کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کومونیستی ئێران به‌ بۆنه‌ی ٢٥ ی نۆوامبر ڕۆژی جیهانیی خەبات له‌گه‌ڵ تووندوتیژیی بەرانبەر بە ژنان ٢٠١٦

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا کارزار و ئاکسیۆنەکانی ٢٥ی نۆوامبر ڕۆژی جیهانیی خەباتی دژ به‌ توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بەڕێوە دەچێت کە قەیرانی سەرمایەداریی، پەیڕەوکردنی بەرنامە ڕیازەتییە ئابوورییەکان هه‌ر درێژەی هەیە و ڕقابەتی زلهێزه‌ جیهانییەکان بۆ پەرەدان بە ناوچەی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان تووندتر بۆتەوە. درێژەی ئەم ڕقابەت و کێشمەکێشانە لە حاڵێکدا کە دابەشکردنی سەرلەنوێی جیهان لەنێوان زلهێزە سەرمایەدارییەکاندا هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە، جیهان بەرەوڕووی دەورەیەک لە ناسەقامگیریی و پەرەسەندنی شەڕ و نائەمنی کردۆتەوە. ڕۆژهەڵانی ناوین وه‌ك یەکێک لە ناوه‌نده‌ جێناكۆك و ئالۆزەکانی ئەم ڕقابەتانە، بووه‌ به‌ قوربانگای مرۆڤه‌كان. لە سوورییە به‌ پێی ڕاپۆرتی كومیته‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تیی، له‌ ئه‌نجامی زیاد له‌ پێنج ساڵ شه‌ڕدا،٢٥٠ هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و یه‌ك و نیو میلیۆن كه‌سیش بریندار بوون، به‌ گوێره‌ی هه‌ر ئه‌م ڕاپۆرته‌، چوار و نیو میلیۆن كه‌س له‌ وڵاتانی دراوسێدا ده‌ژین. وڵاتی سوورییه‌ به‌رده‌وام به‌ره‌و كاولبوون و له‌ناوچوون ده‌برێت و زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌شی له‌ هه‌ژارییه‌كی موتڵه‌قدا ده‌ژین. ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌روه‌ها له‌ مانگی فێورییه‌ی ئه‌مساڵدا ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌موو ڕۆژێك به‌لانیكه‌مه‌وه‌ ٢ مناڵه‌ په‌ناخواز له‌ ئاوه‌كانی مه‌دیته‌رانه‌دا و له‌ڕێگه‌ی گه‌یشتن به‌ ئۆرووپادا ده‌خنكێن. زۆرێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی په‌ناخوازانی سووریی له‌ لوبنان یان ئۆردۆن و توركییه‌، له‌به‌ر هه‌ژاریی و برسێتیی، ناچارن كچه‌ كه‌م ته‌مه‌نه‌كانیان به‌شوو بده‌ن. ڕاپۆرته‌كان ده‌ڵێن هه‌ندێك له‌م كچه‌ كه‌م ته‌مه‌نانه‌، ته‌نانه‌ت ٧ ساڵ ته‌مه‌نیشن. شه‌ڕی ناوخۆ له‌ عێراق، یه‌مه‌ن، لیبی و ئه‌فغانستانیش هه‌ر ئه‌م مه‌ینه‌تیی و ڕۆژڕه‌شییانه‌ی به‌دواوه‌ بووه‌. ژنان له‌ ئاستێكی كه‌لان و به‌ریندا، له‌ قوربانییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م كاره‌سات و مه‌ینه‌تییانه‌ن.
لە ڕۆهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست باڵە جۆراوجۆرەکانی ئیسلامی سیاسیی لە جۆری بەناو لیبڕاڵەکەی کە لە تورکییەی به‌نیازه‌ دەستدرێژی کرانەسەر منداڵان بەیاسایی بکات، هه‌تا لقه‌ توندڕۆكه‌ی كه‌ ژنانی ئێزدیی ده‌كاته‌ كۆیله‌، یەکەم قوربانییانی خۆی لەنێو ژناندا دەستێنێ، ئەوە ژنان و منداڵانن کە دەکەونەبەر مەترسیی ئازار و ئەزیەت و دەستدرێژیی جنسیی ئەم هێزانە.
لە لایەکی دیکەوە دواهاتی قەیرانی جیهانیی سەرمایەداریی و پەیڕەوکرانی بەرنامە ڕیازەتییە ئابوورییەکان بەملیۆن ژنی لە سەرتاسەری جیهاندا بەرەو هەڵدێری هەژاریی، بێکاریی، کارکردن لەبری هەقدەستێكی کەم و نەبوونی ئەمنییەتی حقوقیی پاڵ پێوەناوە. ئەوانە لە ئاستێکی جەماوەریدا ناچار كراون كه‌ شوێنی ژیانی خۆیان جێ بهێڵن یان لەگەڵ کەمبوونی ئاوی خواردنەوە، بێهداشت و چاودێرییه‌ گشتییەکان، ئاموزش، مەسکەن و ئیمکاناتی سەرەتایی ژیاندا دەست و پەنجە نەرم دەکەن.
