کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردن لە کوردستان

photo 2022 02 01 12 43 08

کرێکاران، خەڵکی زەحمەتکێش!

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئسیلامی شەپۆلێکی نوێیان لە دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران وەڕێ خستووە. هاوکات ناوەندە سەرکوتگەرەکان هەوڵ دەدەن خواست و داخوازیی ڕەوای خەڵک لە چوارچێوەی “هەوڵدان دژبە ئەمنییەتی نەتەوەیی” پێناسە بکەن، تا چالاکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بە “ئەمنییەتی” لەقەڵەم بدەن. لە نوێترین سێناریۆدا، وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە یەکێک لە کاناڵە تێلێگرامییەکانی خۆی لەژێرناوی “ڕەخنە نیووز” دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە سەبارەت بە “شەعبان محەممەدی” ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، لەژێرناوی ئەوەیکە “شەعبان محەممەدی هێزی نهێنیی تەشکیلاتی کۆمەڵەیە”.

کۆمەڵە وێڕای پشتیوانی لە هەموو بەندکراوانی سیاسی، چالاکانی کرێکاری، مامۆستایان، ژنان و هەموو ئازادیخوازان و عەداڵەت تەڵەبان و وێڕای ناواقعی پێناسەکردنی ئەم ئیدیعایەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم، بە مەبەستی ڕوونکردنەوە، گەڵاڵەکردنی خاڵەکانی خوارەوە بەپێویست دەزانێت:

١ – ڕەوشت، سیاسەت و شێوەی چالاکیی کۆمەڵە لەپێوەند لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا ڕوونە و بەچڕوپڕی لەمبارەوە نووسراو و وتراوە. ئەو کەسایەتییە خەباتکارانەی کە دەکەونە سەرووی ئەم بزووتنەوانە، چالاکانێکی سەربەخۆن کە بوێرانە لە مەیدانی چالاکیی ئاشکرادا دەست دەدەنە دیفاع لە مافە پێشێلکراوەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراو. دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی نیسبەتدانی درۆیینی هەبوونی پەیوەندیی ڕێکخراوەیی بەم خەباتکارانە هەوڵ دەدەن ئەوان لە درێژەدانی ڕێگاکەیان پاشگەز بکەن.

٢ – وەزارەتی ئیتلاعات، ترس و خۆفی خۆی لە سەراسەری بوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، یەکگرتووانە بەڕێوەچووە و فەزای کۆمەڵگەی بۆ ناڕەزایەتیی بەرینتر ئامادە کردووە، ناشارێتەوە. هەربۆیە بۆ تێکشکاندنی ئەم یەکگرتوویی و هاوپشتییە و هەروەها بۆ ڕێگری لە ڕادیکاڵ بوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، کردەوەگەلێکی خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە کە تەراحیی سووختە و موستەنەدسازی لەو زومرەی ئەو هەوڵانەن. ڕژیم هەوڵ دەدات بە نیسبەت دانی ئەم جەعلییاتە، چالاکانی مەدەنی لە ناوەندە قەزاییەکاندا مەحکووم بکات.

کرێکاران! خەڵکی زەحمەتکێش!

بڵاوبوونەوەی وەها هەواڵێک لە میدیا مەجازییەکانی ڕژیم، بەتایبەت ناوەندێکی سەرکوتگەری وەک وەزارەتی ئیتلاعات حەقیقەتێک بۆ خەڵک ڕوون دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە کە ڕژیم توانای سەرکوتی بێسنووری خۆی لەدەست داوە، دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ناوەندە سەرکوتگەرەکان، ئیتر ئاسان نییە و گران تەواو دەبێت.  ئەمجۆرە هەوڵانە نەتەنیا چالاکان، بنەماڵەکان و خەڵکی ناڕازی چاوترسێن ناکات، بەڵکوو هێزی خۆڕاگریی ئەوان لە پێداگری لەسەر خواستە ڕەواکانیان زیاتر دەکات. ئەوەیکە ڕژیم وا لێدەکات کە ئەم جەعلییاتە وەسەریەک بخات، خۆی نیشانەی بەهێزبوونی بزووتنەوی مامۆستایان و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستایە لە کوردستان و گشت ئێران.

کۆمەڵە سوورە لەسەر ئارمانە سۆسیالیستییەکانی و  خۆی لە خەڵک بەجیا نازانێت و لە پێگەی خەڵکەوە بە گەرمی لە بزووتنەوەی مافخوازانەی مامۆستایان و چالاکانی ئەم بزووتنەوەیە پشتیوانی دەکات. دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەوایە و هیچ ناوەندێکی قەزایی ئەم ڕژیمە، سەلاحییەتی بەدواداچوونی پەروەندەی ئەم چالاکانەی نییە.

کۆمەڵە داوا لە جەماوەری خەڵک دەکات چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکانی سیاسیی بەندکراو بەتەنیا نەهێڵنەوە و یار و یاوەر و پشتیوانیان بن.

دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی