کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە پێوەند لەگەڵ گیان له‌ده‌ستدانی کرێکارانی مەعدەنی بەردی خەڵوزی زمێستان یۆرت

بەپێی ڕاپۆرته‌ بڵاوكراوه‌كان، بەدوای ڕوودانی تەقینەوە لە کانی بەردی خەڵوزی زمێستان یۆرت لە نزیک ئازاد شار لە ئوستانی گوڵستان کە دەوروبەری کاتژمێر ١٢ ی نیوەرۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی مانگی گوڵان ڕوویدا، دەیان کەس لە کرێکارانی ئەم کانە بەهۆی ڕووخانی تۆنێلەوە گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون یاخود لە قوڵایی زەویدا گیراین خواردووە. بە پێی دوایین ڕاپۆرتەکان، هه‌تا ئێستا پەیکەری بێ گیانی ٢٢ کرێکار لە ژێر خاکوخۆڵدا دەرهێندراون و چەندین کەسی دیکەش هەروا لە ژێر زەویدان. هه‌ندێک لە شایه‌ته‌کانی ئەم ڕووداوە، ژمارەی ئەو کرێکارانەی لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە ٣٥ کەس ڕاگەیاندووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان خراپی دەزگای تەهویەی ٢٤ کاتژمێری مەعدەن هۆکاری کۆبونەوەی گاز لە فەزای کانەکەدا بووە و کاتێک کە کرێکارەکان ویستویانە ماتۆری دیزێلی لەکارکەوتو چاک بکەنەوە و سەرلەنوێ بیخەنەوەکار، بە هۆی جریقە، و بە هۆی کۆبونەوەی چڕی گاز تەقینەوە ڕووی داوە. ئەم تەقینەوە مەرگبارە لە حاڵێکدا ڕوویداوە کە بە پێی وتەی حەسەن حەفدە تەن جێگری پێوه‌ندی کاری وەزیری تەعاون، کار و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، ساڵانە هەزار و ٨٤٠ کەس بەهۆی ڕووداوی شوێنی كار له ئێران گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن‌، نزیکەی ١١ هەزار کەس لە وڵاتدا بەهۆی نه‌بوونی بێهداشت له‌ شوێنی کار توشی نەخۆشی دەبن و نزیکەی ٢٦ هەزار کەسیش کەم ئەندام دەبن. جێگری پێوه‌ندی کار و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتیی ڕژیم لە حاڵێکدا ئەم ئامارە ڕادەگەیەنێ کە زۆرێک لە ڕووداوەکانی شوێنی کار بە ئیدارەی کار ڕاناگەیەندرێن و لە هیچ جێگایەک تۆمار ناکرێن.111

له‌ ڕاستیدا ڕووداو و مەترسییەکانی سەرچاوە گرتوو لەشوێنی کار، نەبوونی ئەمنییەتی پیشه‌یی، مەرگی بە ڕواڵەت ئه‌نقه‌ست و بێئەژمار، لەکارکەوتوییەکان، کەم ئەندام بوون، هەموو جۆرە نەخۆشیەکی دژواری سەرچاوە گرتوو لە بارودۆخی نا بێهداشتی شوێنی کار، تەنها کۆمەڵێک دەرکەوتە لە هەڵسوکەوتێکە کە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەرحەق بە کڕێکاران دەیکات. ئاشکرایە کە بۆ کۆتایی هێنان بەم موسیبەتانە لە ئێران، دەبێ نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیی لە بناغەوە هەڵبتەکێندرێت. بۆ ئەوەی کە جەماوەری ئینسانەکان نەبنە قوربانی کار و بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. پێویستە کۆتایی بە حاکمیەتی سەرمایەداری بەسەر بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا بێت. دەبێ ده‌سه‌ڵاتی کرێکاران كه‌ره‌سته‌ی بەرهەمهێنان لەدەست سەرمایەداران دەربێنن، تا پرۆسەی بەهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی، بە شێوەی واقعی ببێتە پرۆسەیەکی ئینسانی و وشیارانە کە نە تەنها ئینسانەکان نەبنە قوربانی، بەڵکوو بەگشتی لە خزمەت خۆشبژیوی، پەروەردە کردنی تواناییەکان و بینای ژیانێكی ئینسانی ئازاد و یەکسانەکاندا بێت.
بەڵام تا کاتێک کە نیزامی سەرمایەداری حاکمە، تا کاتێک کە لۆژیکی سەرمایەداری حوکم دەکات و کرێکاران لە بارودۆخ و مافی ئینسانی خۆیان بێبەشن، تەنها ڕێگای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ بارودۆخی مەوجوود لە هەموو جێگایەک یەکێتی و هێزی چینایەتی ڕێکخراو و وشیاری چینایەتی کرێکارێکە کە دەیەوێ ئەم نیزامە دژی بەشەرییە بنێتە گۆڕ. لە بواری کەم کردنەوە لە مەترسی و زیان و قوربانیانی کار و بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و زەمانەتی ئیمنی و بێهداشتی شوێنی کار و پەرژانە سەر خەسارەتێک کە بەسەر ئەو کرێکارانەدا دێت وا بە هۆی ئەم جۆرە ڕووداوانەوە بریندار دەبن، دەبێ هێزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی کرێکاران بکەوێتە حەرەکەت و داخوازییە هەنوکەییەکانی چینی کرێکار بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتی پشتیوانیاندا بسەپێنێ.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای دەربڕینی بێزاری لە کەمتەرخەمی خاوەنکاران و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی کە هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە ئینسانییە و مەرگی کرێکارانی مەعدەنی بەردی خەڵوزی زمێستان یۆرت ن، سەمیمانە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکار و خۆشەویستان و هاوکارانیان لە مەعدەنی بەردی خەڵوزی زمێستان یۆرت و سەرجەم کرێکارانی ئێران دەکات. گومانی تێدا نییە کە خەڵکی شەریف و زەحمەتکێشی ئەم ناوچەیە ڕێوڕه‌سمی بیرەوەری کرێکارانی گیانبەختکردوو وە هاوخەمی لەگەڵ كەسوکاری ئەو خۆشەویستانە دەکەنە کانونی یەکێتیی و هاوپشتی و دەربڕینی بێزاری لەدژی بارودۆخی مەوجوود.
کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٤ ی ئاوریلی ٢٠١٧
١٤ ی گوڵانی ١٣٩٦