کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە مەحکوومکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان

IMG 4149

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

لە مەحکوومکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان

شەڕی دژەخەڵکی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئێستا پێی ناوەتە پێنجەمین هەفتەی خۆیەوە. لەم نێوانەدا، جارێکی دیکە خەڵک و ناوچە مەدەنییەکان بوونەتە قوربانیی سەرەکیی ئەم شەڕە و سیاسەتی جینایەتکارانەی هەردوو لا. هەرێمی کوردستان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بەردەوام کەوتووەتە بەر هێرشی مووشەک و پەهپادی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی.

لە کاتێکدا کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بە فەرمی و بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە نایانەوێت ببێتە بەشێک لەم شەڕە و بێلایەنیی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەڵام بە نزیکەی هەموو ڕۆژێک هێرشی مووشەکی و فرۆکەی بێ‌فڕۆکە دەکرێتە سەر شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێم. بیانووی فەرمیی ئەم هێرشانە بوونی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ناودەبرێت، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەم هێرشانە ماوەیەکە لە هەر ئیدیعایەکی سەربازی تێپەڕبووە و ڕاستەوخۆ گیانی خەڵک، شوێنەکانی نیشتەجێبوون و ناوەندە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج.

تەنها لە ڕۆژی شەممەدا، ماڵی  شەخسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە ئامانجی هێرشی مووشەکی. ڕۆژی یەکشەممەش، ماڵێکی نیشتەجێبوون لە ئاوایی زەرگوێز، لەگەڵ چەند شوێنێکی دیکە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر، کەوتنە بەر هێرش. هەروەها لەم هەفتەیەدا، شوێنی مانەوەی ژمارەیەک لە هێزەکانی حکوومەتی هەرێم، کە لە کاتی پشووداندا بوون، کەوتە بەر هێرش و بە هۆیەوە ٦ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٠ کەس بریندار بوون. سەرەڕای ئەوە، ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوونی خێزانە کوردە پەنابەرەکان لە کوردستانی عێراقیش چەندین جار بوونەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و پەهپادی، و ژمارەیەک لە دانیشتووانی ئەو ئۆردوگایانە گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە لەم ناوچەیەوە هیچ هێرشێکی سەربازی لەلایەن هێزە سیاسییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام نادرێت. هەربۆیە، بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە نە بەرگرییە و نە هیچ پاساوێک هەڵدەگرێت.

ئێمە ئەم هێرشانە، چ ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام بدرێن و چ لەلایەن هێزە نیابەتییەکانییەوە، به تاوانێکی ئاشکرا دەزانین و بە توندی ئیدانەیان دەکەین.

بەرپرسیاریی تەواوی گیانبەختکردن و برینداربوونی هاووڵاتیان، کاولکاری، زەوتکردنی ئاسایش له ژیانی خەڵک و فراوانبوونی بازنەی شەڕ بۆ هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی و هێزە بەوەکالەتەکانییەتی. بەئامانجگرتنی شوێنەکانی نیشتەجێبوون، شوێنی پشوودانی هێزەکانی حکوومەتی هەرێم، ئۆردوگاکانی پەنابەران و ناوچە شارنشینەکان، هیچ شتێک نییە جگە لە دەستدرێژییەکی ئاشکرا بۆ سەر گیان و ئاسایشی خەڵک.

ئێمە، وێڕای دەربڕینی هاوپشتیی خۆمان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بنە ماڵەی گیانبەختکردوان، برینداران و هەموو ئەوانەی لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا زیانیان پێگەیشتووە، خوازیاری وەستاندنی دەستبەجێی ئەم هێرشانەین. هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە کە خەڵکی کوردستان نابێت بەهای شەڕ، ملمڵانێ و سەرکێشیی دەوڵەتەکان و هێزە کۆنەپەرستەکان بدەن.

هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە مەیدانی حیساب‌ لێک دەرکردنی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا، ئیسرائیل و هێزە نیابەتییەکان.خەڵکی ناوچەکە نابێت ببنە قوربانیی شەڕێکی کە لە هەردوو لاوە دژ بە ژیان و ئاساییشی جەماوەری خەڵکە.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥

٢٩ی مارس ٢٠٢٦