەکان و ناوەندەکانی پشتیوانی بزوتنەوەی کرێکاری و خەباتی ئازادیخوازانە لە ئێران پێویستە لە بارودۆخی ئێستادا هاوکارییەکانیان بۆ بەرپا کردنی کارزارێکی سیاسی و تەبلیغی بۆ پشتیوانی کردن لە کرێکارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسی و لەقاودانی جەنایەتەکانی ڕژیم پەرەپێبدەن.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-