ئارمیتا گراوەند، کچێکی تازەلاوی تەمەن ١٦ ساڵ، خوێندکاری پۆلی ١١ی مەدرەسەی “عوروەل وسقا” ڕووبەڕووی مەهدیەی تاران. لە ڕۆژی ١٠ی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢ەوە لەسەر یەکێک لە تەختەکانی نەخۆشخانەی فەجری سەر بە هێزی ئاسمانی، لە حاڵەتی کۆمادایە. ئەم کیژە تازەلاوە دوای ئەوەی ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەر بەهۆی “ئازار و ئەزیەتی مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب“ەوە کەوتە سەر زەوی و لە حاڵەتی بێهۆشیدا گەیەندرایە نەخۆشخانە، لەو ڕۆژەوە لە کۆمادایە. ناوەندە ئەمنییەتییەکان “دابەزینی فشار“یان وەک هۆکاری بێهۆشبوونی ئارمیتا ڕاگەیاندووە. سیناریۆیەکی دووبارەبووەوە کە زۆر جار لەلایەن ئەم ناوەنداوانەوە دووپات دەبێتەوە. حکومەت بەبێ ئەوەی ویدئۆکانی ناو واگۆنی میترۆکە ئاشکرا بکەن، چەند وێنەیەکیان لە دەرەوەی میترۆکە بڵاوکردەوە و هەروەها ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢، ئاژانسی هەواڵی ئیرناش ویدئۆی گفتوگۆیەکی کورتی لەگەڵ دایک و باوکی ئەم کچە تازە لاوە بڵاوکردەوە.
ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانی حکومەت تەنیا بەوەندە کۆتایی نایەت. گواستنەوەی ئارمیتای تازەلاو بۆ نەخۆشخانەیەکی نیزامی، گەمارۆدانی ئەم نەخۆشخانەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییە لیباس شەخسییەکان و ڕێگریکردن لە هەرچەشنە سەردان و ملاقاتکردنێکی، دەستگیرکردنی کەسوکار و هاوڕێ و هاوکلاسەکانی، دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی ساتەوەختی جینایەتەکە، دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لە مریەم لوتفی هەواڵنێری ڕۆژنامەی شەرق، کە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕەزبەر، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە ناڕوونی و گومان لەسەر دۆخی ئارمیتا گراوند، چووەبووە نەخۆشخانەی فەجر بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک و هتد…، هەموو ئەمانە نیشانەی هەوڵی حکومەتن بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی جینایەتێکی نوێ. جینایەتێکی کە پێشتر بەهۆیەوە (مەهسا ژینا) ئەمینی بووە قوربانی. دانانی “مەئموورانی کۆنترۆڵکردنی حیجاب” لەناو میترۆکان و “چاودێر” لە زانکۆکان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگی کچانی لاوی وڵات، بەشێکە لەو شەڕە سەرتاسەرییەی کە حکومەت دوای سەرکەوتنی پرسی ئازادی لە پۆششدا لەسەر بەستێنی بزووتنەوەی” ژن، ژیان، ئازادی“، خستوویەتەڕێ. ئەم کردەوە داعشیانە، لە زومرەی بڕگەکانی یاسای حیجابن کە لەلایەن کۆمیسیۆنی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامییەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە و هەوڵدەدات بە دیاریکردنی جەریمەی قورس، دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێل و موڵک و ماڵی خەڵک، پەروەندەسازی و زیندان، ڕێگری بکات لە جێگیربوونی دیاردەی ئازادپۆشی پاش ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا. ئەم سیاسەتە داعشییەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دژکردەوە و خۆڕاگریی بەربڵاوی ژنان و کچانی لاوی وڵات بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی کە لە ناو میترۆ و مەدرەسە و زانکۆکاندا شاهیدی سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە و ڕەفتاری توندوتیژ و ناشایست بین. لە هەواڵێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بڵاوکرایەوە، کچێکی دانشجووش بەهۆی هەڵسوکەوتی تووندوتیژی هێزەکانی “حەراسەت” بە بیانووی شێوازی جل و بەرگەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا. بەشی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی تاران بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی “بێهۆشبوون“ی کچێکی خوێندکار بەهۆی هەڵسوکەوتی تووندوتیژی مەئموورانی چاوەدێری پەردیسی بەشی کشت و کاڵی زانکۆی تاران بەهۆی لەبەرکردنی جل و بەرگی ئیختیاری، کاردانەوەی نیشاندا و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ “سترێسی” زۆر بەهۆی هوشداریی مەئموورەکانی چاوەدێرییەوە.
