لە سەروبەندی بیست و پێنجەمی نوامبر ڕۆژی جیهانی خەبات لەدژی توندوتیژییەکداین کە ڕۆژانە بە ملیۆنان ژن لە سەرانسەری جیهان لەگەڵی بەرەوڕوو دەبنەوە. ڕۆژێکی کە بە یادی خوشکانی میرابێل، ئازادیخوازانی کۆماری دۆمینیکێن کە لەپێناو خەبات لەدژی ستەم و سەرەڕۆیی دا گیانیانبەختکرد ناوەزەد کراوە، بانگەوازێکی جیهانییە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی پێکهاتەیی و یاسایی و کولتووری دژی ژنان.
سەرەڕای بەڵێنییە نێودەوڵەتییەکان و بوونی یاسا و ڕێسای قەدەغەکردنی توندوتیژی لە زۆرێک لە وڵاتەکان، ئامارەکان هێشتا جێگای تێڕامان و هەژێنەرن. بەشێکی بەرچاو لە ژنان لە سەرانسەری جیهان هەموو جۆرەکانی توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، ئابووری و ڕەگەزییان ئەزموون کردووە. ژنان لە زۆر شوێنی جیهان هەروا لەژێر گوشاری داب و نەریتی پیاوسالاری، بەربەست و ئاڵەنگاریی یاسایی، هەڵاواردنی ئابووری و بێبەشبوون لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤدا ژیان بەسەردەبەن.
ڕۆژی جیهانی خەبات بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان دەرفەتێکە بۆ لەقاودانی ئەو سیستەمە دەسەڵاتدارەی کە لەناو بنەماڵەوە بگرە تا دەگاتە شەقام و شوێنە گشتییەکان، لە داب و نەریتەوە تا یاسا و ڕێساکان و لە ناوەندەکانی کارەوە تا ناو زیندانەکان، جەستە و ژیانی ژنان کۆنترۆڵ و سەرکوت دەکات. واقیعییەت ئەوەیە کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە خاوەندارێتییەکان، کاری بەکرێ و بنەماڵە پیاوسالارییەکان، کە هەموو ئەمانە لە پێکهاتەی دەوڵەت و یاسا و ئایین و ئابووریدا جێگیر کراون. بەبێ بە ئامانج گرتن و ڕەخنەی بنەڕەتی لەم پەیوەندییانە، هیچ ڕیفۆرم و چاکسازییەکی یاسایی بەردەوام ناتوانێت ئەم توندوتیژییە ڕیشەکێش بکات. سیستەمی سەرمایەداری، ژنان وەک کرێکارانی هەرزان لەناو کارگەکان، پیشە نافەرمییەکان، خزمەتگوزارییەکان، پەرستاری و هیتر… و هاوکات وەک کرێکاری ناوماڵ بەبێ حەقدەست بەکار دەهێنێت و لەم ڕێگایەوە هێزی کاری پیاوانیش بەرهەم دەهێنێتەوە. بەڵام ژنانی جیهان لەبەرامبەر ئەو چارەنووسەی خۆیاندا تەسلیم نەبوون. لە سەرانسەری جیهان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگرە تا ئەمریکای لاتین و لە ئەفریقاوە تا ئاسیا، ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕن. حزووری ئەوان لە ئاخێزە جەماوەرییەکاندا، سنوورە نەتەوەیی و ئایینییەکانیان تێپەڕاندووە و ئەمەش هیوایەکی نوێی بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا دروستکردووە. ئەم خەبات و تێکۆشانە دەریدەخات کە ڕزگاری ژنان، تەنیا لە ڕێگەی ڕیفۆرم و چاکسازی ڕووکەشەوە دەستەبەر نابێت. پێویستە ڕیشە و سەرچاوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی توندوتیژی بناسرێت و لەدژی خەبات بکرێت. نایەکسانی ئابووری، هەژاری، بێبەشبوون لە پەروەردە و تەندروستی و هەروەها سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای قازانج و چەوساندنەوە دامەزراوە، سەرجەمیان لە بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی ژناندا ڕۆڵ دەبینن.
بەڵام ئەگەر توندوتیژی دژ بە ژنان بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی سەرمایەداریی پیاوسالار، هەر ئەو پەیوەندییانە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئایینی کۆماری ئیسلامیدا گەیشتوونەتە لوتکە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، جۆرەها توندوتیژی دژ بە ژنان ئاوێتەی یەکتر کراون و چڕتر بوونەتەوە: لەوانە توندوتیژی جەستەیی و جنسیی، توندوتیژیی دەروونی، زارەکی و سۆزداری، توندوتیژی ئابووری وەک (وابەستە هێشتنەوەی ژنان بە داهاتی پیاوان، هەڵاواردن لە حەقدەست و دامەزراندن)، توندوتیژی یاسایی لەوانە (یاساکانی هەڵاواردن سەبارەت بە میرات، جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردن، جل و بەرگ، مافی سەفەرکردن و مافی کارکردن)، توندوتیژی سیاسی وەک (سەرکوتکردنی ژنانی ناڕازی، زیندانیکردن، شەلاق لێدان، ئەشکەنجە و ئێعدام). بەڵام بەم حاڵەشەوە ژنانی ئێران لە ئاستی ئەم دۆخەدا بەچۆکدا نەهاتوون. لەماوەی ٤٧ ساڵ دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا، ژنان پێشەنگ و سەرقافڵەی زۆرێک لە بزووتنەوەکان بوون: لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٥٧ دژ بە حیجابی ناچارییەوە بگرە، تا دەگاتە بزووتنەوە خوێندکارییەکان، بزووتنەوەی موعەلیمان و پەرستاران، شایەتی خەبات و خۆڕاگری ژنان لە دژی ڕژێمێکین کە ژێردەستەڕاگرتنی ژن و پیاوسالاریی و شەریعەت، لە زومرەی کۆڵەکە سەرەکییە ئیدئۆلۆژیکییەکانی دەسەڵاتەکەی بووە. ژنانی ئێران لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بە بەشداری چالاکانە لە بوارەکانی پەروەردە، کار، هونەر و خەباتی کۆمەڵایەتیدا، هەموو سنوورە سەپێنراوەکانیان تووشی ئاڵەنگاری کردووە. حزووری بەهێز و بەرچاوی ژنان لە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی“دا، نیشانەی ئیرادەیەکی شێلگیر و لێبڕاوانەیە بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاری و ڕزگاربوون لەو کۆت و بەندانەی ئێستا. ژنانی ئێران لەم ئاخێزە شکۆمەند و بوێرانەی خۆیاندا یەکێک لە پایە ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامییان داڕماند و حیجابی زۆرەملێ، ئەم هێمای کۆیلایەتی ژنانیان، تووڕهەڵدایە ناو زبڵدانی مێژووەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە تا ئەو کاتەی دەوڵەتێکی ئایینی سەرکوتگەر لەسەرکار بێت، تا ئەو کاتەی سەرچاوەی یاسا شەریعەت بێت، تا ئەو کاتەی پەیوەندی کاری کرێگرتە و چەوساندنەوەی چینایەتی وەک خۆی بمێنێتەوە، توندوتیژی لەدژی ژنان تەنها فۆرم دەگۆڕێت، بەڵام بنەبڕ نابێت.
نەمان بۆ توندوتیژی دژی ژنان
بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
یەکەمی سەرماوەزی ١٤٠٤
٢٢ی نوامبری ٢٠٢٥
