کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێڕانبە بۆنەی ١٦ی ئازەز ڕۆژی دانشجوو

بزوتنەوەی خوێندکاری ئێران ئەمساڵیش لە بارودۆخێکدا به‌ره‌وپیری ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزەوە ده‌چێت کە نزیکەی چوار ساڵ و نیو بەسەر دەورەی سەرۆک کۆماری حەسەن ڕووحانیدا تێدەپەڕێت. لەم ساڵەنەدا بە پێچەوانەی به‌ڵێنی یەک لەدوای یەکەکانی دەوڵەت و وەلی فەقیەی ڕژیم لە بواری باشتر بوونی بارودۆخی ژیان و بەڕێچوونی خەڵکدا، جەماوەرێکی بەرینتر لە ئێران بەرەو ژیانێك پڕ له‌ بێ مافی و هەژاریدا پاڵپێوەنراون. ئەمساڵ لە حاڵێکدا کە ناوەندە دژی کرێکارییەکانی سەربە ڕژیم مانه‌وه‌ له‌سه‌ر هێڵی هەژاری بنەماڵەیەکی سێ کەس و نیویان بۆ مانگێک ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن بەراورد کردووە، به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ دەوڵەت لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکارانی ٩٣٠ هەزار تمەن دیاری کرد. تازە ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی بەرین لە کرێکارانی ئێران کە لە کارگا چکۆلەکاندا کار دەکەن حەقدەستی گەلێک کەمتر لە لانیکەمی دیاریکراو وەردەگرن. هێرشی دەوڵەت بۆسەر هێزی کار و خه‌ڵكی ڕه‌نجده‌ر له‌ ئێران هەر بێرەوە ناوەستێ. دەوڵەتی ڕووحانی دوای ئەوەیکە نەیتوانی ” لایەحەی ئیسلاحی قانونی کار” بە پەسندنی مەجلیس بگەیەنێ، هەوڵیدا بە دەور دانەوەی یاسای کار، ناوەرۆکی ئەم لایەحەیە هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێگای وەزاڕەتی کارەوە بە کردەوە دەربێنێ. بۆ نمونە دەوڵەت بە ئیجرای “تەرحی کاروەزی” کە چالاکانی بزوتنەوەی خوێندکاری لەو وەک “تەرحی بێگاری” ناودەبەن، هەوڵیدا تا شیدەتی چەوساندنەوە و نرخی بەهرە کێشی لە هێزی کاری ئەو کەسانەی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە زیاتر بکات. دەوڵەتی روحانی بە ئیجرای ئەم تەرحە، هه‌وڵ ده‌دات هێزی کاری کەسانێک کە زانکۆیان تەواو کردوە و بەشوێن کارەوەن بە نرخی یەک لەسەر سێی لانیکەمی حقدەستی ڕەسمی بنێتە ئیختیار خاوەنکارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتیەوە.

ئەم بارودۆخە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و خوێندنی ئەو بەشە لە خوێندکاران کە لە چێن و توێژی هەژاری کۆمەڵگان داناوە. بە تایبەت درێژەی خوسوسی سازیەکان لە حەوزەی ئاموزش، هەڵاواردن و نایەکسانی لە بواری بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی ئاموزشی توند تر کردۆتەوە. کاتێک کە حەوزەی په‌روه‌رده‌ وەک حەوزەی بێهداشت و دەرمان بۆتە حەوزەی سەرمایەگوزاری و قازانج په‌ره‌ستی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت كاتێك كه‌ لەسەر ئاموزشیش وەک خزمەتگوزاری دەرمانی و پزیشکی نرخ دیاری دەکرێت، ئاشكرایه‌ كه‌ منداڵانی بێ بەشی کۆمەڵگا کە توانایی ماڵی بەهرەمەند بوون لە په‌روه‌رده‌بوون بە کەیفیەتی باشتریانەوە نییە لێی بێبەش دەبن. لە لایەکی دیکەوە لە هه‌موو ئەم ساڵانەدا سیاسەتی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی لە زانکۆكاندا درێژەی هەبووە و دەوڵەتی ڕووحانیش بە ئیجرای تەرحی کۆنەپەرستانەی “سەهمیە بەندی جنسیەتی”، کچانی لە خوێندن لە دەیان ڕشتەی دانشگاهی بێبەش کردوە و گوشاری چەند لایەنەی لەسەر کچان لە باقی حەوزەکانی پێوەندیدار بە ماف و ئازادیە تاکە کەسیەکانیشی زیاتر کردوە.

