کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی هاوبەشی هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

download 1 2

بەبۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانی خەبات لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان

١٠ی ئۆکتۆبەر ڕۆژ جیهانی خەباتە لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان. پەرەسەندنی ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە دەرکردن یان جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان تێیاندا هەڵوەشاوەتەوە، ئەوە نیشان دەدات خەبات و تێکۆشانەکانی تا ئێستا لەم بوارەدا کاریگەر بووە. ڕاپرسییەکی ئاماریی دەریدەخات کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لە نێوان ١٩٥ وڵاتی جیهاندا ١١١ وڵات سزای لەسێدارەدانیان بەتەواوی هەڵوەشاندووەتەوە، ٢٤ وڵات سزای لەسێدارەدانیان هەڵپەساردووە و سیاسەتێکی جێگیری جێبەجێنەکردنی ئەو سزایەیان پەیڕەو کردووە و لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ئەو سزایەیان بەکردەوە دەرنەهێناوە. لە ٧ وڵاتیش جگە لە تەنیا هەندێک حاڵەتی زۆر تایبەتی وەک ئەو تاوانانەی کە بۆ نموونە لە کاتی شەڕدا ڕوودەدەن، ئەگینا سزای لەسێدارەدان بەڕێوە ناچێت. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەوەی کە هێشتا سزای لەسێدارەدان لە ٥٠ وڵاتی جیهاندا بوونی هەیە، ئەوە دەردەخات کە مرۆڤایەتی هێشتا لەگەڵ چ دیاردەیەکی گیانسەخت دەست و پەنجە نەرم دەکات. لایەنگران و داکۆکیکارانی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، ئەو بابەتە وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان و بردنەسەرەوەی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی پاساو دەکەن. یەکەم: بەر لە هەموو شتێک ئەزموونی سەرجەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و لێکۆڵینەوە و زانیارییە باوەڕپێکراوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا، لە ڕێگای سزای لەسێدارەدانەوە، ڕێژەی تاوان و تاوانکاری نەک هەر کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، لەو ڕووەوە کە ئێعدام خۆی لە خۆیدا هەستی تۆڵەسەندنەوە بەهێز دەکات، بەکردەوە توندوتیژی  لە ناو کۆمەڵگادا پەرەپێدەدات. کاتێک کوشتن لەبەرامبەر کوشتندا لەلایەن حکومەتەوە ڕێگەپێدراوە، سروشتییە کە هەندێک کەس هانبدرێن بۆ ئەوەی بە دەستی خۆیان ئەم بەناو عەداڵەتە جێبەجێ بکەن. دووەم: هەر ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات لەو کۆمەڵگایانەی کە کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت قووڵتر دەبێتەوە و سیستەمی ئابووری دەبێتە هۆی هەژارتر بوونی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک و لە هەمان کاتدا سەروەتێکی زۆر و زەوەند لە دەستی گروپێکی بچووکدا کۆدەبێتەوە، هەژاری و بێبەشی کۆمەڵایەتی بەردەوام دەبێتە هۆی بەستێنێک بۆ پەرەسەندنی تاوان لە کۆمەڵگادا. لە ڕاستیدا ئەوە هەلومەرجی ماددی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە مرۆڤ بەرەو تاوان پاڵپێوەدەنێت و دەوڵەتەکان و چینی دەسەڵاتدار ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە سەپاندنی ئەو دۆخە ماددییە بەسەر ژیانی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکدا.

