کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی سێهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”

IMG 20250913 WA0015

 

سێ ساڵ بەسەر قەتڵی حکوومەتیی ژینادا تێدەپەڕێت، قەتڵێک کە چەخماخەی تەقینەوەی ڕق و بێزاریی پەنگخواردووی کۆمەڵگای لێدا و ئاگری ئاخێزێکی مێژوویی داگیرساند. ئەم ئاخێزە بە دروشمی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” نەک هەر ئێران بەڵکوو تەواوی جیهانی هەژاند و دەنگی شۆڕشی گەیاندە گوێی زۆربەی خەڵکی جیهان. ئەمڕۆ ئیتر ژینا تەنیا ناوێک نییە، بەڵکوو بووەتە مەشخەڵی خەبات و خۆڕاگریی. مەشخەڵێکی کە بەدەست ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخوازەوە دەشەکێتەوە بۆ ئەوەی بانگەشەی جیهانێکی باشتر بکەن و لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجەدا خەبات تێبکۆشن. ئاخێزی ژینا خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە خەباتی چینایەتی خەڵکی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی کۆماری ئیسلامی و سیستەمی سەرمایەداریی وابەستە بەو دەسەڵاتە، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ واقیعییەتەکانی کۆمەڵگا، لەوانە هەڵاواردنی سیستماتیک لە دژی ژنان، چەوساندنەوە و بێمافی کرێکاران، زەوتکردنی هەر چەشنە ئازادییەک لە لاوان، پەرەسەندنی هەژاری، ستەم و سەرکوت، هەڵاوسانی بەربڵاو، پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان، پەراوێزخستنی گەنجان و لێڵ کردنی ئاسۆی دواڕۆژیان، بێکاری، کێشەی ژینگەیی و گەندەڵی بەربڵاو لە سەرجەم دام و دەزگاکانی حکوومەتدا.

 

دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” سێ پایەی سەرەکی سیستەمی دەسەڵاتداری کردە ئامانج.

 

١- خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەدژی ستەمی پیاوسالاری، کە جەستە و ئیرادەی ژنانی کردووە بە مەیدانی نەبەرد.

 

٢. شۆڕش و ڕاپەڕین لە دژی هەژاریی و نایەکسانی ئابووری، کە ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کردووە بە دۆزەخ.

 

٣- تووڕەیی و بێزاری لە ئاست ستەم و سەرەڕۆیی سیاسی، کە وەڵامی هەر داواکارییەک بۆ ئازادییە دێموکراتیکەکان بە زیندان و ئەشکەنج و لەسێدارەدان دەداتەوە.

 

ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە بە ڕێبەرییەکی خۆڕسک و ئاسۆییەوە “هێز و پۆتاسێلی خۆی لەسەر شەقام” نیشان دا، ئەگەرچی بەهۆی سەرکوتی توند و دڕندانەی ڕژێمەوە بۆ ماوەیەکی کاتی ناچار به پاشەکشە بوو، بەڵام هەرگیز دانەمرکایەوە. ڕۆحی ئەم ئاخێزە لەناو چین و توێژێکی بەرینی کۆمەڵگادا هەروا زیندووە و بە شێوەی جۆراوجۆر، لەوانە نافەرمانی مەدەنی لەلایەن گەنجان و ژنان، خەبات و ناڕەزایەتی بەردەوامی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، ژینگەپارێزان و دادخوازانەوە بەردەوام بووە.

 

لە سێهەمین ساڵیادی ئەم ئاخێزەدا کۆماری ئیسلامی لە قووڵترین قەیرانی شەرعییەت و ناکارامەیی خۆیدایە. هەڵاوسانی بانتر لە ٤٠ لەسەد و بێکاری زیاتر لە ٢٠ لەسەد، بە تایبەت لە نێو توێژی گەنجاندا، ئاماژەن بۆ شکستی سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەت. سیاسەتەکانی نیولیبراڵی و بە تایبەتکردن، سامانی گشتی ڕژاندووەتە گیرفانی کەمینەیەکی سەر بە بەیتی ڕێبەریی و سپای پاسداران و دام و دەزگا ئەمنییەکان و هەژاری و بێبەشییەکی لەڕادەبەدەریان بەسەر زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگادا سەپاندووە. ئەم کەلێنە قووڵەی نێوان دەسەڵات و جەماوەر، ئەوە دەردەخات کە هیچ ڕیفۆرم و چاکسازییەک لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا ناتوانێت وەڵامدەری ئەو گرفتانە بێت. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” لاپەڕەیەکی نوێی لە خەبات و خۆڕاگریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا کردەوە کە چیتر گەڕانەوری بۆ قۆناغەکانی ڕابردوو مەحاڵە.

 

شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، بە سەپاندنی تێچوویەکی قورس، سروشتی شەڕخوازانە و سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئاشکرا کرد. حکوومەت سەرەڕای خەرجکردنی ملیاردها دۆلار بۆ هێزە بە وەکالەتەکانی، لە ناوچەکەدا شکستی هێناوە و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستەش، نەیارانی سیاسیی خۆی بە تۆمەتی درۆ و بێبنەما سەرکوت دەکات. ئەم سەرکوتگەرییە نیشانەی داماویی و سەرلێشێواوی ڕژیمە لە بەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتی گشتیدا.

 

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەو بڕوایەدایە کە ئەرکی سەرشانی هێزە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستەکانە کە ئەم ورە و وزە خەباتکارانەی ئێستا بەرەو ڕێکخراوبوونی بەهێزتر و یەکگرتوویی و وشیاری زیاتر ئاراستە بکات. پشتیوانی لە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بزووتنەوەی ژنان، داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانی نەتەوە ستەمدیتووەکان، پشتیوانی لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی، خەبات لە پێناو ئازادی زیندانیانی سیاسی، ئاشکراکردن و لەقاودانی جینایەتەکانی ڕێژیم، پەرەپێدانی میتۆدی سەربەخۆی ڕێکخستنی چینایەتی و سەراسەری و هەروەها هاوسۆزی و پشتیوانی لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکان لە سەرانسەری جیهان، تاکە ڕێگایە بۆ ڕێکخستن و یەکگرتووکردنی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییە پرشوبڵاوە و کردنی بە هێزێکی واقیعی و سیاسیی کاریگەر. پێویستی پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی چەپی خاوەن پلاتفۆرمێکی شۆڕشگێڕانە لە پێناو بەدیهێنانی ویست و داواکارییەکانی جەماوەر، ئاراستەکردنی بزووتنەوەکان و

 

ڕێگریکردن لە بەلاڕێدابردن و دەستبەسەرداگرتنی شۆڕش لەلایەن هێزە کۆنەپەرستەکانەوە، پتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستە.

 

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران یادی ژینا و سەرجەم گیانبه‌ختكردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرز ڕادەگرێت و دروود دەنێرێت بۆ بنەماڵە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان.

 

بژی ژن، ژیان، ئازادی

بژی سۆسیالیزم

 

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

 

١١ی سێپتامبری ٢٠٢٥