کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە شانۆگەری هەڵبژاردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

دوازدەهەمین دەورەی گاڵەتەجاڕی “هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری”، “هەڵبژاردنی میان دەورەیی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی” و هەروەها “هەڵبژاردنی شوڕا ئیسلامیەکانی شار و دێ”، قەرارە لە رۆژی ٢٩ی مانگی گوڵانی ٩٦ لە ئێران بەڕێوەبچن. بە گوێرەی یاسای بنه‌ڕه‌تی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، تەنیا پیاوانی مەزهەبی و سیاسی کە باوەڕیان بە نیزامی ویلایەتی فەقیە و بنەماکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی هەبێت، دەتوانن خۆیان بۆ کاندیداتۆری سەرەک کۆماری ناونووس بکەن. هەروەها بە گوێرەی بارودۆخێک کە بۆ کاندیداتۆری ” شوڕا ئیسلامیەکانی شار و دێ”یان ڕاگەیاندووە، تەنیا کەسانێک شیاوی کاندیداتۆرین بۆ ئەم شوڕایانە کە باوەڕ و ئیلتیزامی بە کردەوەیان بە ئیسلام و ویلایەتی فەقیە و یاسای بنه‌ڕه‌تی هەبێت و سەربە هیچ حیزب، گروپ و سازمانێکی نایاسایی نەبووبێتن و سەڵاحیەتیان لە لایەن وەزاڕەتی ئیتلاعات و هێزەکانی ئیتیزامیەوە، تەئید کرابێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەم پێش مەرجانەی کە بۆ کاندیداتۆری لەم گاڵتەجاڕەیدا دیاری کردوە لە ڕاستیدا داوا لە خەڵکی ئێران دەکات کە رۆژی ٢٩ی مانگی خاکەلێوە بچنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و لە نێو قافڵەی جەنایەتکاران، دزەکان و کەسانی سەربە ڕژیم و پایبەند بە نیزامی ویلایەتی فەقیەدا« ژمارەیەکیتر هەڵبژێرن تا بۆ چەند ساڵێکی تر بەسەریانەوە حاکمیەت بکەن. ئەم شانۆگەرییه‌ گاڵەتەجاڕە، بە بەراورد لەگەڵ نزم ترین پێوانەکان لە دیموکراسیەکی بۆرژواییشدا، ناتوانێ ناوی هەڵبژاردن بێت. کەوایە ئەگەر رۆژانە قسە لە نزارەتی ئیستسوابی شوڕای نیگابان، سپای پاسداران و موهەندیسی کردنی پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە و دژی دیموکراتیک بوونی لە ئارادیە، بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ پێشێل کردنی قاعیدەی یاریەکە لە لایەن خودی باڵە حکومەتیەکانەوە و هیچ پێوەندییەکی بە مافی خەڵکی زۆر لێراوی ئێرانەوە نییە. مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی ئێران لە کاتێکەوە پێشێل دەکرێن کە ڕژیمی ئیسلامی بە گرتنەبەری کوشتاری ئینسانەکان، ئەشکەنجە و زیندان و بە زۆر و سەرکوت، شۆڕشی خەڵكی خەڵتانی خوێن کرد و بە پێشێل کردنی پێش مەرجەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد، وەک ئازادی چالاکی سیاسی ئەحزاب، ئازادی بەیان و مەتبوعات و ئازادییە سیاسیەکان، مافی هەڵبژاردنێکی واقعی لە خەڵکی ئێران بە تەواوی زەوت کرد. “هەڵبژاردن” لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، بەکردەوە بۆتە ڕێگایەکی یاسایی بۆ گۆڕینی ئاڕایشی سیاسی باڵه‌كانی نێو ڕژیم و ئەوەی کە هەرکام لە باڵەکان چ سەهمێکی لە دەسەڵات و چ سەهمێک لە سەروەتی کۆمەڵگا بە تاڵان بەرێت. ئەم جۆرە شانۆگەریانەی هەڵبژاردن بە سپای پاسداران کە خاوەنی دەسەڵاتی پاوان کردن، واتە ئینحساریە لە ئابووری سەرمایەداری ئێراندا و پشتی بە هێزی چەکدار و تەیاری سەدان هەزار کەسی سپا و بەسیج بەستووە و کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکاندا هەیە، یارمەتی دەریەتی تا کێشمەکێشی باڵە حکومەتیەكان، باشتر مودیریەت بکات.