کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

 ڕاگەیاندنی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینی

Picsart 25 12 29 17 22 17 113

 

سەرەڕای پێشکەوتنە بەرچاوە زانستی و تەکنەلۆژییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا، بەڵام کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هێشتا لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی فرەڕەهەندی وەک قەیرانی ئابووری، شەڕ و ژینگە بەرەوڕووە. بەپێی ڕاپۆرت و خەمڵاندنی سەرچاوە فەرمییە ئابوورییە جیهانییەکان، لەوانە ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان ( ئۆ، ئێ، سی، دی)، بانکی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان کە خۆیان بە هۆکار و سەبەبکاری پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی نەزمی سەرمایەداری جیهانی دادەنرێن، گەشەی ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە نزیکەی ٢.٥ بۆ ٣.٣ لەسەد مەزەندە دەکرێت. بەڵام ئەم ژمارە بەناو “ئەرێنییە” نەک هەر نەبووەتە هۆی باشتربوونی ئەوتۆی بارودۆخی ژیانی زۆربەی هەرەزۆری دانیشتووانی جیهان، بەڵکوو لە زۆرێک لە وڵاتەکان کەلێنی نێوان گەشەی ئابووری لە لایەک و ئاستی ژیان و ئەمنییەتی ئابووریی کۆمەڵانی خەڵک لە لایەکی دیکە قووڵتر بووەتەوە. هەرچەندە ڕێژەی هەڵاوسان لە هەندێک وڵاتی سەرمایەداری پێشکەوتوودا بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەمی کردووە، بەڵام هەزینەی ژیان بۆ زۆربەی خەڵک لەوانە بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشان قورستر و تاقەت پرکێنتر بووە. کەمبوونەوەی ڕێژەیی نرخی بێکاریش نەیتوانیوە باردۆخی هێزی کار باشتر بکات، چونکە ئاستی گەشەی ڕاستەقینەی حەقدەستەکان لە زۆربەی وڵاتان لە بەرزبوونەوەی هەزینەکانی ژیان کەمترە و توانای کڕینی کرێکاران بە کردەوە لاوازتر بووە. بە کورتی ئەوەی کە دامەزراوە فەرمییەکان بە “سەقامگیری ڕێژەیی ئابووری جیهانی” لە ساڵی ٢٠٢٥دا ناوی دەبەن، لە ڕاستیدا جگە لە بەردەوامبوونی قەیرانی بژێوی ژیان و پەرەسەندنی نایەکسانی و گواستنەوەی بارگرانی قەیرانی سەرمایەداری بۆ سەر چینی کرێکار و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا هیچی تر نییە.

لە ساڵی ٢٠٢٥دا جیهان شایەتی گەلێک شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداریی و ماڵوێرانی لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی تر. بۆ نموونە دەکرێت ئاماژە بکرێت بە شەڕی ئۆکراین کە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. جگە لەوەش شەڕە ناوخۆییەکانی یەمەن، میانمار، نیجیریا، سۆمالی، سودان و مۆزامبیک و هەروەها شەڕی ئیسرائیل لە غەززە، بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی بەربڵاو و برسێتی و ئاوارەبوون و مردنی ملیۆنان کەس. لەم نێوەدا شەڕی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەمریکا لە پێناو پاراستنی هەژموونی جیهانی خۆی کە هاوکات لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و فرۆشتنی چەک و چۆڵی کۆمەڵکوژەوە سودێکی گەورەی ئابووری بۆ ئەم وڵاتە بەدەست هێناوە.

