بەمجۆرە ئاگادارتان دەکەینەوە کە پلینۆمی هەشتەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی هەژدەیەم، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٦ و ٧ی سێپتامبری ٢٠٢٥ بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئەندامانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و کۆمەڵێک لە کادرەکانی حیزب بەڕێوە چوو.
پلینۆم بە سروودی ئینترناسیۆناڵ و خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی گیانبهختكردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی بە کارەکانی کرد. کارنامەی ئەم پلینۆمە بریتی بوون لە:
ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوەندی بە پلینۆم، سیاسەت بەرامبەر بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و چەکدارەکانی چالاک لە کوردستان، دیاریکردنی بەرواری بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نۆزدەهەم، تاوتوێکردنی بڕیار و پێشنیارەکان، دابەشکردنی ئەرک و کاری ناوخۆیی و ڕێکخستنی ئۆرگانە ناوەندییەکانی کۆمەڵە. ڕاپۆرتە سیاسییەکە چاوخشاندنێک بەسەر گرینگترین پێشهاتەکانی ناوچەکە، ڕەوتە سەرەکییەکانی دۆخی سیاسی ئێران و بارودۆخی سیاسی کوردستان و هەروەها ئەولەوییەتەکانی ئەم قۆناغەی چالاکیی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمەڵەی لەخۆگرتبوو.
لە ڕاپۆرتە سیاسییەکەدا جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کراوەتەوە: کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم گۆڕانکاریدایە و ئەو ململانێ سیاسی و چینایەتیانەی کە هەرئێستا لە هەناوی ئەم کۆمەڵگایە و هەروەها لە ئاستە بەرزەکانی دەسەڵاتدا لە ئارادان، لە داهاتوویەکی نەک زۆر دووردا دەبێتە هۆی نەبەردێکی یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسی ئێران. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە دۆخێکی نە شەڕ و نە ئاشتیدایە. دەسەڵاتداران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە بە ئاشکرا تووشی شپرزەیی و سەرلێشێواوی بوون. ناوەندەکانی بڕیار پارچە پارچە بوون. بەرپرسان بە ئاشکرا خەتی یەکتر ناخوێننەوە. ستراتێژی مانەوە تەنانەت بۆ خودی ڕژیمیش ڕوون نییە. ئەو شۆکەی کە بەهۆی نفووز وکاریگەریی بەربڵاوی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە ئاستە بەرزەکانی حکومەتدا دروست بووە، بەرپرسانی ڕژێمی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە. لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، خەڵک وردە وردە خەریکن لەو هەلومەرجە دێنەدەرەوە کە بەهۆی شەڕی ١٢ ڕۆژە دروست بوو. بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە پێناو پرسی نان، کار و بژێوی ژیاندا دەستیان پێکردووەتەوە و خەریکن پەرە دەستێنن. کرێکاران و زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر بە دژوارترین قۆناغی ژیانیاندا تێدەپەڕن. پەرەسەندنی پەراوێزنشینانی بێبەش لە کەمترین خزمەتگوزارییەکانی شار، پەرەسەندنی تاوان و تاوانکاری، زیادبوونی کاری منداڵان، گەڕان لەناو زبڵ و پاشماوەکان، خەوتن لەناو کارتۆن، لەشفرۆشی، زیادبوونی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، جیابوونەوە و توندوتیژی خێزانی، داڕمانی ئەخلاقی، کەمبوونەوەی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و هتد… سەرجەمیان لە زومرەی لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخەن. یەکێک لە تاڵترین نموونەکانی هەژاریی لە ئێران بریتییە لە فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە. کەم نین ئەو کەسانەی کە گورچیلە یان ئەندامەکانی تری جەستەیان دەفرۆشن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن، کە ئەم نموونەیە بە تەنهایی قووڵایی ئەم قەیرانە نیشان دەدات.
پلینۆم هەروەها ئەگەری کۆمەڵێک سیناریۆی جۆراوجۆری داهاتووی شرۆڤە کرد، لەوانە:
یەکەم، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا: کە ئەگەریش بەڕێوە بچێت، ئەنجامەکانی بەکردەوە لە باشترین حاڵەتدا ناتوانێت جگە لە”سازشێکی ئابڕومەندانە” شتێکی تر بێت. چونکە کۆماری ئیسلامی دوای ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکانی دوو ساڵی ڕابردوو،، کە بووە هۆی داڕمانی نفووز و جێگە و پێگەی ناوچەیی ڕێژیم و بە تایبەتیش دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، کۆماری ئیسلامی هیچ کارتێکی گوشاری بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئیمتیاز لە ئەمریکا بەدەستەوە نییە. بەڵام قبوڵکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەگەرێکی زۆر دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕێبەریدا.
دووەم، بەردەوامیی سەرسەختی و هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هێز و کەرەستەکانی شەڕ، سیاسەتێکی لەم شێوەیە بێ گومان دەبێتە هۆی شەڕێکی زۆر ماڵوێرانکەرتر و شکستێکی توندتری لێدەکەوێتەوە. بەڵام سەرەنجام کۆتایی هەموو شەڕێک بریتییە لە دانوستان و گفتوگۆ کردن. دانوستانێک کە ئەمجارە مەرجی زۆر سەختتر بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەسەپێنێت. لە ئاوا حاڵەتێکدا پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری بەرچاو لەناو بازنەی دەسەڵاتدارێتی ئێرانیشدا ڕوو بدات.
