کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی ٨ ی مارس رۆژی جیهانی ژن ٢٠١٩

cpi

لە یەکسەد و هەشتەمین ساڵیادی ٨ ی مارس و چلەمین ساڵیادی ناڕەزایەتی ملیۆنی ژنانی ئێران لەدژی حیجابی ئیجباریدان. لە زۆربەی وڵاتانی دنیا ئەم رۆژە دەرفەتێکە بۆ ژنان لە ئاستی جەماوەریدا بڕژێنە سەر شەقام تا هەموو ئەو مناسباتەی ڕیشەکانیان لە ژێر دەستەیی ژناندایە توشی به‌رنه‌ ژێر پرسیار. ئەگەر ئەم ژێردەستەییە، ئەم هەڵاواردنە و ئەم ستەمە جسنیەتیە لە پرۆسەیەکی مێژوویی- جیهانی چەند هەزار ساڵەدا کامل بووە، کەوایە دیارە بۆ لەنێو بردنی پێویستیمان بە بزوتنەوەیەکی بەهێز، پێویستیمان بە ئاسۆیەکی روون و پێویستیمان بە شەڕێک لەدژی ئەو نیزامە چینایەتیە هەیە کە هەڵاواردن و ژێردەستەیی ژنان یەکێک لە ئەرکه‌ بنەڕەرتیە‌كانیه‌تی. لەبیرمان نەچێت کە تەنانەت لە پێشکەوتو ترین کۆمەڵگای سەرمایەداری و لەگەڵ بوونی خەباتێکی پڕگور و تینی ژنان لە ماوەی زیاتر لە یەک سەدە هەروا ژنان لە ئاستێکی بەریندا بەرەو رووی هەڵاواردنن. هێشتاش ژنان وەک کالای ڕازێنەرەوەی تەبلیغاتی بەرهەمهێنانی ئەم کۆمەڵگایانە، هێشتاش ژنان وەک کۆیلە دەفرۆشرێن، هێشتاش ژنان لە بەرانبەر کاری یەکساندا گەلێک کەمتر لە پیاوان حەقدەست وەردەگرن. لەم نێوانەدا لە هەر جێگایەک مەزهەب بەشێک لە بنه‌مای دەسەڵاتی سیاسی پێک دێنێت و یان سوننەتە مێژووییەکان ئەو دەرفەتەیان بە مەزهەب داوە کە ده‌سه‌لات و فەرهەنگی پیاوسالارانە دابمەزرێنێ، بە هەمان ڕادە وەحشەتناک تر شێلاقی بێ ڕەحمی ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە جەستەی نیوەی کۆمەڵ وه‌شاندووه‌. لێرەدا ئیتر دەوڵەت نە تەنیا وەک ئەرکانی پاراستنی نیزامی چینایەتی چەوسێنەرانە، بەڵکو بۆ پتەو کردنی پایەکانی ئیدئۆلۆژیکی خۆیشی پێویستی بە سەرکوتی بەملیۆن ژن هەیە. لێرەدا ئیتر سوڵتە و دەسەڵات لە دوو فاکتۆڕی تێک هاڵاوی پێوەندی بەرهەمهێنانی سەرماداری و دواکەتوانە ترین سوننەتی كۆنه‌ په‌ره‌ستانه‌ی مەزهەبی بۆ ستەمگەری لەسەر ژنان کەڵک وەردەگرێت.

ئەمساڵ لە ئێران ٨ ی مارس ئەم تایبەتمەندیەی بە خۆیەوە گرتوە کە لەگەڵ چلەمین ساڵیادی هێرشی دژی شۆڕشی سەرچاوە گرتو لە شۆڕشی خەڵکەوە هاوکاتە. لە ماوەی ئەم ٤ دەیەدا، ڕژیمی ئیسلامی شەڕێکی به‌ تەواو مانای لە گشت بوارەکانی حەیاتی کۆمەڵدا لەدژی ژنان بەرەو پێش بردوە و لەم ڕوانگەیەوە بە جورئەت دەتوانین بڵێین کە هێرش بۆسەر ژنان یەکێک لە ئەرکانی ئەساسی پتەو بوونی دژی شۆڕش، لە هەمان رۆژەکانی سەرەتاوە بوو. لە هەمانحاڵدا ژنان لە ئەزمونی ژیان و خەباتی خۆیاندا بۆیان روون بۆتەوە کە چلۆن لە بەرانبەر هێرشی دژی شۆڕش و هێرشی کۆپاڵ بەدەستانی ئیسلامیدا ڕابوەستن. ئەوان فێر بوون کە لە هەر جێگایەک ئیمکانیان دەست کەوتبێت لەگەڵ هێما جۆراو جۆرەکانی سیاسەتی دژی ژن و ستەمگەرانەی حاکم بەرەو روو ببنەوە. ئەوان بۆیان دەرکەوتوە کە چلۆن لە چوارچێوەی پێوه‌ندیه‌كانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا بەند کراون، ئەویش لە کۆمەڵگایەکدا کە بەپێی یاساکانی زاڵ ژنان وەک نیوەی پیاوان بە حیساب دێن.