دەوڵەتی روحانی و سپای پاسداران کە ئامرازه‌كانی سەرەکی دەسەڵاتیان لە دەست دایە، هیج ڕێگا چارەیەکیان بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم قەیران و شپرزەیی ئابووری و کۆتایی هێنان بە بێکاری ملیۆنی و هەژاری و فەلاکەتێک کە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە نییە. لەم ساڵانەدا پەیگیری و ئیجرای سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵییەکان زیاتر لە پێشوو باری قورسی قەیرانەکەیان خستۆتە سەر شانی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا. دوای بەرجامیش به‌هۆی بێ ئاسۆیی ئابووریی ئێران پرۆژەکانی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئه‌نجام بگات هه‌ر بۆیه‌، نزیکەی ٢٠ هەزار کارخانە و ناوەندی بەرهەمهینان داخراون و ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران بە خێڵی به‌رینی بێكاریی پەیوەست بوون. لەسەر ناوەرۆکی ئەم بارودۆخە سەرەڕای توند بوونەوەی گوشارەکانی سەر هەلسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری و گرتن و زیندانی کردنی سیما ناسراوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران و سەرەڕای هێرشی هیزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆسەر ڕیزی کرێکارانی ناڕازی، ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکان لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهیناندا رووی لە زیاد بوونە. لە ماوەی دوو، سی مانگی دواییدا وێڕای ناڕەزایەتیە بەردەوامەکان و مانگرتنی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە و مانگرتن و ڕێپێوانی کرێکارانی شیرکەتی ماشێن سازی هپکۆ و ئازەرئاب لە شاری ئەراک و مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی لاستیک سازی پارس و ناڕەزایەتی کرێکارانی پلی ئەکریل، بۆڵبرینگ سازی، شاهیدی دەیان ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری تر بووین. هه‌ر بۆیه‌ به‌شی زۆری ئه‌م خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌ كه‌ چەقۆ گەیشتۆتە سەر ئیسقانیان لێبڕاوانه‌تر خوازیاری دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان بوون. لە ماوەی ئەم مانگانەی دواییدا ناڕەزایەتی کەسانی ماڵ و سەروەت لەدەست چوو لە شارە جۆراو جۆرەکانی ئێران، ناڕەزایەتی موعەلیمان، ناڕەزایەتی خانە نشینان و هیتر بۆتە بەشێک لە واقعیەتی رۆژی ئەم کۆمەڵگایە. لە کوردستان کۆبوونەوەی جەماوەری خەڵکی شاری بانە لە ناڕەزایەتی بە قەتڵ و کوشتاری کۆڵبەران و ڕاگەیاندنی هاوپشتی خەڵکی شارەکانی تر لەگەڵ کۆڵبەران، ڕێپێوانی بەرینی خەڵکی شاری سنە و باقی شارەکانی کوردستان بە نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی کوردستانی عێڕاق کە بۆ دیفاع لە مافی سەربەخۆیی کوردستان چوبوونە بەردەم سندوقەکانی ڕیفڕاندۆم، بزوتنەوەی جەماوەری و ڕێکخراوی یارمەتی گەیاندن بە بومەلەرزە لێدراوانی ئوستانی کرماشان، چەند گۆشەیەک لە زەرفیەتەکانی مەوجود لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی سەرلەنوێ دەرخستەوە.

لەم بارودۆخەدا فەزای زاڵ بەسەر زانکۆکاندا و ڕیزبەندی سیاسی حاکم بەسەر بزوتنەوەی خویندکاریدا جیا نییە لە بارودۆخی گشتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئیراندا. بەشی چەپی بزوتنەوەی خوێندکاری وەک هەستیار ترین بەشی رۆشنبیرانی کۆمەڵگا بە درێژایی مێژوو هەوڵیداوە کە بە وشیارانە ترین و لێبڕاوانە ترین شێوە بەرژەوەندی ویست و داخوازی توێژی ژێردەست و بێبەشی کۆمەڵگا دەربخات. بەم ئیعتیبارەوە ڕیزبەندییەکانی ناو بزوتنەوەی خوێندکاری بە شێوەیەک پیشاندەرەوەی ڕیزبەندیە سیاسیەکانی نێو کۆمەڵگا بووە، بزوتنەوەی خوێندکاری ئێران توانیویەتی لە ناخی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکاندا ئەرکە مێژووییەکانی خۆی وه‌ك هێزێكی پێشڕۆ و ڕادیكاڵ پەیڕەو بکات. بزوتنەوەی خوێندکاری لە دەیەکانی ٤٠ و ٥٠ دا بوو بە هۆی شکڵ گرتن و گەشەی ڕەوتە چەپ و شۆڕشگێڕەکان. دوای شۆڕشی مانگی ڕێبەندانی ٥٧ زانکۆ یەکێک لە سەنگەرە سەرەکیەکانی خەبات و خۆڕاگری هێزە چەپەکان و لایەنگرانی چینی کرێکار لەبەرانبەر دژی شۆڕشی سەرمایەی ئیسلامیدا بوو. لە نێوەڕاستی دەیەی ٨٠ دا لەگەڵ جوڵەی بزوتنەوەی کرێکاریدا هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزوتنەوەی خوێندکاری پەرچەمی سوری دیفاع لە داخوازی کرێکارانیان لە زانکۆدا بەرز کردەوە. گومانی تێدا نییە کە بزوتنەوەی خویندکاری ئەمجارەش ئەرکەکانی سەرشانی بە شێوەیەکی شیاو بەڕێوە ئەبات.

لە بارودۆخی ئێستادا کە ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاران لەدەوری داخوازیەکانیان ڕەوتێکی روو لە گەشەی گرتۆتەبەر، لە بارودۆخێکدا کە بزوتنەوەی شۆرشگێڕانەی کوردستان گەلێک سەحنەی شکۆداری لە زەرفیەتەکانی سەرلەنوێ پیشانداوە، لە حاڵێکدا کە بزوتنەوەی ماف خوازانەی ژنان لە گۆڕەپانە جۆراو جۆرەکاندا پێکهاتەی یاسا مەزهەبیەکانی ڕژیمی ئیسلامی توشی کێشە و گرفت کردوە، لەم بارودۆخەدا پەرەسەندنی چالاکیەکانی خوێندکارانی ڕادیکاڵ و پێشڕەو و جوڵەی جەماوەریی بزوتنەوەی خویندکاریش بۆتە پێویستیەکی سیاسی. ئەم حەرەکەتە له‌ئه‌مڕۆدا دەتوانێ بە پشت بەستن بە پێشینەی شۆڕشگێڕانەی تائێستای و ئاسۆی روونی داهاتووی، دخوازییەکانی لەگەڵ نیازە واقعیەکانی کۆمەلگا، داخوازی کرێکاران و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکاندا هاوئاهەنگ بکات.

پیرۆزبێت ١٦ی ئازەر ڕۆژی دانشجوو
بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێڕان

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-