کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی ژمارە ٢ی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە ڕووداوی گیان لەدەستدانی ٣ لاو لە خەبات لە پێناو پاراستنی ژینگەدا

Untitled2 6

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی گەلاوێژ بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی خەبات ئەمینی، گەنجێکی تێکۆشەر کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگری چیای ئاویەری شاری سنە بریندار ببوو، ژمارەی قوربانیانی ئەم ڕووداوە گەیشتە ٣ کەس. ئازیزان حەمید مورادی و چیاکۆ یوسفی نەژاد و خەبات ئەمینی، کەسانێکی تێکۆشەر و خۆشناو بوون کە بەوپەڕی لەخۆ بردووییەوە لەپێناو خزمەت بە ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیاندا بێ وچان تێدەکۆشان و ئامادەی گیانبازی و فیداکاریی بوون لە ڕێبازێکی پڕ لە شانازیدا کە لە بەرەی خەباتە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا گرتبوویانە بەر. بێگومان یاد و ناویان بۆ هەمیشە لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا هەرمان دەبێت.

 ئەوان لە زومرەی ئەو تێکۆشەرانە بوون کە بەردەوام بەشداری خەم و خۆشییەکانی خەڵک بوون و، بەم هۆیەوە و هەروەها بەهۆی ئامانجی بەرزی سیاسییان، بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان جێگەی ڕێز و خۆشەویستیی بوون. بە ڕێکەوت نییە کە دەبینین خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە کە کەسانێکی وەک ئەم ئازیزانە لە ئامێزی خۆیاندا پەروەردە دەکەن، بەم جۆرە بە وەڕێخستنی ڕێپێوانی جەماوەریی بەرین ڕێزیان لێدەگرن. خەڵکی شاری سنە و سەرجەم کوردستان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردووانەیان بە تەنیا نەهێشتەوە و هاوبەشی خەم و پەژارەیان بوون.بەڵام دەربڕینی ئەم ڕاستییە و شکۆمەندی ئەم هاوپشتییە، ناتوانێ ئەوە لەبیر ئێمە  بباتەوە کە خوێنی ئەم جگەرگۆشە لاوانەی خەڵک لە ئەستۆی ڕێژیمێکە کە لە کاتی ڕووداوی لەم شێوەیەدا بچوکترین ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات. ئاخر مرۆڤ چۆن دەتوانێ بە دەستی بەتاڵ بچێتە شەڕی ئاگرێکی وێرانکەر کە با بەردەوام بڵێسەکانی دەگەشێنێتەوە و بەملاو لایدا دەبات؟

 لەکاتێکدا لەناوچوونی ئەم سروشتە جوانە و ئەم لەوەڕگە و شوێنی ژیان و حەوانەوەی سەدان جۆری دەگمەنی گیاندار و پەلەوەرە لەبەر چاوی دام ودەزگا پان و بەرینە سەربازی و ئیدارییەکانی ڕێژیمدا ڕوودەدات، بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کاریگەر بۆ پێشگرتنی بگیرێتە بەر. تەنیا خەڵکی ناوچەکەن کە بە دەستی بەتاڵ و بە خستنە مەترسی گیانی خۆیان، ئەوەندەی توانیویانە ژینگەیان لە بڵێسەی ئاگر ڕزگار کردووە. کوژاندنەوەی ئاگری گەورە و بەربڵاو بەبێ ئامراز و کەرەستەی ئەمڕۆیی، لەوانە فڕۆکە و کۆپتەری ئاوپژێن مومکین نییە. سپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی کە هەر ڕۆژە و لە گۆشەیەکی ئێران مانۆڕی پڕ هەزینە و پڕ هەرا و هوریا بەڕێوە دەبەن و زۆرجار خۆیان هۆکاری ئەو جۆرە ئاگر کەوتنەوانەن، تەنانەت لە پێدانی ئەو کەلوپەلانەی لەبەر دەستیاندایە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە خۆ دەبوێرن. ئەوان کە بە بیستنی بچووکترین هەواڵی خۆپیشاندان یان بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی، بە خێرایی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە، لە کاتێکدا کە ئاگر دارستان و لەوەڕگەکانی ڕۆژئاوای ئێران لەناو دەبات، هیچ کاردانەوەیەکیان نییە.

 وتەیەکیش ڕوو بەو لاوانەی کە ئاوا بەرپرسیارانە هەست بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەکەن و لەم پێناوەدا تەنانەت لە گیانی خۆشیان درێغ ناکەن:

ئازیزان! لەم قۆناغە مەترسیدار و چارەنووس سازەی کە لەپێشماندایە، بزووتنەوەکەمان پێویستی بە بوونی ئێوە و ژیانی پڕ لە وزە و ورەی خەباتکارانەتان هەیە. خەبات و تێکۆشانی مەدەنی ئێوە و هەوڵەکانتان بۆپاراستنی ژینگە، لە هەمانکاتدا کە جێگای ڕێز و پێزانینە، بەڵام بەر لە هەمووشتێک دەبێ ببێت بە ئامرازێکی گوشار بۆسەر ڕێژیمێکی کە ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات. ئێمە نامانەوێت لە مەیدانی خەبات لەگەڵ سروشت دا ماتەمباری ئازیزانمان بین. پێویستە ئەو وزە و ورەیە بپارێزرێن بۆ بنیاتنانی دواڕۆژێکی گەشتر

 ئێمە جارێکی تر بەبۆنەی گیانلەدەستدانی ئازیزان: حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفی نەژاد و خەبات ئەمینی، لە ناخی دڵەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکانیان و خەڵکی تێکۆشەری سنە و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانین. ئێمە لە ورەی لەخۆبردوویی و فیداکاری ئەوان بۆ خەبات و تێکۆشانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە چارەنووس سازەکانی داهاتوومان ئەزموون وەردەگرین. یادیان بەرز و بەڕێز بێت.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە

 (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