بەڵام سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی وەک دیکتاتۆرییەکی ئایینی پشتبەستوو بە شەریعەت، مەسەلەکە زۆر لەوە ئەولاترە. ئەم ڕژیمە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان لە سەرووی ئەو وڵاتانەدایە کە حوکمی لەسێدارەدان تێیاندا جێبەجێ دەکرێت. ئەم ڕژیمە ئینسانەکان نەک تەنیا بە هۆی تاوانەوە، بەڵکوو بە هۆی بیروباوەڕ یان دژایەتی سیاسی لەگەڵ ڕژیمی دەسەڵاتدار، لە مافی ژیان بێبەش دەکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا جگە لە بەکارهێنانی زیندان و ئەشکەنجە و جۆرەکانی دیکەی سەرکوت، سزای لەسێدارەدانی بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕێکخراو لە دژی نەیارانی سیاسی و ناڕازیانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی زیانە کۆمەڵایەتییەکانی هەر ئەم نیزامە ستەمکارە سەرمایەدارییە، بەکارهێناوە. ئەم ڕژیمە هەوڵ دەدات لەڕێگەی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانەوە کۆمەڵگا بە گشتی چاوترسێن بکات و ناچاریان بکات کە ملکەچی ئەو دۆخە سەپێندراوە بن. لەمڕووەوە ئەگەرچی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان وەک کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتیی خۆی لە خۆیدا پرسێکە کە دەبێت لە هەر بارودۆخێکدا شێلگیرانە لەسەری بەردەوام بین، بەڵام گرنگی ئەم خەباتە لە بارودۆخی ئێستادا، کە ڕژیم بە ئاشکرا تەنانەت لە ئێعدامکردنی ئەو کەسانەش کە بە تاوانی ئاسایی مەحکووم کراون، بەشوێن ئامانجی سیاسیی دیاریکراوەوەیە، گرینگی و پێویستییەکەی بە چەند قات زیاتر دەبێت. ئەم ڕژیمە بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە ئامێری کوشتار هەیە. هەربۆیە پێویستە ئەم ئامێرە لەکار بخرێت و تێکبشکێندرێت.

لە بەرامبەر ئامێری کوشتاری کۆماری ئیسلامیدا کە لە چل و چەند ساڵی ڕابردوودا، ئێعدامە نامرۆڤانەکانی لە سەربانی “مەدرەسەی ڕیفاه”ەوە دەستپێکرد، دواتر گەیشتە کوردستان و تورکمانسەحرا و تەواوی دەیەی شەستی لەخۆگرت، لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ دەستیدایە جینایەتێکی دژی مرۆڤانەیەتی لە زیندانەکاندا و بەستییەوە بە لەسێدارەدانی لاوان لە ساڵەکانی دواتر و تا گەیشتە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژیناش، بزووتنەوەیەکی دادخوازانەی بەربڵاو و جەماوەریی شکڵی گرتووە کە ئێستا بووەتە یەکێک لە پایەکانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران. جگە لەوەش بزووتنەوەی خەبات لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، لە نێو ڕۆشنبیران، دادخوازان، هەڵسووڕاوانی مەدەنی و سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ. لەمڕووەوە بێ گومان لە سبەی ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر بە هیچ پاساوێک بڕیاری زەوتکردنی مافی ژیان لە هیچ مرۆڤێک قبوڵ ناکرێ، بەڵکوو بە فەرمانی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەر، دۆسیەی تاوانبارە ورد و درشتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دادگا خاوەن سەڵاحییەتەکانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام نابێت سزای لەسێدارەدان لە دژی هیچ کەسێک دەربکرێت و سزای هەتاهەتایی زۆرترین سزایە کە دەبێت لەدژی کەسی تاوانبار دەربکرێت. تەنیا بەم شێوەیە دەکرێت کۆتایی بە ڕەوتی تۆڵەسەندنەوە بهێنرێت و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێرانی داهاتوودا، لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆڤایەتی بنیات بنرێت. لم پێوەندییەدا جێگای خۆیەتی کە بە وردی سەرنج بدەینە ئەو ڕستە درووستەی”ویکتۆر هوگۆ” کە دەڵێت: “سەیرکەن، هەڵوێستە بکەن و بیربکەنەوە! ئایا بەڕاستی پێتانوایە ئێعدام ئەو شتەیە کە وانەی لێوەربگیرێت؟ بۆچی؟ لەبەرئەوەی فێرتان دەکات؟ مەگەرچی لەم وانەیە فێردەبن؟ ئەمە نابێت بکوژرێت؟ نابێ بکوژرێت چۆن فێردەبن؟ بە کوشتن؟  من بیرم لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی سزای لەسێدارەدان کردۆتەوە. واتاکەی چییه؟ هیچ, جگە لە کردارێکی نەفرەت لێکراو و بێهوودە، هیچ، جگە لە توندوتیژییەکی خوێناوی، کە ئەگەر تاک ئەنجامی بدات، پێی دەڵێن تاوان و سەد مخابن ئەگەر کۆمەڵگاش ئەنجامی بدات، پێی دەوترێت دادپەروەری!  یاسادانەر یان دادوەر و یان هەرکەسێک بیت، ئەوە بزانە کە ئەوەی بۆ تاک تاوان بێت، بێگومان بۆ کۆمەڵگاش تاوان دەبێت”.

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی و دێموکراسی، بژی سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر )

یەکشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ / ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