کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە هێرشە تێرۆریستییەکان لە تاران

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریەکان، کاتژمێر ١٠ و٣٠ ده‌قه‌ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی مانگی جۆزەردان لە جەریانی دوو کردەوەی جیاجیادا، هێرشبەرانی چەکدار هێرشیان کردە سەر مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی و شوێنی نێژرانی خومەینی، لە خاڵە هەستیارەکانی ڕژیم و به‌ دەیان کەسیان کوشت و بریندار کرد. بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، ٤ کەسی چەکدار کە لیباسی ژنانیان لەبەرکردبوو چوونە نێو بینای مەجلیسی ئیسلامی ڕژیم و دوای تەقە کردن بەرەوڕووی هێزەکانی پارێزەری مەجلیس لە ڕاڕەو و داڵانەکانی ئەم بینایەشدا چەند کەسیان بریندار کردووە. تێکهەڵچوونی هێرشبەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم تا نزیک نێوەڕۆ لەنێو بینای مەجلیسدا بەردەوام بووە. لە جەریانی تەقە کردن و دوو توقینەوەی خۆکوژیدا لە شوێنی نێژرانی “خومەینی”ش ژمارەیەک لە خەڵکی بێ دیفاع گیانیان له‌ده‌ستدا و بریندار بوون. به‌ پێی ئەم ڕاپۆرتانە لە جەریانی ئەم عەمەلیاتەدا، لانیکەم ١٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ٤٠ کەسیش بریندار بوون. شایانی باسه‌ هەموو هێرشبەرەكان کوژراون. داعش بەرپرسیاریەتی ئەم کردەوانەی وەئەستۆ گرتووە. هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم عەمەلیاتانە بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕژیم لە سەرتاسەری وڵاتدا بارودۆخی ئامادە باشیان ڕاگەیند و هاتووچۆی خەڵکیان لە تاران بە توندی خستە ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە.

عەمەلیاتی تیرۆریستی تاران مه‌یدانێك لە شەڕ و کێشمەکێشی دوو جەمسەری کۆنەپەرستی تێرۆریسمی ئیسلامیی لە ئاستی ناوچەکە دایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ئاستی ڕێبەریی یەکێک لەم جەمسەرانەدایە. ئەم عەمەلیاتە و کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع بەرهەمی ڕاستوخۆی سیاسەتە دخاڵەتگەرانە و تێرۆریستییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوه‌ڕاسته‌. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە ناردنی هەزاران کەس لە هێزەکانی بەسیج و سپا بۆ سوورییە و بە په‌روه‌رده‌كردن و تەیار کردنی زیاتر لە دەیان هەزار کەس لە میلیشیا شیعەکان کە لە وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان بەکرێ گیراون و لەگەڵ هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان پایەکی سەرەکی کوشتار و وێرانی و ئاوارە بوون لە سوورییە و پایەکی شەڕی لەجیاتی لەگەڵ عەڕەبستانی سعودی و هاوپەیمانەکانی لە ئاستی ناوچەکە دایە. ڕژیمی کوماری ئیسلامیی بە پشتیوانی کردن لە ئەحزاب و جەریاناتی مەزهەبی شیعە لە عێڕاق و بە ڕیکخستن و تەیار کردنی حەشدی شەعبی لە عێراق هۆکاری نا سەقامگیری لەم وڵاتەدا و درووست کەری نائەمنییە لە ناوچە سوننی نشینەکاندا. ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بە یارمەتییە ماڵی و نیزامییەکانی بۆ هێزە جەنایەتکارەکانی تاڵبان لە ئەفغانستان و گورووپە ئیسلامییە حوسییەکان لە یەمەن لە سه‌به‌بكارانی درێژەی شەڕی نێوخۆیی و کوشتاری خەڵکی بێ دیفاعە لەم وڵاتانەدا. ئەگەر ده‌سه‌ڵاتی کۆنەپەرستی عەڕەبستانی سعودی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە پشتیوانی ماڵی و تەسلیحاتی لە گورووپە تێرۆریستییە ئیسلامیەکانی وەک ئه‌لقاعیدە، داعش و بەرەی نوسڕە و ئەوانیتر و بە پەرەدان بە شەڕ و نائەمنی لە وڵاتانی ناوچەکەدا هەوڵیداوە ئەمنییەتی سوڵەتی سەڵتەنەتی جەنایەتکاری ئالی سعوود دابین بکات، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش بەردەوام یەکێک لە ” شانازیەکانی” ئەوە بووە کە بە شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکان ئەمنییەتی نیزامی کۆماری ئیسلامیی لە نێوخۆی سنورەکانیدا دابین کردووە. سیاسەتی دەرەوە و لە ڕاستیدا سیاسەتی تێرۆریستی و دخاڵەت گەرانەی ڕژیمی ئیسلامیی لە ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، درێژەی مەنتیقیی سیاسەتەکانی ئەم ڕژیمیە لە نێوخۆی ئێراندا. ڕژیمێک کە هەژاری و فەلاکەت و بێکاریی بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێراندا داسەپاندوە و ژنانی بە یاسا کۆنەپەرستە ئاینییه‌کانی بەند کردووە، ڕژیمێک کە ئێعدامی هەزاران به‌ندكراو، قەتڵە زنجیرەییەکان، زیندانی کردن و ئەشکەنجەی نەیاران و تێرۆری سەدان کەس لە نەیارانی سیاسی لە کارنامەدا هەیە، لە دەرەوەی سنوورەکانیشدا ناتوانێ بێجگە لە تێرۆر و کوشتار و درووست کردنی نائەمنی دیاریەکی دیکەی بۆ خەڵکی ناوچەکە پێبێت.

هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشی تێرۆریستی له‌ تاران، دەرفەتێک بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هاتۆتەپێش تا خۆی وەک قوربانی تێرۆریزم پیشان بدات و بەم بیانوە فەزای سەرکوت و ترساندن لە کۆمەڵگادا پەرە پێبدات. نابێ ئیجازە بە ڕژیم بدڕێت تا بە بیانوی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمی داعش و بە ئەمنییەتی کردن هێرش بکاتە سەر فەزای کۆمەڵگای ئێران.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران عەمەلیاتی تیرۆریستی تاران مەحکووم دەکات و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی بێ دیفاعی ئەم ڕووداوە دەکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کردەوە تێرۆریستیەکانی تاران بە بەرهەمی ڕاستەخۆی سیاسەتە دخاڵەت گەرانە و تێرۆریستیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ئاست ناوچەکەدا دەزانێ و لەسەر ئەو باوه‌ڕه‌یه‌ کە کرێکاران و خەڵکی ستەم دیتوی ئێران، تەنیا لە ڕێگه‌ی پەرەدان بە خەباتی مافخوازانەی خۆیان و بە توندتر کردنەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و بە پشت بەستن بە هێزی خۆیانە کە دەتوانن بەر بە تێرۆریزە کردن و نائەمن کردنی فەزای کۆمەڵگا بگرن.

کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦

٧ی ژوئه‌نی ٢٠١٧

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) وحیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-