سێهەم، پلانی ڕیفۆرمخوازان بۆ تێپەڕکردنی کۆماری ئیسلامی لەم دۆخەی ئێستا بەبێ شەڕ و شۆڕش. بۆ ئەم مەبەستە باڵە جۆراوجۆرەکانی ڕیفۆرمخوازانی ناو حکوومەت یان دوورخراوە لە دەسەڵات، پلان و گەڵاڵەی جۆراوجۆریان بەدەستەوەیە. لەگەڵ دەستپێکی پڕۆسەی داڕمانی ڕێژیم، ئەم بەشە لە ڕیفۆرمخوازان وێڕای ئۆلیگارشیی ئابووریی سپای پاسداران، کە لە پشت پەردەوە چاوەڕوانی دەرفەتێکی ئەوتۆن، توانای ئەوەیان هەیە کە تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت ببنە بەدیلێک بۆ دۆخی ئێستای ڕێژیم.
چوارەم، بەردەوامبوونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، کە سەرەنجام دەتوانێ ببێتە هۆی ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی.
لە پلینۆمی حەوتەمی کۆمیتەی ناوەندیدا باس لە ڕۆڵی کۆمەڵە و سیاسەت و ئاراستەکانمان کرابوو و پلینۆمی هەشتەمیش جەختی لەسەر هەمان ئاڕاستە کردەوە. سەبارەت بە کوردستان، پلینۆم لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە لە ئەگەری ڕوودانی سیناریۆی لاوازبوونی حکوومەت لە ناوەنددا، ئەگەری دوو سیناریۆی سەرەکی لە ئارادایە. یەکەم: کوردستان دەکەوێتە دۆخێکی شۆڕشگێڕانە و هێزەکانی ڕژیم تێکدەشکێن، ئیدارەی کۆمەڵگا دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوە جەماوەرییەکان. گەشەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزاڤی وشیارانەی چەند مانگی ڕابردوو لە کوردستان و لە هەمووی گرنگتر ئەزموونی شۆڕشی ژینا، نیشانیان دا کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا پۆتانسێلێکی زۆر هەیە بۆ ڕوودانی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە. هەر لەو پێوەندییەدا کۆمەڵە پەرەپێدان بەم بزووتنەوە مەدەنییە و نیشاندانی ڕێگای بەرەوپێشچوونی، بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت لەم قۆناغەدا. سیناریۆی دووەم، کە ناکرێت لەبەرچاو نەگیرێت، بریتییە لە زاڵبوونی حیزبە چەکدارەکان لە غیابی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی لە کوردستاندا. سیاسەتی کۆمەڵە لەم پێوەندییەدا دەبێ ئەوە بێت کە ڕوودانی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە، کە دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت، مەحاڵ و پووچەڵ بکاتەوە.
پلینۆم هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە: لە هەلومەرجی ئێستادا، کاتێک ژیانی چینی کرێکار و بەشێکی زۆری چین و توێژە زەحمەتکێش و بێبەشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا و تەنانەت نەوەکانی داهاتووی ئێرانیش مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، تەنها بە شکڵگرتن و وەڕێکەوتنی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داواکاریی تەوەر دەتوانرێت بەر بەم لەناوچوونە بگیرێت. بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داواکاریی تەوەر، پێویستە ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانەی ئێستا لەم دۆخی پەرشوبڵاویە بێنە دەرەوە. پێویستە ویست و داواکاری بەپەلەی چینی کرێکار، ببێته پرسی سەرجەم کرێکارانی لەسەرکار و بێکار، ژن و پیاو، لێهاتوو و نالێهاتوو، فەرمی و نافەرمی، لە ئاستی سەراسەریدا. بەدیهاتنی ئەم بابەتەش پەیوەستە بە فراوانبوون و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەڵسووڕاوانی کرێکاریی لە ئاستی سەراسەریدا. بە بەشداری چالاکانە لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای کرێکاران، بە بەهێزکردنی ڕۆحی هاوپشتی چینایەتی لەم خەباتانەدا و گەیشتن بە ئاسۆیەکی ڕوون، دەکرێت هاوسەنگی هێزی چینایەتی بە قازانجی کرێکاران بگۆڕدرێت و بزووتنەوەی کرێکاریی پێگەیەکی گونجاوتر بەدەست بهێنێت بۆ خۆڕێکخستن و گەیشتن بە خواستەکانی.
پلینۆم لە درێژەی دانیشتنەکانیدا، وادەی بەستنی کۆنگرەی نۆزدەهەمی کۆمەڵەی دیاریکرد و هەروەها لەسەر هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی هاوکاری لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە لە کۆنگرەی ١٨دا پەسەند کرابوون سەرلەنوێ جەختی کردەوە و ئەرکی تایبەتیی بۆ بەرەوپێشبردنی بەکردەوەی ئەو سیاسەتە لە قۆناغی ئێستادا دەست نیشانکرا.
لە کۆتایی پلینۆمەکەدا ئۆرگانە ناوەندییەکانی کۆمەڵە ڕێکخرانەوە و جێگە و پێگەی هەرکام لە هاوڕێیانی تێدا دیاریکرا. لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە سیاسەتە پەسەندکراوەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لە ڕێگەی سیمیناری تایبەتمەندەوە بە وردی بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە و بکرێن بە ڕێنماییەکی دیاریکاو.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤
٨ی سێپتامبری ٢٠٢٥