ڕێپیوانی شکۆداری ژنان لە مانگی بەفرانباری ٥٧ بە دروشمی” ئێمە شۆڕشمان نەکرد تا بگەڕێینەوە بۆ دواوە” ڕاگەیاندنی نەبەردێک بوو دژی ده‌سه‌لاتی ئیسلامی. ژنانی ئێران لە هەمان سەرەتاوە حیجابیان وەک یەکێک لە هێماکانی بێ مافی خۆیان توشی کێشە کرد. ئەگەر لەو کاتەدا لەدژی حیجابی ئیجباری هاتنە مەیدان، ئیستا ژنان بە ئەزمونێکی کە لەجەریانی خەباتدا دەستەبەریان کردوە و بە مەوقعیەتێکی عەینی کە لە کۆمەڵگادا دەستەبەریان کردوە بە جورئەت و وشیاری گەلێک زیاترەوە ئەم ڕژیمە دژی ژنە توشی کێشە دەکەن. ئەم کێشانە بە تایبەت لە هاوسەنگی هێز و بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئێستادا لە کۆمەڵگا و هێرشی بەرینی جەماوەری خەڵک بۆسەر ڕژیم گرنگیەکی سەد هێندەی هەیە. ژنان ئێستا بە باوەڕ بە خۆیی زیاترەوە لە مەیدانی نەبەردە جۆراو جۆرەکاندا حوزوریان هه‌یه‌. دیاردەی ژنانی خیابانی ئینقلاب نیشانی دا کە ڕژیم بە گشت سەرکوتگەریەکانیەوە ڕاست لەو خاڵەدا هێرشی کراوەتە سەر کە ٤٠ ساڵ لەوە پێش هێرشی بۆسەر شۆڕش و بۆسەر مافە سەرەتاییەکانی ژنان ڕیکخست و ئەمە نیشانەی ئاشکرای شکستێکی ئیدئۆلۆژیکییە بۆ کۆماری ئیسلامی.

كاتێك کە ژنان لەسەر سەکۆی وتاردانی کریکارانی حەوت تەپە ڕادەوەستن، كاتێك کە لەگەڵ کرێکارانی فولادی ئەهواز حەرەکەت دەکەن، كاتێك کە لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتی مۆعه‌لیمان، پەرستاران و خانەنشیناندا جیدەگرن، كاتێك کە به‌جساره‌ته‌وه‌ دەزگای ئەشکەنجەی جەنایەتکارانی حاکم توشی کێشە دەکەن، نە تەنیا پێوەند و یه‌كگرتوویی بزوتنەوەی ژنان لەگەڵ بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان قوڵتر دەکەنەوە و ئاسۆی ڕزگاری جەماوەری کار و زەحمەت لە پەیکار لەدژی مناسباتی حاکم دەخەنە بەردەم کۆمەڵگا، بەڵکو ده‌چنه‌ نه‌به‌ردی ئۆلگو و بونیادی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگای پیاوسالار. ئەوان بەم کردارەیان ئەو پێوەندیەش توشی کێشە دەکەن کە گۆیا قەرارە ژن لە کونجی ماڵدا قەتیس بکات و پیاو بنێرێتە دەرەوە، و هەموو ئەمانە پچڕاندنی ئەو زنجیرانەیە کە لە به‌ درێژایی سەدە و سەردەمەکان بە دەست و پێی ژنانی به‌ستوه‌ته‌وه‌.

بزوتنەوەی ڕادیکاڵی ژنان ئیستا دەبێ بە ئاگادار بوون لە پێوەندی ئاسۆی ڕزگاری ژنان لەگەڵ ئاسۆی شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەم لە خیابان و هەم لە کارخانەدا دەربکەوێ. هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵی ژنان لە عەینی حاڵدا کە لەدژی هەموو جۆرە دەرکەوتنێکی ژێردەستەیی ژناندا خەبات دەکەن، بەڵام هاوکات لەبیری ناکەن کە دەبێ ئاسۆی ڕزگاری ژنان لە تێپەڕبوون لە مناسباتی سەرمایەداری بکەنە ئاگاهی جەماوەری بەرینی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش. نیشاندانی ئەم ئاسۆیە لە عەینی حاڵدا چوونە مەیدانی خەبات لەدژی فیمینیستە لیبڕاڵەکانە کە بە چالاکیەکانیان هەوڵ ئەدەن تا نیزامی چینایەتی مەوجود لە تیررەسی شۆڕش دوور بخەنەوە. بێ گومان بە هەر ڕادەیەک کە ژنان پەی بە گرنگی ڕزگار بوونی خۆیان و گرنگی جیا بوونەوە لە پێوەندی دامەزراو لەسەر مالیکیەتی تایبەت دەبەن، بە هەمان ڕادەش هێز و وزەی سەرکوت کراویان ئازاد دەبێت و شۆڕش لە هێزی گەورەی نیوەی کۆمەڵگا بەهرەمەند دەکات. لەبیرمان نەچێت کە کۆمەڵگا ڕزگار نابێت ئەگەر نیوەی کۆمەڵ لە بەندا بێت. ٨ ی مارسی ئەمساڵ بکەینە رۆژی نەبەردێکی پڕته‌وژم و تین لەدژی ڕژیمی سەرمایەداری و دژی ژنی کۆماری ئیسلامی.

پیرۆز بێت ٨ ی مارس رۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان

بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کریکاری

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران

١٢ ی ڕەشەمەی ١٣٩٨

٣ ی مارسی ٢٠١٩