دوای چوار ڕۆژ تێپەڕبوون بەسەر بێهۆشبوونی ئارمیتا گراوەند، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات پەرۆشی گیانی ئەوەن. هەموو لایەک ئاواتەخوازن کە ئارمیتا تەندروستی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و بگەڕێتەوە باوەشی کۆمەڵگا و بنەماڵەکەی. بەڵام ئەم ڕۆژانە ترس و هیوا، هەناسەی لە سینەکاندا قەتیس کردووە. ئەم هاوسۆزی و توڕەیی و بێزارییە جەماوەرییە بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئایینی، جێگای دەستخۆشی و پێزانینە. بەڵام نابێ ئەم تاوانە بەسانایی تێپەڕ ببێت و پشتگوێ بخرێت. خەڵک مافی خۆیانە کە هەموو ڕاستییەکان بزانن. مافی خۆیانە کە بکەران و بڕیاردەرانی ئەم جینایەتە بناسن. خەڵک مافی خۆیانە کە بە شێوەیەکی مەدەنیانە بەرامبەر بە سیاسەتی داعشیانەی کۆنترۆڵکردنی شێوازی پۆشینی جل و بەرگ، ناڕەزایەتی دەرببڕن. ئێستا هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دنیای مەجازی لەسەر چارەنووسی ئارمیتا دەدوێن. دەکرێت ئەم هاوپشتییە بەرین و جێگەی ستایشە بکرێت بە ناڕەزایەتییەکی مەدەنی و جەماوەریی. خوێندکارانی مەدرەسەکەی ئارمیتا و مەدرەسەکانی تر دەتوانن بەمەبەستی هاوخەمی و هاوسۆزی لەگەڵ خۆی و بنەماڵەکەی، دەست بدەنە ناڕەزایەتییەکی مەدەنیانە و هەروەها ژمارەی بەربڵاوی بنەماڵەی خوێندکاران لە سەرانسەری وڵات دەتوانن ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بەڕێوە ببەن. لەوانەیە سبەینێ جگەرگۆشەکەی ئەوان“ئارمێتیایەکی” تر بێت. مامۆستایان لە سەرتاسەری وڵات دەتوانن لەدژی ئەو جینایەتانەی بەرامبەر بە خوێندکارەکانیان بەڕێوە دەچێت، دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە. ئەمجۆرە ناڕەزایەتیانە دەتوانێ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا بەو ئاراستەیەدا ببات کە “مەئمووری کۆنتڕۆڵی حیجاب نەمێنت” ، “چاوەدێرەکان کۆبکرێنەوە“، پۆشینی جلوبەرگی ئیختیاریی وەک مافی بێ ئەملاو و ئەولای خەڵک هەژمار بکرێت، هەواڵ و زانیارییەکان بە بێ سانسۆر بڵاو بکرێتەوە، ئازادی بێشەرت و مەرج لە هەموو بوارەکاندا مسۆگەر و گەرەنتی بکرێت و کۆمەڵانی خەڵک کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و سەدەی ناوەڕاستی بهێنن و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی خۆیان ڕێکبخەن و دەسەڵاتێکی جەماوەریی و بەدەروەست لەبەرامبەر خەڵکدا بهێننە سەرکار.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران( ڕاهی کاریگەر)
بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
پێنج شەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢ / ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