گۆی زەوی لە ساڵی ٢٠٢٥دا لەگەڵ گەلێک ئاستەنگی ژینگەیی جددی و بەربڵاو بەرەوڕوو بووەوە. ئاستەنگ گەلێکی کە زۆربەیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبن و کاریگەرییەکانیان بەردەوام هەستی پێدەکرێت. ئەمساڵ وەک یەکێک لە گەرمترین ساڵەکان تۆمارکراوە و بەشێک بووە لە ڕەوتێکی ١١ ساڵی ڕابردوو کە پلەکانی گەرما زیاتر لە ١.٥ پلەی سەدی لە سەرووی پێش سەردەمی پیشەسازیی بووە. لێکەوتەکانی ئەم دۆخە بریتی بوون لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و شەپۆلی گەرما، ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو، لافاو و تۆفانی وێرانکەر، وشکەساڵی سەخت و قەیرانی ئاو، گەیاندنی زیانێکی گەورەی بە ئیکۆسیستەمەکان بە تایبەت لە زەریاکان و هەروەها سەپاندنی تێچوویەکی ئابووری قورس بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکانی بانکی جیهانی، یۆرۆنیوز و شیکارییە ئابوورییەکان، گەشەی ئابووری ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا نەرێنی بووە. کەمبوونەوەی هەلی کار و پەرەسەندنی گوشارە ئابوورییەکان، ژیانی خەڵکیان لەگەڵ گرفت و ئاستەنگی زیاتر بەرەوڕوو کردووەتەوە. هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر بووەتە هۆی لاوازبوونی بەرچاوی توانای کڕین و تەنانەت وایکردووە بەشێکی بەرچاو لە بنەماڵەکان نەتوانن زۆرێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن. بەپێی ئامارەکان، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا بە نزیکەی لەسەدا ٥٣ مەزەندە دەکرێت، بەڵام شارەزایانی سەربەخۆی ئابووری پێیان وایە کە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی کە ڕاگەیەندراوە. لە ئاکامدا هەزینەی بژێوی ژیانی بنەماڵەکان بۆ هەمان سەبەتەی کاڵا لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٥٠ لەسەد زیادی کردووە.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە هەرکاتێک بێتوانایی و داماویی خۆی لە ئاست چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا لە بوارەکانی ئابووری، بژێوی ژیان، کۆمەڵایەتی، نێونەتەوەیی، ژینگەیی، ژێرخان و پەروەردە و چاودێری تەندروستیدا نیشان دا. پشتگوێخستن و پێشێلکردنی مافەکانی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا لەوانە کرێکاران، نەتەوە ستەملێکراوەکان، ژنان، موعەلیمان، خانەنشینان، خوێندکاران و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بەشێک بووە لە ناسنامەی کۆماری ئیسلامی. بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەم ڕەوتە بە شێوەیەکی ئاشکراتر و بێ شەرمانەتر بەردەوام بوو و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لەگەڵ دەستگیرکردن و ئەشکەنجە و تەنانەت لەسێدارەدانی هەڵسووڕاوانی ئەو بوارانە هاوکات بووە.

نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیکەی نیو سەدەدا نیشانی داوە کە لە بنەڕەتدا لەگەڵ بەڕێوەبردنێکی عەقڵانی بە مەبەستی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئەمن و ئارام لە ڕووی ئەمنییەتی گیانی و ئابوورییەوە بۆ خەڵک، نامۆ بووە. لە زۆر حاڵەتدا خودی ڕژێم هۆکار و سەبەبکاری سەرەکی بووە لە دروستکردنی نائەمنی ئابووری و زاڵکردنی کەشوهەوای گرژی و شەڕ. نموونەیەکی ئاشکرا بریتییە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل و لێکەوتە ئابوورییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک.

ئەوەی کە ئاماژەیان پێکرا تەنیا بەشێکی بچوکن لەو بەڵا و نەهامەتیانەی کە کۆماری ئیسلامی هۆکار و سەبەبکاری سەرەکییانە. کاریگەری ڕاستەوخۆی ئەم کێشە و نەهامەتیانە بەردەوام لەناو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت. تێکچوونی شیرازەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان خەڵک و بنەماڵەکان، پەرەسەندنی ژمارەی منداڵانی کار، فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە، هاوسەرگیریی منداڵان، کۆچکردن و بوون بە پەنابەر لە وڵاتەکانی دیکە، ڕێژەی زۆری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و خۆکوشتن، تەنیا بەشێکن لەو کێشە و نەهامەتیانە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ئەم دۆخە ساڵ بە ساڵ خراپتر بووە و زیانێکی گەورەی بە کۆمەڵگا گەیاندووە.

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وەک بەشێک لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی ئێران، لەو بڕوایەدایە و لەپێناو ئەوەدا هەوڵدەدات کە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی شایستەی مرۆڤایەتی، کۆمەڵگایەکی کە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی دامەزرابێت، پێویستە هەموو چین و توێژە چەوساوەکانی ئێران بە هاوپشتی و هاوخەباتی و دەست لەناو دەستی یەکتر، دەست بدەنە خەباتێکی هۆشیارانەتر و ڕێکخراوتر لە ڕابردوو لەپێناو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی تەواوەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی. بەڵگە بابەتییەکان دەریدەخەن کە کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم گۆڕانکاریی جیددیدایە. لە غیابی ئەڵتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی ڕێکخراو کە بتوانێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زۆربەی هەرەزۆری چین و توێژە چەوساوە و ستەملێکراوەکان لە دەوری ویست و داواکارییەکانیان کۆبکاتەوە، گۆڕەپانەکە دەکەوێتە دەستی هێزە دژە شۆڕشەکان. ئەو هێزانەی کە ڕەنگە خاوەن ناو و ڕواڵەتێکی جیاواز، بەڵام هەڵگری هەمان سروشتی ئێستایان بن، جگە لە ڕەنج و ئازار و نەهامەتی هەرچی زیاتر، هیچی تر بۆ خەڵک بەدیاری ناهێنن.

پێشوەختە پیرۆزبایی هاتنی ساڵی ٢٠٢٦تان لێدەکەین و هیوادارین کە ساڵی ٢٠٢٦ ساڵی تێپەڕاندنی کێشە و ئاستەنگەکانی سەر رێگەمان و لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتوویی هەرچی زیاتری بزووتنەوە ئازادیخواز و عەداڵەتخوازەکانی جەماوەری خەڵکی ئێران بێت.

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