کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر )  خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بۆ نەرگس محەمەدی، ڕەنگدانەوەی خەبات و خۆڕاگری و قارەمانەتی ژنان و زیندانیانی سیاسیی ئێران

Featured 49

کۆمیتەی ئاشتی نۆبێل، ڕۆژی هەینی ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بەرامبەر لەگەڵ ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ، خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی ئەمساڵی بەخشی بە نەرگس محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤی زیندانیکراو لە ئێران. نەرگس محەممەدی تێکۆشەرێکی هەڵسووڕاو و بوێرە کە لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجە و زیندانی تاکەکەسی وەک ئەشکەنجەی سپی و هەروەها پشتگیریکردن لە بنەماڵەی دادخوازان، گەلێک هەوڵ و تێکۆشانی بەنرخی ئەنجامداوە، وێڕای ژنانی ئازادیخوازی ئێران تەسلیمی حیجابی زۆرەملێ نەبووە، سەرەڕای هەموو زەخت و گوشارەکان بڕیاری داوە نەچێتە دەرەوە و لە ئێران بمێنێتەوە، باڵاکردنی منداڵەکانی نەدیتووە، سێزدە جار دەستبەسەر و سزای ٣١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و هەرئێستاش لە زیندانی ئێڤین بەسەر دەبات. ژنانی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە خەباتی بوێرانە لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و ئاپارتایدی ڕەگەزی، گەلێک فیداکاریی و قارەمانییەتی کەم وێنەیان لەخۆیان نیشانداوە و ئێستاش بە نافەرمانی مەدەنی و سەپاندنی جلوبەرگی ئیختیاریی لەسەر ئاستی ملیۆنی و جەماوەریی، زەنگی مەرگی ئاپارتایدی ڕەگەزی و هاوکات تەواوەتی ئەو نیزامەیان لێداوە کە لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسی دامەزراوە. لەم خەباتە جەماوەرییە درێژخایەنەدا، تێکۆشەرانێکی وەک مریەم ئەکبەری مونفەرد، زەینەب جەلالیان، سێپیدە قولیان، نەسرین ستوودە، گۆڵڕوخ ئیرایی، ڕەیحانە ئەنسارینەژاد، جلوە جەواهێری و دەیان کەسی دیکە، هەروا بێبەزییانە لە زیندانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدان. لەمڕووەوە گومان لەوەدا نییە کە بەخشینی خەڵاتی ئاشتی بە نەرگس محەممەدی، بە هەر مەبەست و هۆکارێکەوە بووبێت، گوزارشتە لە کاریگەری جیهانی دەیان ساڵەی خەباتی ژنان و کچان لەدژی ئاپارتایدی دینی، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیو فیداکاری و گیانبازی ئەو ژن و پیاوانەی کە لە پێناو ئازادی و بەرابەری و دێموکراسی لە ئێراندا گیانی خۆیان بەخت کرد.

لەو ڕووە کە نەرگس محەممەدی نەک هەر ساڵانێکی دوور و درێژ زیندانیی سیاسی کۆماری ئیسلامی بووە، بەڵکوو هەرئێستاش لە لایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە بەدیل گیراوە، بەخشینی ئەم خەڵاتە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کە پرسی هەزاران زیندانی سیاسی و هەڵسووڕاوانێکی بێشوماری دەستبەسەرکراو لە ئێران، جارێکی دیکە ببێتە ڕۆژەڤ و جێگەی سەرنجی بیروڕای گشتی جیهانی و ببێت بە هەوڵێکی جیهانی لەپێناو ئازادی زیندانیانی سیاسی لە ئێران. بە دڵنیاییەوە ئەم خەڵاتە کۆمەک دەکات بە پەرەسەندن و بەربڵاوتربوونی دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی خەباتی قارەمانانەی ژنانی ئێران و لەمەڕ لەقاودانی ڕژیمی فاشیستی کۆماری ئیسلامیش کاریگەر دەبێت.

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر)

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

هەینی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ / ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