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، هەر ئەو جۆرەی کە لە گوشار هێنان بۆسەر زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی و لە شەپۆلی ئێعدامی زیندانیان و باقی کردەوە سەرکوتگەرانەکانی، وەک شگردێک بۆ دروست کردنی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا کەڵک وەردەگرێت، هەر ئەو جۆرەی کە بە مانۆڕە نیزامیەکان و شانۆی تواناییە تەسلیحاتیەکانی و دامەزراندنی هەموو جۆرە ناوەندێکی ئەمنیەتی، هێزی خۆی پیشانی کۆمەڵگا ئەدات، دەیەوێ بە هێنانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان لە “هەڵبژاردن”یش، وەک مانۆڕێکی سیاسی و شانۆیەکی فریوکارانەی “دەسەڵات” لەدژی خەڵک و بۆ بەرز کردنەوەی ورەی هێزە سەرکوتگەرەکانی کەڵک وەربگرێت. لە بارودۆخی ئێستادا کە ترس لە پەرەگرتن و سەرتاسەری بوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و ئاخێزی جەماوەری ئازارچه‌شتو، بۆتە کابوسێک بۆ سەرانی ڕژیم، گشت باڵەکان و سەرانی ڕژیم لە هەوڵدان کە بتوانن مۆری مەشروعیەتی هەڵبژاردن بدەن لە درێژەدان بە حاکمیەتەکەیان. ئەم شانۆیانەی هەڵبژاردن، هیچ شتێک نین بێجگە لە مەشروعیەتدان لە زەوت کرانی مافەکانی خەڵکی ئێران. کرێکاران و جەماوەری ناڕازی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە یەکساڵی ڕابردوودا بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانیان، گەلێک سەحنەی شکۆداریان لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیە ڕەواکانیان پیشاندا، ئەو ژنانەی کە لە خەبات لەدژی سیاسەتی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی ڕژیم بۆ ساتێکیش دەستیان لە خەبات و خۆڕاگری نەکێشاوەتەوە، ئەو لاوانەی کە فەرهەنگ و خورافاتی مەزهەبیان توشی کێشە کردوە، ئەو تێکۆشەرانەی کە لەدژی سزای ئێعدام، نائەمنی ڕێگاوبانەکان و وێران بوونی ژینگە، شەقامی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێرانیان، کردە مەیدانی بەرەوروو بوونەوەی خۆیان لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیم، دەتوانن بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی ٢٩ی مانگی گوڵان بکەنە، سەحنەی ڕیسوا بوون و شکستی ڕژیم. کرێکارانی وشیار و خەڵکی تێکۆشەری ئێران کە دەزانن چوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان بە کردەوە بە واتای بوونیانە بە هێزی زەخیرەی شەڕ و ناکۆکی نێوان باڵە حکومەتیەکان لەسەر چلۆنایەتی دابین بوونی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران و زەمانەتکرانی مانەوەی ڕژیمە و هیچ قازانجێکی بۆ ئەوان تێدا نییە. هیچ یەک لە داخوازیە ئابووری و سیاسیەکانی کرێکاران و خەڵکی سته‌ملێكراوی ئێران کە ساڵانێک خەباتیان بۆ کردووە، لەژێر سایەی حاکمیەتی هیچکام لە باڵە حکومەتیەکاندا، دەستەبەر نابێت. خەڵکی وشیاری ئێران دەزانن کە هەر دەنگێکیان، بە هەر بیانویەک و بە هەر پاساوێک، بەناوی “هەڵبژاردن” بخەنە سندوقی دەنگدانەوە، بە کردەوە لە خزمەت درێژتر بوونەوەی تەمەنی ئەم ڕژیمە و لە خزمەت دەرێژەی ئەو کارەساتانەدا دەبێت کە کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکیدا هێناوە. کرێکاران و خەڵکی ئازادی خوازی ئێران دەتوانن بە وشیاری و ئیرادەی یەکگرتوانەیان و بە دانی کەمترین هەزینە، تەنیا بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، ئەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنە، توشی شکست بکەن و بە شکست پێهێنانی هه‌لوومه‌رجێكی گونجاوتر بۆ دەرێژەدان بە خەباتی مافخوازانە و ڕەوایان، فەراهەم بکەن. خەڵک بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، دەتوانن ئەم شانۆگەری هەڵبژاردنە، بکەنە ڕیفراندۆمێک بۆ نیشاندانی ناڕەوا بوونی ڕژیم.

بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری کۆمیتەی

ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

خاکەلێوەی ١٣٩٦ ئاوریلی ٢

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) وحیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-