دەوڵەتانی سەرمایەداریی له‌ درێژەی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵییەکانیان هەژاریی و لەفرۆشیی و ئێعتیاد و بێکارییان کردووه‌تە دیاردەیەکی باو لەسه‌ر ئاستی جیهان. لە نیزامی سەرمایەداریی و جیهانێكدا کە ژنان سێ لەسەر چواریان نەخوێندەوارن و زۆربەی هەژاران ئەوان پێكی دێنن، له‌ جیهانێكدا كه‌ له‌ پێشكه‌وتووترین وڵاتانیدا به‌ ژنان له‌بری كاری هاوچه‌شن، هه‌قده‌ستی یه‌كسان له‌گه‌ڵ پیاوان نادرێت، لە جیهانێكدا کە ژنان بۆ چوونەناو بازاڕی کار کۆسپ و لەمپەریان ده‌خرێته‌ سه‌رڕێ، داسەپاندنی سیاسەتی ڕیازەتکێشیی و هەژاریی و فەلاکەتی ئابووریی، زیاتر لە ڕابردوو که‌له‌به‌ری چینایەتیی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی قووڵتر کردووه‌تەوە. بێکاریی و هەژارییه‌كی ڕوو له‌ هه‌ڵكشان، ژنانی خستووه‌تەبەر مەترسیی و هێرشی خه‌ساره‌ کۆمەڵایەتییەکان. ژنان به‌م ئاراسته‌دا بۆ دابینکردنی بەڕێچوونی خۆیان و ڕۆڵه‌كانیان دەکەونە داوی باندەکانی بازرگانیی سێکس. لەم جیهانه‌ نایەکسانەدا ژنان هەموو ساتێک لەبەر مەترسیی تووندوتیژیدان.a-cpi
لە ئێران ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ماوه‌ی ٣٨ ساڵە کە بە پشتبەستن بە یاسا و ڕێسای ئیسلامیی، تووندوتیژیی لەدژی ژنانی بە شێوەی سیستماتیک بردووه‌تە پێشێ و جێی خستووه‌. ئاپارتایدی ڕەگەزیی و سوکایەتیی هەر ڕۆژە بە ژنان بووه‌تە ناسنامە و بەشێکی جیانه‌كراوه‌ی پێناسه‌ی ئیدئۆلۆژیکیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی. ئەگەر تووندوتیژیی بەشێکه‌ لە ده‌رهاویشته‌ی ده‌سه‌ڵات و حاکمییەتی نیزامی سەرمایەداریی و لەشێوازی جۆراوجۆریدا دژبه‌ چینی کرێکار و چین و توێژەکانی ژێر سته‌م لە سەرجەم گۆمەڵگه‌کاندا پەیڕەو دەکرێت و ژنان بەشی هه‌ره‌ زۆری قوربانییانی ئەم تووندوتیژییانەن، لە نیزامی سەرمایەداریی ئێرانیشدا کە دەسەڵاتی سیاسیی لەگەڵ یاسای کۆنەپەرستانەی مەزهەبیدا تێكهه‌ڵكێش كراون و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان لێك ته‌نراون، تووندوتیژیی چەند هێنده‌ زیاتر و دژه‌ مرۆڤانه‌تر لەدژی ژنان له‌ئارادایه‌. ئەگەر لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا ژنان له‌ سایه‌ی خەباتی ئازادیخوازانەیاندا، لە بواری ژیانی بنەماڵەیی و گەلێک بواری دیكه‌ی ژینگه‌ی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا گەیشتونەتە جۆرێك له‌ یەکسانییه‌كی حقوقیی ئه‌ویش لە بەرانبەر یاسادا، بەڵام لەسەر بنەمای یاسا و ڕێسا ئیسلامییه‌كاندا، ژنان لە ئێران بە ڕەسمیی وەک نیوەی پیاو به‌حیساب ده‌هێنرێن و لە سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانیان بێبەش ده‌كرێن. ئەم ڕژیمە له‌ڕێگه‌ی پێشێلكردنی سەرەتاییترین مافەکانی ژنان، بۆ وێنه‌ مافی سەفەرکردن، مافی تەڵاق، مافی سەرپەره‌ستیکردنی منداڵ، هەڵسوکەوتی ئازادانە لەگەڵ پیاوان، هۆوییەتی ئینسانی نیوەی پێكهاته‌ی کۆمەڵگە ده‌خاته‌ ژێر پێ و لەم ڕێگایەوە دژه‌ مرۆڤانه‌ترین جۆری تووندوتیژیی دەوڵەتیی پەیڕەو دەکات و لایەنی یاساییشی پێ ده‌به‌خشێ. ئەم ڕژیمە کە بۆ پێوەندیی جنسیی ژنان لە دەرەوەی موناسباتی ژن و مێردایەتی سزای قوورسی دیاری کردووە له‌ هه‌مان كاتدا، بە بەخشینی ئازادیی فره‌ژنیی بە پیاوان و برەودان بە سیغە، ئیعتیبارێکی “کۆمەڵایەتیی” و “یاسایی” به‌ له‌شفۆشیی داوه‌. ئەم ڕژیمە له‌ڕێگه‌ی داسه‌پاندنی یاسای حیجابی ئیجباریی، و بە زه‌بری شه‌للاقی خاهەرانی زەینەب، جەریمەی نه‌ختیی، زیندان و ئەشکەنجە، مافی هەڵبژاردنی ئازادانەی پۆشینی لە ژنانی ئێران زەوت کردووە.
ئەم بارودۆخە سه‌رانسه‌ر تووندوتیژیی و بەڕبەڕیەت و وەحشیگەرییەی ڕژیمی ئیسلامیی ده‌رهه‌ق به‌ ژنان، هۆویەتی ئینسانیی ئەوانی وه‌ها پێشێل کردووە کە ناڕەزایەتیی و شۆڕش و ڕاپەڕینی ژنان لەدژی ئەم بارودۆخەی کردووه‌ به‌ یەکێک له‌ بنه‌ما ئەساسییه‌كانی خەباتی ئازادیخوازنەی جەماوەری خەڵکی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە چنگ کۆماری ئیسلامیی. كاتێك كه‌ ڕه‌چاونه‌كرانی حیجابی ئیسلامیی و ده‌ركه‌وتنی تاڵه‌ موویه‌كی ژن، ئیدئۆلۆژیی زاڵ به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ ده‌شڵه‌ژێنێت و دیفاع له‌ مافی یه‌كسانی ژنان له‌گه‌ڵ پیاوان، سه‌رتاپای نیزامی سیاسیی ده‌باته‌ ژێر پرسیار، هه‌ربۆیه‌ به‌هۆی هه‌بوونی وه‌ها وه‌زعییه‌تێكه‌وه‌، خه‌باتی ژنان له‌ ماوه‌ی زیاد له‌ ٣ ده‌یه‌ی ڕابردوودا، به‌رده‌وام خه‌سڵه‌تێكی سیاسیی و دژه‌ مه‌زهه‌بیی بووه‌. له‌ وه‌ها بارودۆخێكدا، ئێستراتێژیی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی ژنان به‌ شێوه‌یه‌كی خۆڕسك، خۆی به‌ خه‌بات بۆ ڕووخاندنی ڕژیم و هه‌لپێچانی نیزامی چینایه‌تییه‌وه‌ گرێ ده‌دات.
ئەگەرچی ڕژیمی “دژه‌ ژن”ی ئیسلامیی، خەبات لەگەڵ ئیستبدادی مەزهەبیی و پارێزگاریكردن له‌و نیزامه‌ی گرێداوه‌ به‌ هێرشكردنه‌سه‌ر حه‌وزه‌ی خسووسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان و ئه‌مه‌ی كردووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ مه‌یدانه‌كانی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی ئێران، بەڵام لە هەمانحاڵدا هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیست نابێ بۆ ساتێکێش لەم ڕاستییە غافڵ بن کە ڕیشەی ستەمکێشی ژنان لە نیزامی چینایەتیی سەرمایەداریدایە. بەبێ پەرەدان بە وشیاریی و ناسینی ڕیشەی ستەمکێشی ژنان و خەبات بۆ بنه‌بڕكردنی ئەم ستەمکێشییە، ژنان ناتوانن خەباتێکی کاریگەر و ڕیشەیی لەدژی فەرهەنگی پیاوسالارانە و به‌یاساییكراوی دژه‌ ژن و هه‌روه‌ها پڕ له‌ تووندوتیژیی کۆنەپەرستیی مەزهەبیی بەرەوپێش بەرن. بەبێ هیرشکردنەسەر موناسباتی سەرمایەداریی، بزووتنەوەی ژنان تەنانەت ناتوانێ کۆتایی بە نایەکسانییە حقوقییەکان لەگەڵ پیاوان بهێنێت، کە ڕیشەی لە نایەکسانییە ئابوورییەکاندایە. هەر چەشنە پێشڕەوییەکی بزووتنەوەی ژنان لە بواری دەستڕاگەیشتن بە مافی یه‌كسان لەگەڵ پیاوان، لە گرەوی هێرش بۆسەر موناسباتی سەرمایەداریی و پاشەکشە پێکردنی دایە.
وه‌رن با بۆنه‌ی ٢٥”ی نۆوامبر” كه‌ ڕۆژی جیهانیی خەباتی دژبه‌ توندوتیژیی بەرانبەر ژنانه‌، بە هەوڵ و كۆششی هەرچی زیاتر بۆ هێنانەمەیدانی ژنانی زەحمەتکێش، بکەین به‌ ڕۆژی خەبات بۆ پاشەکشەکردن بە دین لە دخاڵەتکردن لە ژینگه‌ی کۆمەڵایەتیی ژنان و لەدژی نیزامی پیاوسالارانه‌ی سەرمایەداریی.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی
بژی ئازادیی، بەرابەریی، حکومەتی کرێکاریی
بژی سۆسیالیسم
كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
٤ی سه‌رماوه‌ز
٢٤ی نۆوامبری ٢٠١٦