پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەری و مافخوازانەی موعەلیمان بکەین “شوڕای هاوئاهەنگی ڕێكخراوه فەرهەنگییەکانی ئێران” لە ڕاگەیاندنێکدا کە ڕێکەوتی چوارشەممە ١٨ ی مانگی ڕەزبەر بڵاو بۆتەوە، داوایان لە سهرجهم مامۆستایان و فەرهەنگیەکان لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا کردووە تا لە ناڕەزایەتیی بە گرانی، تەوەڕوم دابەزینی بێ وێنەی توانایی کڕینی موعەلیمان لە ڕۆژەکانی یەکشەممە و دووشهممه ٢٢ و ٢٣ی ڕهزبەر لە دەفتەری مەدرەسەکاندا مانبگرن و لە چوون بۆسەر کلاسەکانی دەرس خۆ بپارێزن.
لەم بانگەوازەدا هاتووە:” ئێستا کە گرانی و تەوەڕومی هەوسار پچڕاو و توانایی کڕینی مامۆستایان وەک زۆربەی زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا گەلێک دابەزیوە، ئاموزش و پەروەرش هەزینەکەی زۆر بووە، و مەجلیس و دەوڵەت نەیانتوانیوە بۆ سفرەی بەتاڵی فەرهەنگییەکانی خانهنشین و لەسەرکار و باشترکردنی بارودۆخی ئاموزش چارەسەرێک بدۆزنەوە، کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمەش ناڕەزایەتییەکانمان سەبارەت بەم بارودۆخە شپرزەیەی ئاموزش و پەروەرش نیشان بدەین. ئەمەش هەموان هەستیان کردووە کە وەزاڕەتی ئاموزش و پەروەرش وەک بەرپرسی ئەم کۆمەڵە گەورە چەند ملیۆنیە،… بەجێگای ئەوەی سەرنج بداتە کەیفیەتی ئاموزش و پەروەرش و بەڕێچوونی مامۆستایان، ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر بەرەو بەپوڵی کردنی ئاموزش و هەژار کردنی موعەلیمان هەنگاو دەنێ.” لەم بانگەوازەدا وێڕای ئاماژە بە تاڵان کرانی سندوقی زەخیرەی فەرهەنگیان و ئەو دزیانەی کە لە نیزامی ئاموزش و پەوەرشدا کراون، وەبیریان هێناوەتەوە کە:” ناوەندە ئەمنییەتییەکان و قوەی قەزاییە بە جێگای بەرخورد بە دز و گەندەڵەکانی نێو کۆمەڵگا، هەڕەشە لە مامۆستایانی مافخواز و عەدالهت تەڵەب دەکەن، تەبعیدیان دەکەن، لەسەر کار دەریان دەکەن و تەنانەت دەشیانخەنە زیندانەوە.” لەم بانگەوازەدا هەروەها وێڕای هۆشداری بە هێزەکانی حەراسەت و ناوەندە ئەمنییەتییەکان سەبارەت بە دواهاتەکانی بەرخوردی پۆلیسی و ئەمنییەتی ڕاگەیەندراوە کە ئەگەر بێت و بە خێرایی وڵامی داخوازییەکانی مامۆستایان نەدرێتەوە، ئەوان ئاستی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانیان لە مانگی خەزەڵوەردا بە شێوەیەکی بەرین تر دەرێژە پێ ئەدەن.
قۆناغی نوێی خەباتی سەرتاسەری مامۆستایانی ئێران لە بارودۆخێکدا دەست پێ دەکات کە قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری و دابەزینی بەرچاوی ئەرزشی پوڵی نێوخۆیی لە بەرانبەر دۆلار و باقی ئەرزە خاریجیەکاندا بە شێوەیەکی کارەساتبار توانایی کڕینی کرێکاران و مووچه خورانی ئاسایی بە شوێنەوە بووە و ئاستی تەوەڕوم و هەژاری و بێکاری گەیشتۆتە ئاستێکی غەیرە قابیلی تەحەمول. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە حاڵێکدا کە بەشێوەی بەردەوام هەزینە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی و دخاڵەت گەریە نیزامیەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە زیاتر دەکات، بە ئاشکرا خۆی لە دابین کردنی ژیانی بەملیۆن مامۆستا و بنەماڵەکانیان دەدزێتەوە. مامۆستایانی ئێران لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا بە خەباتی خۆیان نیشانیان داوە کە ئیدیعای فریوکارانەی کاربەدەستانی ڕژیم کە دەیانەوێ بە بیانوی کەم بوونی بودجەوە، یان تەحریمە ئابوورییەکان هەزینەی قورسی قەیرانی ئابووری و بەرەپێش چوونی بەرنامە نیئۆلیبڕاڵییەکانی بەسەر شانی کرێکاران و مامۆستایان و توێژی هەژاری کۆمەڵگادا بدات، قەبول ناکەن. لەبەر ئەوەی بە بەرچاوی خۆیانەوە شایهتی دزرانی بە ملیاردی سەروەتە گشتییەکانی وڵاتن. ئەوان دەبینن کە ڕۆژانە کەمینەیەک لە سەرمایەداران و حکومەتیە دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەند تر دەبن.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی چوار دەیە لە حاکمیەتیدا ئەگەر لە لایەکەوە بە دخاڵەت دانی مەزهەب لە کاروباری ئاموزش و پەروەرشدا هەوڵی داوە تا مەدرەسە و زانکۆکان بکاتە ناوەندی جەهل و خورافەی مەزهەبی، لەلایەکی دیکەوە بە دخاڵەتە پۆلیسییەکانی لە ناوەندەکانی ئاموزش و پەروەرش و پاکسازیە سیاسی و ئیدئۆلۆژیەکانی و خستنە ژێر گوشاری ژیان و بەڕێچوونی مامۆستایانی ئێران و بە ئامادە سازییەکان، گورزێکی قەرەبوو نەکراوی لە بابەتی ئاموزش و پەروەرش لەم کۆمەڵگایەدا داوە. لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە مامۆستایانی دڵسۆز و چالاک، خۆشناو، سیکۆلار و تێکۆشەر، وەک دوژمن چاویان لێدەکرێت. تا ئیستا ڕژیم ژمارەیەکی زۆر لەوانی بەم تاوانە تەسفیە کردووە و لە کار و لە چەرخەی ئاموزش و پەروەرش دەری هاویشتون و خستونیەتە گۆشەی زیندان.
ڕێکخستن و بەرپا کردنی مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرهەنگیان لە بارودۆخێکدا کە مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران ٢١ ڕۆژە درێژەی هەیە و ڕۆژانەش شایهتی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانین، بەشێک لە ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتی بەرینە کە لەدژی بارودۆخی نابەسامانی ئابووری و هەژاری و فەلاکەتێک کە بەسەر مامۆستایان و کرێکاران و توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگادا داسەپاوە. بێ گومان مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان لە بارودۆخی ئێستادا کاریگەری لەسەر فەزای کۆمەڵگا دهبێت و بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لەدژی کۆماری ئیسلامیش دهباتە پێشێ. حیزبی كۆمۆنیستی ئێران لە مانگرتن و تەحەسونی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرهەنگیەکان لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە ٢٢ و ٢٣ی مانگی ڕەزبەر پشتیوانی دەکات و داوا لە کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەر دەکات لە هەر ڕێگایەکەوە بۆیان دەکرێت پشتیوانی لەم مانگرتنە سەرتاسەریە بکەن و هەوڵ بۆ به سەرکەوتن گهیاندنی.
كومیتهی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٧
١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