ڕاگەیاندنی دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
لە ڕەتکردنەوەی بانگەشە بێبنەماکان سەبارەت بە وەرگرتنی چەک لە ئەمریکا
دوابەدوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەبارەت بە ناردنی چەک بۆ ناوخۆی ئێران لە ڕێگەی هێزە کوردییەکانەوە، دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بە پێویستی دەزانێت هەڵوێستی ڕوون و هەمیشەیی خۆی جارێکی دیکە ڕابگەیەنێت.
کۆمەڵە لە درێژەی مێژووی خەباتی خۆیدا لەدژی کۆماری ئیسلامی و لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و مافەکانی خەڵکی چەوساوەی کوردستان، لە بەرامبەر خەباتی مەدەنی، ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا، سیاسەتێکی ڕوون، بەرپرسانە و ئاشکرای هەبووە. ئێمە بەردەوام لەسەر ڕێکخستنی خەڵکی تێکۆشەر لە خوارەوە، پشت بەستن بە جووڵانەوە وشیارانە، ڕێکخراو و ئامانجدارە جەماوەرییەکان و خۆبواردن لە میلیتاریزەکردنی کەشوهەوای خەباتی سیاسی کوردستان جەختمان کردووەتەوە. ئێمە بەردەوام جەختمان لەسەر ئەو ڕاستییە کردووەتەوە کە خەباتی جەماوەر هەرچی زیاتر بە هێزی وشیاری و ڕێکخراوەیی خۆی پشت ئەستوور بێت، بەو ئەندازەیەش توانای مانۆڕی هێزە سەرکوتگەرەکان سنووردارتر دەبێت و ئەگەری هێرش و دەستدرێژی بۆسەر ڕیزەکانی جەماوەر کەم دەبێتەوە. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ئەزموونێکی دەوڵەمەند لە دەیان ساڵ خەبات، ڕێگەی پڕ هەوراز و نشێوی ئەم نەبەردەیان بەباشی ناسیوە. ئەوان دەزانن کە هێزی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە، نەک لە پڕۆژە سەپێنراوەکانی زلهێزە جیهانییەکان، بەڵکوو لە هێزی ڕێکخراوی خودی خەڵک، لە ناڕەزایەتیی وشیارانە و لە حزووری سەربەخۆ و پشتبەستوو بە ئیرادەی جەماوەردایە. کۆمەڵە ڕێک لەسەر ئەم بنەمایە ناسراوە، متمانەی بەدەست هێناوە و هێزی لێ وەرگرتووە.
لەمڕووەوە ئێمە بە توندی ئیدیعای وەرگرتنی هەر جۆرە چەک، یارمەتی، پشتیوانی یان هەماهەنگییەکی سیاسی ـ ئەمنییەتی لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە ڕەت دەکەینەوە. کۆمەڵە نەک تەنیا لە بارودۆخی ئێستادا، بەڵکوو لە هیچ کات و قۆناغێکدا و لەژێر هیچ ناوێکدا، نە بەشێک بووە لە پڕۆژەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران و نە بچووکترین هەماهەنگییەکی لەگەڵ ئەم پڕۆژانەدا هەبووە. ئەمە هەڵوێستێکی تاکتیکی و کاتی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ناسنامەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕانەی ئێمە.
کۆمەڵە بزووتنەوەیەکی خاوەن جێگە و پێگەیەی جەماوەرییە لە ناو جەرگەی ئازار و خۆڕاگریی و ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستاندا. مەشروعییەت و متمانەی ئەم ڕێکخراوە، نە لە ژوورە فکرییەکانی دەوڵەتە بیانییەکان، نە لە پەیوەندییە ژێربەژێرەکان و نە لە سات و سەودا ئەمنییەکان، بەڵکوو لە متمانەی جەماوەر، لە پەیوەندی لەگەڵ کرێکاران، ژنان، لاوان و زەحمەتکێشانی کوردستان و سوور بوون و پێداگری لەسەر نەریتی سەربەخۆ و ئازادیخوازانەی خەباتی شۆڕشگێڕانەوە، سەرچاوەی گرتووە.
دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی
٦ی ئاوریلی ٢٠٢٦ی زایینی
