کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی سزادراوانی زیندانی قزڵحەسار هاوهەنگاو لەگەڵ هاواری “نا بۆ لەسێدارەدان”

IMG 20251017 001653 497

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی سزادراوانی زیندانی قزڵحەسار

هاوهەنگاو لەگەڵ هاوارینا بۆ لەسێدارەدان

ئێستا پێنج شەو و ڕۆژ بەسەر دەستپێکی مانگرتن لەخواردنی زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ بەندکراو لە زیندانی قزڵحەسار تێپەڕ دەبێت. کەسانێکی کە بە جەستەیەکی کز و لاواز، بەڵام ئیرادەیەکی بەهێز  لەبەرامبەر تێغی ئێعدامدا ڕاوەستاون و بە یەک دەنگ خوازیاری یەک شتن: ڕاگرتنی خێرا و دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان و نەهێشتنی بەتەواوەتی ئەم سزا نامرۆڤانەیە. ئەم بزاڤە ناڕەزایەتییە کە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر، دوابەدوای گواستنەوەی ژمارەیەک لە سزادراوان بۆ ژووری تاکەکەسی دەستی پێکرد و بە خێرایی زۆربەی بەشەکانی زیندانی گرتەوە، سەرەڕای هەڕەشە و توندوتیژی و گوشاری مەئمووران هەروا بەردەوامە. دۆخی جەستەیی زۆرێک لە زیندانیانی مانگرتوو ناجێگیرە و گیانی هەندێکیان زۆر لە مەترسیدایە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم هەشت کەس لە زیندانی قزڵحەسار لەسێدارە دراون و ژمارەیەکی زۆر لە ناڕازیان لە دۆخێکی جەستەیی گەلێک دژواردان، بەڵام بەم حاڵەشەوە بێدەنگ نەبوون. ئەم مانگرتنە هاواری کپکراوی ئەو مرۆڤانەیە کە لە چواردیواریی نایەکسانی و لەودیوی میلەکانی مەرگەوە بەندکراون، هاوارێک لە دژی سیستەمێکی کە زیندان و مەرگی کردۆتە ئامرازێک بۆ دەسەڵاتدارێتی بەسەر خەڵکدا. ئاماژەی زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان بە بارودۆخی خراپی جەستەیی زیندانییەکان، کەمتەرخەمی بە ئەنقەستی بەرپرسانی زیندان و گیانلەدەستدانی لانیکەم زیندانییەک بەهۆی کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتن، نیشانەیەکی ئاشکرایە لە جینایەتە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

ئامارە هەژێنەرەکانی پەرەسەندنی ڕەوتی لەسێدارەدان لە وڵاتدا، ویژدانی گشتیی ئازار دەدات: تەنیا لە بیست ڕۆژی یەکەمی مانگی ڕەزبەردا، ١٦٢ حوکمی لەسێدارەدان بەڕێوەچووە. لە شەش مانگ و بیست ڕۆژی یەکەمی ئەمساڵی هەتاویدا، زیاتر لە هەزار کەس لە سێدارە دراون و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە لانیکەم هەزار و ١٢٨ کەس لە سێدارە دراون. ئەم شەپۆلی لەسێدارەدانە، نەک وەڵامدانەوە بە تاوان و دادپەروەری، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ زاڵکردنی ترس و سەرکوتی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی دەسەڵاتێکی کە لە گێژاوی چەندین قەیرانی ئابووری و سیاسی و بەڕێوەبەریدا گرفتار بووە.

ئێمە ڕایدەگەیەنین کە: لەسێدارەدان کوشتنی بە ئەنقەست و ڕێکخراوی دەوڵەتییە و دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت. سیاسەتی ترس و تۆقاندن و کوشتاری بەکۆمەڵ، نەک هەر نابێتە هۆی ئەمنییەت و دادپەروەریی، بەڵکوو قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان قووڵتر دەکاتەوە. زیندانیانی ناڕازی مافی خۆیانە بەبێ هەڕەشە و توندوتیژی، داواکارییەکانیان دەرببڕن و لە دادگاییەکی دادپەروەرانە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی سەربەخۆ و هەڵسوکەوتی ئینسانی بەهرەمەند بن. نابێت بنەماڵەی سزادراوان و ناڕازیان بەتەنیا بمێننەوە. پشتگیری و پشتیوانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە.

حیزبیکۆمۆنیستیئێرانوێڕایڕاگەیاندنیهاوپشتیتەواویخۆیلەگەڵزیندانیانیمانگرتوولەخواردن،لەسەرئەوەجەختدەکاتەوەکەخەباتبۆئازادیودادپەروەری،خەباتێکیبەکۆمەڵە. واتە لەودیوی دیوارەکانی زیندانەوە تا سەر شەقامەکان، لەناو کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانەوە تا زانکۆکان، لە ئێرانەوە تا هەر سوچێکی ئەم جیهانە. لەمڕووەوە داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی پیشەیی و کۆمەڵایەتی، هونەرمەندان، خوێندکاران، موعەلیمان، پەرستاران و شارۆمەندانی مرۆڤدۆست دەکەین: دەنگی زیندانیانی قزڵحەسار بە گوێی خەڵکی جیهان بگەیەنن و خواستی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بکەن بە داواکارییەکی گشتی. بە دەربڕینی هاوپشتی ئاشکرا لە ڕێگەی لێدوان و ڕاگەیاندن، کۆبوونەوەی ئاشتیانە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، گوشارەکانی بیروڕای گشتی بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی گیانیی و مافی زیندانیان، زیاتر بکەن. بنەماڵەی سزادراوان بە تەنیا مەهێڵنەوە. پشتگیری یاسایی و دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەوان ڕێکبخەن. ئەم مانگرتن لە خواردنە تەنیا ناڕەزایەتییەک نییە لە پشت میلەکانی زیندانەوە، بەڵکوو نەبەردێکە لەپێناو ژیان و کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەریدا. زیندانیانی قزڵحەسار بە ڕاوەستاویی خۆیان پێمان دەڵێن کە خۆڕاگریی زیندووە و دیواری ترس دەبێ تێکبشکێنرێت. زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان، ناتوانێت ئیرادەی جەماوەر بۆ ئازادی تێکبشکێنێت. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم پەیامە بە دەنگێکی بەرزتر ڕابگەیەنین و بەربڵاوتری بکەین.

بۆ پێشەوە تا هەڵوەشاندنەوەی بەتەواوەتی سزای لەسێدارەدان و ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی

کۆمیتەیناوەندیحیزبیکۆمۆنیستیئێران

١٦یئۆکتۆبری٢٠٢٥

٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